Print
 
 گه‌ڕانه‌وه‌ی نوێنه‌رانی كورد

له‌ ئینگلیزییه‌وه‌: كاروان حه‌یده‌ری

بڕیاری پارتی ئاشتی و دیموكراسی (به‌ده‌په‌) بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان رێگا له‌ به‌رده‌م پێویستی سیاسه‌تی مه‌ده‌نیانه‌ خۆش ده‌كات. ئه‌م بڕیاره‌ بۆ هه‌ندێك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌و پارته‌ قورس بو، چونكه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ تائێستاش پێیان وایه‌ ده‌نگیان له‌ په‌رله‌ماندا نابیسرێت و پارتی ده‌سه‌ڵاتدار، كه‌ خاوه‌نی زۆرینه‌یه‌ له‌ په‌رله‌مان، ته‌نانه‌ت گرنگی به‌ خواست و داواكارییه‌كانی به‌ده‌په‌ نادات.

به‌ده‌په‌ چانسی ئه‌وه‌ی نه‌بو كه‌ وه‌كو گروپێكی فشار له‌ ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان مامه‌ڵه‌ بكات له‌به‌ر دو هۆی سه‌ره‌كی: یه‌كه‌م، پارتی كرێكارانی كوردستان، په‌كه‌كه‌، هێرشه‌ سه‌ربازییه‌كانی چركردۆته‌وه‌. له‌ حاڵه‌تێكی وه‌ها توندوتیژدا، كارێكی قورسه‌ كار بكه‌یته‌ سه‌ر بڕیار به‌ده‌سته‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان.

هۆكاری دوه‌م ئه‌وه‌ راستییه‌یه‌ كه‌ به‌ده‌په‌ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ گشتییه‌كاندا كردوه‌. وه‌كو هه‌ر پارتێكی تری توركیا، به‌ده‌په‌ش كه‌مپینی هه‌ڵبژاردنه‌كانی خۆی خسته‌كاره‌وه‌ و كاندیده‌كانی خۆی دیاریكردو داوای ده‌نگی هاوڵاتیانی كرد. به‌هۆی ئه‌م لۆژیكه‌وه‌، خه‌ڵك پشتیوانیان له‌م پارته‌ كردو بروایان وابو كه‌ ده‌توانێت نوێنه‌رایه‌تیان له‌ په‌رله‌ماندا بكات. پێیان وابو كاندیده‌كانیان ده‌چنه‌ په‌رله‌مان موچه‌ وه‌رده‌گرن و له‌ ماف و حه‌سانه‌كانی په‌رله‌مان سودمه‌ند ده‌بن.

به‌شداریكردن له‌ چالاكییه‌كانی په‌رله‌مان واته‌ هه‌ڵگرتنی چه‌ند به‌رپرسیارێتییه‌ك. هه‌ر پارتێكی سیاسی و نوێنه‌رێك چه‌ند ئامانجێكی سه‌ره‌كی خۆی هه‌یه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ژێر چه‌تری په‌رله‌ماندا ده‌بێت هه‌ریه‌كێك ره‌چاوی ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌وی تریان بكات. په‌رله‌مان پلاتفۆرمێكه‌ كه‌ تێیدا نوێنه‌رانی هه‌مو ناوچه‌كانی وڵات ده‌یانه‌وێت ده‌نگیان تێیدا ببیسرێت له‌ لایه‌ن ئه‌وانی تره‌وه‌. هه‌ر له‌ سه‌رده‌می یۆنانی كۆنه‌وه‌ به‌م شێوه‌یه‌ بوه‌.

كاتێك خه‌ڵكانێك سه‌ره‌ڕای هه‌ڵگرتنی ئامانجی سه‌ره‌كی خۆیانه‌وه‌ پێویسته‌ به‌یه‌كه‌وه‌ كاربكه‌ن، دانوستان و گفتوگۆكردن ده‌بێته‌ به‌شێكی گرنگ و له‌م كاته‌شدا نوێنه‌ره‌كان پێویسته‌ بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بده‌ن كه‌ چ كێشه‌یه‌ك زۆرترین كاریگه‌ری له‌سه‌ر دانیشتوان هه‌یه‌. به‌شێوه‌یه‌كی تر، پێویسته‌ له‌سه‌ر چه‌ند كێشه‌یه‌كی هاوبه‌ش رازی بن و چاره‌سه‌ری بكه‌ن. ده‌ستپێكردنی هه‌وڵێكی له‌م جۆره‌ نیوه‌ی چاره‌سه‌ره‌كه‌یه‌.

