Print
 هه‌مدیسان، ئاژاوه‌گێڕ یان گه‌روی ناڕه‌زایی؟
Thursday, March 3, 2011

 خاڵه‌ به‌کر
ئه‌مڕۆ سه‌نگه‌ری گه‌لانی ئازادیخواز له‌سه‌رجه‌م پانتایی ئه‌م جیهانه‌دا خۆپیشاندانه، له‌پێناو وه‌دیهێنان و به‌رجه‌سته‌ کردنی ئه‌و ماف و داخوازیانه‌ی که‌ڕۆژ به‌ڕۆژ زۆر به‌ڕونی و به‌ئاشکرا قۆرخ ده‌کرێت له‌لایه‌ن ئه‌و سیسته‌م و ده‌سه‌ڵاته‌ی که ‌به‌شێوه‌یه‌کی ناعادیلانه‌ حوکمی ده‌کات و به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، ئه‌و ماف و داخوازیانه‌ش که‌خۆی له ‌به‌ موئه‌سه‌سات کردنی دامو ده‌زگاکانی ده‌وڵه‌تدا ده‌بینێته‌وه‌، وێڕای ئه‌مه‌ش بێ شک ده‌بێت خۆی له‌یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی سیاسی و ئابوری و فه‌راهه‌م کردنی خزمه‌تگوزاریه‌ ژیاریه‌کانی ئینسان سه‌قامگیر بکات و خۆی تیا ببینێته‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ی که‌ده‌بێت سه‌رجه‌م بواره‌کانی ژیانی ئینسان به‌ره‌و ئاقاری گه‌شه‌ کردو تر به‌رێت نه‌ک به‌پێچه‌وانه‌وه‌، ئازادخوازه‌ په‌روه‌ره‌کانی کوردستانه‌که‌م چه‌ندین ساڵه‌ سه‌بری ئه‌یوبی هه‌یه‌و چی تر ئه‌و سه‌بره‌ی نه‌ماو تێکڕا شه‌قامیان کرد به‌سه‌کۆی داخوازیه‌ ره‌واکانیان و پڕ به‌گه‌رو بڕوخێ بێده‌نگیان کرده‌ دروشم و شه‌قامیش پێگه‌ی به‌رگری، که ‌ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تاییترین مافه‌ و به‌هێزترین چه‌کی مه‌ده‌نیانه‌یه‌ به‌ره‌و روی ده‌سه‌ڵاتێک که چه‌ندین ساڵه‌ ‌به‌ئاره‌زوی خۆیان موقده‌رات و ئاره‌ق رشتن و ماندوبونی ئه‌م گه‌له‌ سته‌مدیده‌ و به‌ئه‌مه‌ک و به‌جه‌رگه‌ی کوردستانه‌که‌می به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرت و چینێکی باڵا و چینێکی تاسه‌ر ئێسک خواروی خوڵقان، وێڕای ئه‌وه‌ش به‌و هه‌مو ده‌نگه‌ ناڕازیه‌ش ده‌ڵێت ئاژاوه‌گێڕو گێره‌شێوێن و تێکده‌ر، به‌ڵام ئه‌و ده‌مه‌ی که وه‌چه‌ی ئه‌و ده‌نگه‌ ناڕازیه‌ی ‌راپه‌ڕینی سه‌رتاسه‌ریان به‌رپا کرد له‌به‌هاری نه‌وه‌دو یه‌کدا دژ به ‌ده‌سه‌ڵاتی ئاگر و ئاسنی به‌عس شۆڕشگێڕ بون و ئێستاش تێکده‌ر.

