دیمانه: شه‌هرام عه‌بدوڵڵا
عه‌بدوڵڵا موهته‌دی سكرتێری گشتی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێری زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران، له‌م چاوپێكه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه، كاریگه‌ری گه‌مارۆ ئابوورییه‌كانی وڵاتانی 5+1 له‌سه‌ر ئێران، ده‌وری لۆبی خاوه‌ن نفوزی فارس له‌و رووه‌وه‌و له خۆرئاوا هه‌روه‌ها جێگه‌و پێگه‌ی رێكخراوه مه‌ده‌نییه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی كوردستان له سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی ئه‌و پارچه‌یه‌ی كوردستان لێكده‌داته‌وه، هه‌روه‌ك پێكهێنانی به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتووی كوردستانی له بارودۆخی ئیسَتادا زیاتر له هه‌میشه به پێویست ده‌زانێت.
* له ناوخۆی ئێران‌دا خه‌ڵكانێكی وه‌كو ریفۆرمخوازان‌و كۆمه‌ڵی رووناكبیران‌و هه‌ڵسوڕاوی مهدهنیو كرێكاریی به شێوازی جۆراوجۆر به‌رهه‌ڵستی حكومه‌ت ده‌بنه‌وه، هه‌ندێكجار تا راده‌یه‌ك كه به‌ره‌و رووی سزای زیندانیكردن‌و له‌سێداره‌دانیش ده‌بنه‌وه، باڵی محافزكاری ده‌سه‌ڵاتدار پێیوایه ئه‌وانه ده‌یانه‌وێت له ئێران‌دا شۆڕشی مه‌خمه‌ڵی به‌رپابكه‌ن، به‌شێكیش له ئۆپۆزسیۆن به دارده‌ستی حكومه‌تیان دهزانێتو سه‌رجه‌م هه‌وڵه‌كانیان به سیناریۆی ده‌سه‌ڵاتی ئێران وه‌سف ده‌كات، ئێوه خوێندنه‌وه‌تان بۆیان چییه‌و ده‌ورو كاریگه‌رییان چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
عه‌بدوڵڵا موهته‌دی: پێموایه هه‌رچی ئیسڵاحخوازانی ده‌وڵه‌تییه به شكستێك كه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی خولی هه‌شته‌می مه‌جلیسی شورای ئیسلامی‌دا تووشی هاتن، بزماری تابوتیان كوترا، وه‌كو باڵێكی كاریگه‌ر له ده‌سه‌ڵاتدا ئیدی كۆتاییان پێهاتووه‌و كاریان ته‌واوبووه، به‌ڵام بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تی‌و مه‌ده‌نییه‌كان له ئێران نه‌ك هه‌ر شتێكی ده‌ستكرد نین، به‌ڵكو من به جوڵانه‌وه‌یه‌كی رهسهنو راسته‌قینه‌ی ناخی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێرانیان دهزانمو به هۆكاری گۆڕانكاریی گه‌وره‌ی ئێرانیان ده‌بینم، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه نییه هه‌رچی ئه‌و بزووتنه‌وانه دهیڵێنو ده‌یكه‌ن هه‌مووی چاكه، ئه‌زموونی مێژوو پیشانی ده‌دات كه بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌تایبه‌تی له وڵاتێكی دیكتاتۆریی وه‌كو ئێران‌دا، ره‌نگه ناخالیسیو ناساغیشیان تێكهوێتو ره‌نگه