دڵنیا بون له‌وه‌ی كه‌ كورده‌كان ئاگادارن له‌ كێشه‌ی گروپه‌كانی تر شتێكی گرنگه‌ بۆ چاره‌سه‌رێكی دیموكراسیانه‌ بۆ كێشه‌ی كورد. هۆكاری سه‌ره‌كی له‌پشت هه‌ر كێشه‌یه‌كی توركیا، به‌ كێشه‌ی كوردیشه‌وه‌، بریتییه‌ له‌ نه‌بونی پێكهاته‌یه‌كی دیموكراسی. ئه‌وه‌ راستییه‌كه‌ كه‌ ده‌بێت ئیداره‌ی ناوخۆ چاكسازی تێدا بكرێت، چونكه‌ پێویسته‌ زیاتر شه‌فاف، دادپه‌روه‌ر، كراوه‌، كارامه‌و دیموكراسیانه‌تر بێت. ئایا هه‌مان شت ده‌رباره‌ی زانكۆكانیش راست نییه‌؟ دادگایی سیاسی و كه‌یسی ئیش و كارو بازرگانی بۆ چه‌ندان ساڵ درێژه‌یان كێشاوه‌. زۆرێك له‌ خه‌ڵك ئازار ده‌چێژن به‌هۆی تاوانباركردنیان به‌ تاوانی سیاسی دژی ده‌وڵه‌ت، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا پێویسته‌ ئه‌وه‌ش بزانین كه‌ ده‌وڵه‌ت به‌رپرس نییه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی كه‌ روبه‌ڕوی كێشه‌ی دارایی، بۆ نمونه‌ وه‌كو باجدان.

پێویسته‌ ئێمه‌ سیسته‌مێك به‌رپا بكه‌ین كه‌ مافه‌ بنچینه‌ییه‌كانی كورد ده‌سته‌به‌ر بكات، له‌به‌رئه‌وه‌ی مافی خۆیانه‌ نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی داوای ده‌كه‌ن. ئه‌م سیسته‌مه‌ پێویسته‌ مافی گروپه‌كانی تریش به‌هه‌مان شێوه‌ بپارێزێت. له‌به‌رئه‌وه‌ی كێشه‌ی كورد له‌ توركیا په‌یوه‌سته‌ به‌ كێشه‌ی دیموكراسییه‌وه‌، رێگایه‌كی له‌یه‌ك گه‌یشتن بۆ ئه‌م كه‌یسه‌ پێویسته‌. په‌رله‌مان باشترین شوێنه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌.

با هیوا بخوازین كه‌ هه‌ر نوێنه‌رێك ئه‌وه‌ بزانێت كه‌ پێویسته‌ په‌رله‌مان كراوه‌ بێت بۆ هه‌مو ئایدۆلۆژیاو پێشنیارێك. نوێنه‌ری پارته‌كانی تر ده‌بێت له‌وه‌ دڵنیابن كه‌ كورده‌كان په‌شیمان نه‌بنه‌وه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ په‌رله‌مان. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ش گرنگه‌ بزانرێت كه‌ ئاخۆ كورده‌كان له‌ خۆرهه‌ڵاتی ده‌ریای ناوه‌راست چۆن بیرده‌كه‌نه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ی غه‌ززه‌و په‌یوه‌نده‌كانی توركیا له‌گه‌ڵ ئازه‌ربایجان. ئه‌مانه‌ش به‌شێكن له‌ تاقیكردنه‌وه‌كه‌.    

سه‌رچاوه‌: توده‌یس زه‌مانی توركی
 

Sunday, October 2, 2011
Sbeiy.com © 2007 - 2009