Print
 هه‌ولێر؛ له‌لایه‌ن بازگه‌کانی پارتییه‌وه‌ رێگریکرا له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی خوێندکاران و ده‌وامی زانکۆ له‌لایه‌ن یه‌کێتی قوتابیانه‌وه‌ راگیراوه‌
Thursday, March 3, 2011

(سبه‌ی):
راگه‌یاندن و بڕیاره‌که‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زاستی حکومه‌تی هه‌رێم سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ده‌وامی زانکۆ و په‌یمانگاکان له‌هه‌ولێر و شاره‌کانی دیکه‌ ئاساییه‌، به‌ڵام له‌لایه‌ن یه‌کێتی قوتابیانی پارتییه‌وه‌ ئه‌و بڕیاره‌ ره‌تده‌کرێته‌وه‌و رایده‌گه‌یه‌نن، که‌ ئه‌وان ده‌وامیان له‌شاری هه‌ولێر راگرتوه‌.
پاش ئه‌وه‌ی به‌بڕیاری یه‌کێتی قوتابیانی سه‌ر به‌ پارتی ده‌وامی سه‌رجه‌م زانکۆ و په‌یمانگاکانی هه‌ولێر تاوه‌کو 1/4 راگیراو ئه‌و خوێندکارانه‌ی بۆ خوێندنیش له‌و شاره‌ بون نێردرانه‌وه‌، دوێنێ (هه‌ینی) وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا رایگه‌یاند، "ئه‌و هه‌واڵه‌ ره‌تده‌که‌ینه‌وه‌و هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ ده‌وامی فه‌رمی له‌ ته‌واوی زانكۆ و په‌یمانگاكان و دام و ده‌زگاكانی خوێندنی باڵا راده‌گه‌یه‌نین".
دوای ئه‌و راگه‌یاندنه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای هه‌رێم، سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ (شه‌ممه‌) ژماره‌یه‌کی زۆری خوێندکاران بۆ درێژه‌دان به‌ خوێندن به‌ڕێکه‌وتن به‌ره‌و شاری هه‌ولێر، به‌ڵام له‌لایه‌ن بازگه‌کانی پارتییه‌وه‌ رێگرییان لێکراو پێیان راگه‌یاندن، که‌ خوێندن راگیراوه‌و رێگه‌ ناده‌ین خوێندکارانی شاره‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌ولێر بچنه‌ ئه‌و شاره‌وه‌.
هاوکات به‌پێی لێدوانی ژماره‌یه‌ک له‌و خوێندکارانه‌ی رێگرییان لێکراوه‌، ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌کرد که‌ په‌یوه‌ندییان به‌ نوێنه‌رانی یه‌کێتی قوتابیانه‌وه‌ کردوه‌و ئه‌وانیش لای خۆیانه‌وه‌ پێیان وتون؛ ده‌وام به‌بڕیاری ئه‌وان راگیراوه‌ و رێگه‌ش به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی هیچ خوێندکارێک ناده‌ن، پێشیان وتون "ئه‌گه‌ر خوێندکارانی پارێزگای سلێمانی بچنه‌ هه‌ولێره‌وه‌ خوێن ده‌ڕێژرێت".
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ (سبه‌ی) په‌یوه‌ندی کرد به‌ به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاوه‌، به‌ڵام که‌س ئاماده‌ نه‌بو لێدوان بدات، له‌کاتێکدا وه‌زیری خوێندنی باڵا له‌ سلێمانییه‌، تائێستا هیچ لێدوانێکیان له‌وباره‌یه‌وه‌ نه‌داوه‌.

Sbeiy.com © 2007