هه‌ندێك فۆرمولاسیۆنی ناڕێك‌و زمانی لهنگو ڵاڵیشیان له به‌یانی داخوازییه‌كانی خۆیاندا هه‌بێت، ره‌نگه جاری وایه به حوكمی زه‌برو زه‌نگی ده‌سه‌ڵات تووشی سازان‌و سه‌ردانه‌واندن ببن، به‌ڵام به هه‌موو ئه‌م كهموكوڕییانهشهوه ئه‌مانه‌ن ئه‌و هۆكاره گه‌ورانه‌ی كه ده‌بێت گۆڕانكاریی داهاتووی ئێران له‌وانه‌وه سه‌رهه‌ڵبدات، بۆیه به ئه‌ركی خۆمان‌و ئۆپۆزسیۆنێكی راسته‌قینه‌ی شۆڕشگێڕ‌و دیموكراسیخوازو به‌تایبه‌تی چه‌پیشی ده‌زانین كه پشتگیری‌یان بكات، هه‌وڵیان له‌گه‌ڵ بدات‌و دهستو هۆشی پێیانه‌وه بێت، په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ په‌یدابكات، هه‌وڵبدات له‌گه‌ڵ یه‌كتری زمانی هاوبه‌ش بدۆزنه‌وه‌و كه‌موكوڕییه‌كانیان پێ بڵێت‌و له هه‌مانكاتدا له ئه‌زموونه‌كه‌یان ده‌رس وه‌ربگرێت، چونكه حیزبی سیاسی ده‌بێت له بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان‌و خه‌باته جه‌ماوه‌رییه‌كان ده‌رس وه‌ربگرێت، خۆ حیزبه‌كان هه‌ر دانه‌نراون بۆ ئه‌وه‌ی كه نه‌سیحه‌تی خه‌ڵك بكه‌ن، ده‌بێت شتیشیان لێ فێربن، له هه‌رحاڵدا ئه‌مه په‌یوه‌ندییه‌كی دوو لایه‌نه‌یه‌و زۆر بڕوام پێیه‌تی، واته پێموایه به‌بێ ئه‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆنی شۆڕشگێڕ، له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تی‌و مه‌ده‌نییه‌كانی ناوخۆی ئێران‌دا لینك دروستبكات‌و له‌گه‌ڵ یه‌كتر هاوپه‌یوه‌ندیی پێك بهێنن، نه حیزبه‌كان ده‌توانن ئه‌و ره‌گه‌ی پێویسته دایبكوتنو ئه‌و كاریگه‌رییه‌ی پێویسته له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌كه دایبنێن، نه بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش ده‌توانن ئه‌و ئاسۆ فراوان‌و به‌رینه‌ی كه پێویسته بیانبێت، ئه‌ركی ئێمه ئه‌وه‌یه كاریگه‌ریمان له‌سه‌ر ئه‌و گوتاره هه‌بێت كه ئه‌وان هه‌ڵیده‌بژێرن، به‌ڵام ئه‌وه به بێزو بۆ كردن لێیان به‌ده‌ست نایه‌ت، به تێكهڵبوونو هاوكاریكردن لهگهڵیانو خزمه‌ت پێكردنیانو له هه‌مانكاتدا به ده‌ستنیشانكردنی كهموكوڕییهكانو دانی ئاسۆیه‌كی روونتر پێیان به‌ده‌ست دێت، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه به‌و مانایه نییه كه كۆماری ئیسلامیش كه‌سی دیاریكراوی خۆی له‌ناویاندا نییه، ئه‌و هه‌وڵده‌دات خه‌ڵكی خۆی له هه‌موو شوێنێكدا بچێنێت یان بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ری به‌سه‌ریانه‌وه بێت، بێگومان ئه‌وه هه‌وڵێكی كۆماری ئیسلامییه، به‌ڵام نابێته هۆی ئه‌وه‌ی كه ئه‌وان گرنگییان نهبێتو له ره‌سه‌نایه‌تیی بكه‌ون.
*بارودۆخی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی خه‌ڵك له ناوخۆداو له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی چۆن ههڵدهسهنگێننو سیاسه‌تی گشتی‌و روو به خه‌ڵكی حیزبه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی كوردستان چۆن لێكده‌دنه‌وه؟
عه‌بدوڵڵا موهته‌دی: یه‌كێك له دۆستانی خۆم كه له ئێرانه‌و پێكه‌وه په‌یوه‌ندیمان هه‌یه، باسی دوو هۆكاری ده‌كرد له ئێران‌و به‌تایبه‌تی له كوردستانیش، ده‌یگوت خه‌ڵك ناڕازین‌و به هیچ جۆرێك كۆماری ئیسلامی‌یان ناوێت، به‌ڵام دوو هۆكار هه‌ن كه پێشیان پێده‌گرێت: ترس‌و برس، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه كه ئابووریی ئێران به راستی له حاڵی داته‌پیندایه، گرانییو بێكاریی ئێجگار زۆره، به‌ڕێچوون زۆر زۆر له جاران زهحمهتو زه‌حمه‌تتره، جگه له توێژێكی زۆر كه‌می كۆمه‌ڵگه نه‌بێت، ته‌نانه‌ت چینی ناوه‌ندییش ورده ورده خه‌ریكه ژیانی خۆی له ده‌ست ده‌دات، له‌به‌رئه‌وه مه‌سه‌له‌ی ژیان، نان، برسییهتیو كار، مۆته‌كه‌یه‌كی گه‌وره‌ن به‌سه‌ر ئێرانه‌وه‌و هه‌موو كه‌سی نوقمی خۆی كردووه، ئه‌مه بارودۆخێكه پێویسته لێی به‌ئاگابین، دووه‌م له‌م ماوه‌ی ئه‌و دوو ساڵ‌و چه‌ند مانگه‌دا كه ئهحمهدینهژاد له‌سه‌ر كاره، سیاسه‌تی زه‌برو زه‌نگ نواندن، سیاسه‌تی لێدان‌و گرتن‌و كوشتن، سیاسه‌تی ئه‌شكه‌نجه‌و بێ سه‌روشوێنكردن، سیاسه‌تی ترساندن‌و تۆقاندن، ئێجگار په‌ره‌ی سه‌ندووه، هه‌روه‌كو ده‌زانن زۆرێك رۆژنامه داخراوه‌و ژماره‌یه‌كی زۆر چالاكیی كرێكاریی‌و خه‌باتی ژنان‌و هه‌ڵسوڕاوی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی زۆر له جاران زیاتر كه‌وتوونه‌ته ژێر فشاره‌وه، جا له كوردستان به‌تایبه‌تی ئه‌مه زۆر به خه‌ستی دیاره، به راستی حكومه‌ت فشارێكی زۆر گه‌وره‌ی خستووه‌ته سه‌ر كوردستان، ئه‌م دووانه واته ههژاریو برسییهتیو بێكاریی له‌لایه‌كه‌وه، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه زیادكردنی فشاری زه‌برو زه‌نگی دیكتاتۆری دوو هۆكارن كه ده‌بێت له ئێستای كوردستاندا بیانبینین، به‌ڵام به هه‌موو ئه‌وانه‌شه‌وه هێشتا سایكۆلۆژیای سهردانهواندنو ته‌سلیم له خه‌ڵكی كوردستانی ئێران‌دا نابینرێت، ئه‌وه زۆر جێگه‌ی خۆشحاڵییه كه وه‌ستانه‌وه‌و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌و ملنهدانو كۆڵنه‌دان ئێستایش له كوردستانی خۆرهه‌ڵات سایكۆلۆژیای زاڵه، ئه‌مه ئه‌و شته‌یه كه ده‌بێت كاری له‌سه‌ر بكرێت‌و حیزبه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و بناغه‌یه دهتواننو ده‌بێت كاربكه‌ن، به‌داخه‌وه كه‌موكوڕیی گه‌وره له‌م بواره‌دا نه‌بوونی به‌ره‌یه‌كی كوردستانی پته‌وه، كه ساڵی رابردوو له‌و رووه‌وه بۆ حیزبه‌كان‌و بۆ یه‌كگرتوویی بزووتنه‌وه‌ی كورد ساڵێكی خۆش نه‌بوو، هیوادارم ساڵی داهاتوو له‌و باره‌یه‌وه ساڵێكی خۆشتر بێت. من پێموایه مه‌سه‌له‌ی به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتوو و پته‌وو خه‌باتكاری كوردستانی پێویستییه‌كه له هه‌میشه زیاتر.
*به رای ئێوه گه‌مارۆ ئابوورییه‌كانی وڵاتانی 5+1 له‌سه‌ر ئێران چه‌نده جدییه‌و تا چ راده‌یه‌ك كار ده‌كاته سه‌ر بارودۆخی ئابووریی‌و پێگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی ئه‌و وڵاته، پێتانوایه به‌رده‌وامبوونی گه‌مارۆكان به چی به‌ستراوه‌ته‌وه‌و سیاسه‌تی په‌رچه‌كردارانه یان با بڵێین سیاسه‌تی پێشگیرانه‌ی ئێران له‌و رووه‌وه چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
عه‌بدوڵڵا موهته‌دی: له‌سه‌ر كاریگه‌ریی گه‌مارۆ ئابوورییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش بۆ سه‌ر ئێران، زۆر لێكۆڵینه‌وه كراوه، ئه‌وه‌ی كه به كورتی لێره‌دا بتوانم بیڵێمو ئه‌وه‌نده‌ی چووبێتمه ناو باسه‌كه‌وه، پێموایه كاریگه‌رییه‌كی زۆریان بووه‌و له داهاتوودا كاریگه‌ریی زۆر زیاتریشیان ده‌بێت، ئابووریی ئێران به راستی له‌وانه ئێشی پێدهگاتو ناتوانێت خۆی لێ ببوێرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه ئێران چ په‌رچه‌كردارێكی بووه‌و چۆن هه‌وڵده‌دات به‌رامبه‌ریان بوه‌ستێته‌وه، ئێران كۆمه‌ڵێك هه‌وڵیداوه: یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه كه هه‌وڵیداوه به فێڵبازیی مالی خۆی له‌ژێر ده‌ستی پشكنین‌و چاودێرییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش‌و بڕیارنامه‌كه‌ی بدزێته‌وه‌و دانوستان‌و بازرگانییه‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌ك بكات كه ئه‌وان پێی نه‌زانن، به‌و جۆره ئاسانكارییه‌ك بۆ خۆی دابین بكات‌و له‌و رووه‌وه پشوویه‌ك بدات، جگه له‌وه بۆ بازرگانیكردن هه‌وڵیداوه وڵاتانی دیكه بدۆزێته‌وه، جا یان به‌شێوه‌ی راسته‌وخۆ یان وه‌كو ترانزێت به‌كاریان بهێنێت، بۆ نموونه وه‌كو دوبه‌ی. ناتوانین بڵێن ئه‌و هه‌وڵانه هیچ كاریگه‌رییان نییه، دیاره ئه‌وانه‌ش كاریگه‌ریی دیاریكراویان ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌و هه‌وڵانه خۆی دیسان هه‌وڵی تری له‌لایه‌ن ئهمریكاو ئه‌وروپاوه به‌دوادا هاتووه، ئه‌وانیش هه‌وڵیانداوه ئه‌و كه‌لێنانه‌ش كه هه‌یه له ئێرانی بگرن، به جۆرێك كه نه‌توانێت له‌و كه‌لێنانه كه‌ڵك وهربگرێتو له‌وێوه كارئاسانی بۆ خۆی بكات، به‌ڵام به بڕوای من گه‌وره‌ترین هۆكاری ئه‌وه‌ی كه ئێران توانیویه‌تی تا ئێستا له به‌رامبه‌ر ئه‌م گه‌مارۆ ئابوورییانهو ئه‌م تهنگو چه‌ڵه‌مه ئابوورییه‌دا خۆی رابگرێت، نرخی زۆر به‌رزو بێوێنه‌ی نه‌وته له بازاڕی جیهانیدا، نرخی سه‌د دۆلار‌و زیاتر له سه‌د دۆلاری یه‌ك به‌رمیل نه‌وت، ئه‌و هۆكاره سه‌ره‌كییه‌یه كه ده‌وڵه‌تی ئێرانی له باری ئابوورییه‌وه له‌سه‌ر پێی خۆی راگرتووه. به‌رده‌وامبوونی گه‌مارۆكانیش به‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه كه ئێران ده‌ست له پیتاندنی یۆرانیۆم هه‌ڵبگرێت، كه هیچ نیشانه‌یه‌ك له‌و رووه‌وه به‌رچاو ناكه‌وێت، هه‌رچه‌نده كۆمه‌ڵێك راپۆرت هه‌ن، كه ده‌ڵێن گوایه ئێران‌و ئه‌مریكا له بنه‌وه خه‌ریكی وتووێژێكنو ئێران له‌و وتووێژانه‌دا ئاماده‌بووه بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێت، به مه‌رجێك، كه ئه‌مریكاش ده‌ست له سیاسه‌تی فشارهێنان بۆ ده‌وڵه‌تی ئێران یان گۆڕانی رژێمه‌كه‌ی هه‌ڵبگرێت‌و گه‌ره‌نتییه‌ك بدات بۆ له‌سه‌ر كار مانه‌وه‌ی رژێمی كۆماری ئیسلامی، ئه‌مه چه‌نده راست یان ناڕاسته، بۆ كه‌س روون نییه.
لێكدانه‌وه‌ی من ئه‌وه‌یه كه وتووێژهكانیش به نامومكین نازانم، به‌ڵام سازانیان به دوور ده‌بینم، زۆر به زه‌حمه‌تی ده‌بینم ئێران‌و ئه‌مریكا له ئێستادا بتوانن رێككه‌ون، چونكه له راستیدا پێموانییه ئێران ده‌ست له پیتاندنی یۆرانیۆم هه‌ڵبگرێت، ده‌ست له‌وه‌ش هه‌ڵبگرێت ده‌ست له سیاسه‌ته‌كانی دیكه‌ی وه‌كو داڵده‌دان‌و پشتگیریكردنی تیرۆریزم له هه‌موو ناوچه‌كه‌و سیاسه‌تی دژایه‌تیكردن‌و نابودكردنی ئیسرائیل‌و به‌هێزكردن‌و پشتگیریكردنی حهماسو حیزبوڵڵا‌و تێكدانی ئهمنو ئاسایشی عێراق‌و باوه‌شێنكردنی ئیسلامی سیاسی‌و به‌گژ ئه‌مریكادا كردنه‌وه‌ی هه‌ڵناگرێت، به‌ڵام له هه‌رحاڵدا ئه‌وه‌ی كه راگه‌یه‌نراوه مه‌رجی ده‌ستهه‌ڵگرتنی كۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی له سزا ئابوورییه‌كان، ده‌ستهه‌ڵگرتنی ئێرانه له پیتاندنی یۆرانیۆم، دیاره ئێران بۆ خۆی پێیوایه ئه‌گه‌ر ده‌ست له‌وه‌ش هه‌ڵبگرێت ئینجا ئهمریكاو كۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی چاوه‌ڕوانی دیكه‌ی لێ ده‌هێننه ئاراوه، كه منیش پێموایه هه‌ر به‌و شێوه‌یه ده‌بێت، واته دواتر كه ئێران ده‌ستی له ئه‌تۆم هه‌ڵگرت، ناتوانێت هه‌موو رۆژێك ئه‌و قسانه ده‌رباره‌ی سڕینه‌وه‌ی ئیسرائیل له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی دنیا بكات، ناتوانێت ئه‌و هه‌موو ساروخه بدات به حیزبوڵڵای لوبنان، كه به‌و جۆره‌ی سه‌رچاوه ئیسرائیلییه‌كان ده‌یڵێن ئێستا حیزبوڵڵا له باری ژماره‌ی ساروخهوه ته‌یاره به سێ ئه‌وه‌نده‌ی جاران‌و ساروخی دوور هاوێژتریشی له به‌رده‌ستدایه، كه‌واته دنیا چۆن ده‌توانێت ئه‌مه قبوڵ بكات، ئه‌و هۆكارانه زۆر به یه‌كه‌وه به‌ستراونه‌ته‌وه، بۆیه ئه‌و سازان‌و رێككه‌وتنه به شتێكی ئاسان نابینم.
* ماوه‌یه‌كه هه‌وڵی جدییو راشكاوانه‌ی لۆبی ناسیۆنالیستی فارس، كه له خۆرئاوا خاوه‌ن توانا‌و به نفوزیشن، بۆ قه‌ناعه‌ت پێهێنانی ئهمریكاو هێزه‌كانی دیكه‌ی خۆرئاوا كه‌وتووه‌ته گه‌ڕه‌وه، به‌وه‌ی كه رازییان بكه‌ن ئێرانێكی به‌هێزو ده‌سه‌ڵاتدار (ئه‌تۆمیی) نه‌ك هه‌ر بۆ ئه‌وان مه‌ترسیدار نابێت، به‌ڵكو ده‌توانێت هاوپه‌یمانێكی باشیش بێت له ناوچه‌كه‌دا، كه ئێرانیش سه‌ره‌ڕای كێشه دێرینه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌و لۆبییهدا، به ئاشكرا به‌ره‌و پیریه‌وه چووه، نموونه‌ی دیاری ئه‌م هه‌وڵانه دانیشتنه‌كه‌ی دكتۆر هوشه‌نگی ئه‌میر ئه‌حمه‌دییه، له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌دی‌نه‌ژاد‌و له دوایین سه‌ردانیدا بۆ ئه‌مریكا، ئه‌میر ئه‌حمه‌دی كه له ئه‌مریكا كه‌سایه‌تییه‌كی خاوه‌ن نفوزه، پێشتر له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه به ره‌سمی وه‌ك هۆكاری سه‌ره‌كی رێكخستنی خۆپیشاندانه‌كانی زانكۆی تاران ناسراو خوێندكاران به تۆمه‌تی په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ئه‌ودا دادگایی ده‌كران، به‌ڵام وه‌كو ده‌رده‌كه‌وێت به‌هۆی مه‌ترسیی جدیی پارچه پارچه بوونی ئێران له ئه‌نجامی هێرشه گریمانه‌ییه‌كه‌ی ئه‌مریكادا، له‌گه‌ڵ ئهحمهدینهژاد دادهنیشێتو ئامۆژگاریی ده‌كات كه چۆن وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران كار له‌سه‌ر باوه‌ڕهێنانی ئه‌مریكا بكات به مه‌ترسیدار نه‌بوونی ئێرانێكی به‌هێز، به له‌به‌رچاوگرتنی كێشه‌ی بنه‌ڕه‌تی خۆرئاوا له‌گه‌ڵ فه‌نده‌مێنتالیزمی ئیسلامی ناوچه‌كه، كه ئێران به سه‌رچاوه‌ی جۆری شیعه‌كه‌ی ناسراوه، ئه‌م هه‌وڵانه تا چ راده‌یه‌ك ده‌توانن سه‌ركه‌وتووبن؟
عه‌بدوڵڵا موهته‌دی: له په‌یوه‌ند له‌گه‌ڵ ئێران‌و ئهمریكاو لۆبییه‌ك كه له‌مباره‌یه‌وه هه‌یه، پێموایه ده‌بێت دوو- سێ خاڵ له‌به‌رچاو بگرین: یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه كه ئه‌حمه‌دی‌نه‌ژاد‌و باڵی خامینهییو ئه‌وانه‌ی زووتر به‌ناوی محافزكارو ئێستا به‌ناوی ئوسولگه‌را ناسراون، زۆر به توندی دژی ئه‌وه بوون كه له سه‌رده‌می خاته‌میدا نزیكایه‌تی‌و گفتوگۆیه‌ك له‌نێوان ئێران‌و ئه‌مریكادا سازبكرێت، به ته‌واوی مانا ده‌ستی خاته‌مییان له‌و بواره‌دا به‌ستو فشارێكی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر دانا، ئه‌گه‌ر له بیرتان بێت له سه‌رده‌می سه‌رۆك كۆماری كلینتۆندا، خانمی مادلین ئاڵبرایت كه وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بوو، به خاتری ئه‌و ده‌وره‌ی كه ئه‌مریكا له كۆده‌تای ساڵی 1953دا بووی كه دكتۆر موسه‌دیقی لابرد‌و شای هێنایه‌وه سه‌ر كار، داوای لێبوردنی له خه‌ڵكی ئێران كرد‌و ئه‌وه‌ی وه‌ك هه‌ڵه‌یه‌ك ناوبرد، بۆیه ئه‌مریكا له‌لایه‌ن خۆیه‌وه هه‌وڵیدا، به‌ڵام له‌ناو ئێران‌دا محافزكارهكان ئه‌وكات به هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌یانهێشت شتێكی له‌و چه‌شنه سه‌ربگرێت، دیاره ئه‌مه به‌و مانایه نییه كه محافزكارهكان نایه‌نه‌وێت له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا وتووێژ بكه‌ن، به‌ڵكو ئه‌وان نایانه‌وێت ده‌ستپێشخه‌ریی ئه‌و كاره جگه له خۆیان به‌ده‌ست كه‌سێكی دیكه‌وه بێت، كه‌وابێت ئێمه ده‌بێت له سایكۆلۆژیاو له سیاسه‌تی محافزكارانی ئێران‌دا ئه‌وه بناسین، ئه‌وان نایانه‌وێت وا له‌قه‌ڵه‌م بده‌ن كه خه‌ڵكی تر له ده‌سه‌ڵاتدا هه‌یه‌و لایه‌نگری نزیكی‌و دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكایه، هه‌ر كه‌س بۆ به‌ره‌و ئه‌وه بێت، ئه‌وان ده‌ستی پێ كورت ده‌كه‌نه‌وه‌و رێگه‌ی ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ی لێده‌گرن كه گرتیشیان، به‌ڵام خۆیان زۆر ئاسووده‌و به ئاسانی ده‌توانن له‌گه‌ڵ ئه‌مریكاش دانوستان بكه‌ن. دووه‌م ئه‌وه راسته كه زۆرێك لۆبی ئێرانی‌و لۆبی فارس هه‌وڵده‌ده‌ن سازانێك له‌نێوان ئێران‌و ئه‌مریكادا پێك بهێنن، به‌ڵام لۆبی دیكه‌ش هه‌یه به‌پێچه‌وانه ئه‌وه به مه‌ترسیی داده‌نێت كه ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ ئێران سازانێك بكات، بۆیه هه‌وڵده‌دات ئه‌مریكا له‌و سازانه دووربخاته‌وه، له راستیدا هه‌ردوو جۆره لۆبییه‌كه له‌ناو فارسهكاندا هه‌یه، كه ره‌نگه هه‌ردووكیان له‌وه‌دا یه‌ك بگرنه‌وه كه نابێت ئێران پارچه پارچه بكرێت، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وان شتێكی نائاسایی نییه.
خاڵی سێیه‌م تایبه‌ته به دكتۆر هوشه‌نگی ئه‌میر ئه‌حمه‌دی كه هه‌م مامۆستای زانكۆیه له ئه‌مریكا، هه‌م سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نێكی ئێرانی- ئه‌مریكاییه، ئه‌مه كه‌سێكه زۆر له كۆنه‌وه هه‌وڵده‌دات بۆ پێكهێنانی ئێران‌و ئه‌مریكا، زۆر كه‌س پێیوایه ئه‌و سه‌ر به كۆمپانییه نه‌وتییه‌كانی ئه‌مریكایه تا سه‌ر به لۆبییه‌كی ئێرانی بێت، بۆ ناسینی زۆرتری هوشه‌نگی ئه‌میر ئهحمهدیو ئه‌و كارانه‌ی كه كردوویهتیو ئه‌و لۆبییه‌ی كه ده‌یكات‌و سه‌ری به كوێوه‌یه، پێموایه ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی كه له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه به‌ناوی حه‌سه‌نی داعیولئیسلام كراوه له‌سه‌ر سایته‌كانیش هه‌یه، ده‌توانێت زۆر تیشك بخاته سه‌ر هوشه‌نگی ئه‌میر ئهحمهدیو كاره گومانلێكراوه‌كانی كه به ته‌واوی مانا پشتیوانی له كۆماری ئیسلامیی ده‌كات، به‌ڵام به گشتی ناكرێت هه‌موو كه‌س وه‌كو ئه‌و له‌قه‌ڵه‌م بدرێت، هوشه‌نگی ئه‌میر ئهحمهدیو كه‌سی وه‌كو ئه‌ویش هه‌ن، به‌ڵام هه‌موو لۆبی ئێرانی له‌و چه‌شنه نین، با بڵێم ئه‌وه‌ش بۆ خۆی كه‌موكوڕییه‌كه كه كورد له ئهمریكاشو له ئه‌وروپاش لۆبییه‌كی ئه‌وتۆی نییه كاریگه‌ری هه‌بێت له‌سه‌ر رووداوه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، دیاره له ئێستادا كورد له‌چاو جارانی خۆی جێگه‌و پێگه‌یه‌كی زۆر زیاتری هه‌یه، به‌ڵام به راستی ئه‌مه‌ش یه‌كێك له كه‌موكوڕییه‌كانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی كورده كه بتوانێت ده‌وری ههبێتو شت به‌رپه‌رچ بداته‌وه‌و راستییه‌كان ئاشكرابكات.
پرۆفایل
- ساڵی 1949 له شاری بۆكان- ی خۆرهه‌ڵاتی كوردستان له‌دایك بووه.
- ماسته‌ری ئیداره‌و ئابووری له زانكۆی تاران وه‌رگرتووه‌و به‌هۆی كاری سیاسی ده‌ستی له خوێندنی دكتۆرای په‌ره‌سه‌ندنی ئابووری له زانكۆی به‌ریتانیا هه‌ڵگرتووه.
- 1969 یه‌كێك له دامه‌زرێنه‌رانو ئه‌ندامی یه‌كه‌مین سه‌ركردایه‌تی نهێنی كۆمه‌ڵه بووه.
- یه‌كه‌مین سكرتێری گشتی كۆمه‌ڵه بووه.