ئه‌و ده‌مه‌ی کچه‌ خونچه‌کانی شاره‌که‌م و گه‌نجه‌ خوێن گه‌رمه‌کانی شاره‌که‌م به‌بێ سڵه‌مینه‌وه‌ له‌ده‌زگا داپڵۆسێنه‌ره‌کانی به‌عس گۆڕه‌پانی ئاماده‌ییه‌کان و شه‌قامه‌کانیان ده‌هه‌ژاند شۆڕشگێڕ بون و ئێستاش گێره‌شێوێن و ئاژاوه‌گێر، که‌ئه‌مه‌ لۆجیک و مه‌فهومێکی زۆر ترسنۆکانه‌یه‌ سه‌رانی ده‌سه‌ڵاتی خێڵه‌کی ده‌یخاته‌ پاڵ خه‌ڵکانی شۆڕشگێڕ و به‌رهه‌ڵستکار و جگه‌ر گۆشه‌کانمان خه‌ڵتانی خوێن ده‌کات و شه‌هیدیان ده‌کات، داخوازی گه‌نج و مێرد منداڵ و پیر و سه‌رجه‌م توێژی شه‌قامی کوردستان ته‌نها له‌پێناو وه‌دیهێنانی ئازادی و خۆشگوزه‌رانی و فه‌راهه‌م کردنی ئاینده‌یه‌کی دور له‌ناعه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و دور له‌سه‌پاندنی ئیراده‌ی حیزبی به‌سه‌ر سه‌رجه‌م دامو ده‌زگاکانی کوردستانا و ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ به‌هه‌ده‌ر دانی سه‌روه‌ت و سامانی وڵاتیش که‌لای هه‌مو تاکێکی کورد ئاشکرایه‌ به‌ چ شێوه‌یه‌ک بۆ بودجه‌ی حیزبایه‌تی خۆیان خه‌رج ده‌کرێت و به‌کارده‌هێنرێت.

جێی سه‌رسوڕمانه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مڕۆکه‌ی کوردستان چه‌ندین ماندونه‌ناسی کوردستانه‌که‌میان نانبڕاو کردوه‌ و ده‌سه‌ڵاتیش ده‌یه‌وێت ئه‌و که‌سانه‌ و کوڕو کچه‌کانیان بێ ده‌نگ بن و ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی هه‌ڵنه‌بڕن و پڕ به‌گه‌رو هاوار نه‌که‌ن گۆڕانکاریمان ده‌وێت، نان بڕین و موچه‌ بڕین مانای بێ به‌ری کردنی ئینسان له‌هه‌مو پێداویستیه‌کی ژیانی رۆژانه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌م نانبڕاوانه‌ له‌سه‌ردمی رژێمی به‌عسا خه‌ڵکانی تێکۆشه‌ر و شۆڕشگێر بون و رۆح و گیانیان هه‌میشه‌ له‌ناو له‌پی ده‌ستیانا بوه‌و له‌دائیره‌و داموده‌زگانی به‌عسا فه‌رمانبه‌ر بون و موچه‌خۆر بون و زۆر له‌ که‌لوپه‌ل و ئامێری دائیره‌کانیان بۆ کاری شۆڕشگێرانه‌ی خۆیان به‌کارده‌هێنا هه‌ر له‌ وه‌ره‌قه ‌و تایپ و ستێنسڵ و ...هتد پاشان که‌ له‌لایه‌ن رژێمه‌وه‌ ئاشکرا ده‌کران و ده‌ستگیر ده‌کران و راپێچ ده‌کران به‌ره‌و ده‌زگا داپڵۆسێنه‌ره‌کان نانبڕاو نه‌ده‌کران بگره‌ تا له‌ته‌وقیفا ده‌بون ئه‌و رژێمی به‌عسه‌ نانبڕاوی نه‌ده‌کردن و نیوه‌ موچه‌ی ئه‌دا به‌خێزانه‌که‌ی و(سحب الید)ی ده‌کردن، به‌ڵام لای ده‌سه‌ڵاتدارانی کودستانه‌که‌م بێ قه‌یدوشه‌رت سێداره‌ی برسێتی بۆ خۆی و مناڵ و خێزانی هه‌ڵواسی ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ده‌سه‌ڵاتی کوردی وت چیتر پێت ناڵێم به‌ڵێ، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێت خه‌ڵک بێ ده‌نگ بێت و به‌هیچ شێوه‌یه‌ک لێو له‌لێو نه‌ترازێنن و گه‌ر ترازانیشی به‌ئاژاوه‌گێڕ و گێره‌شوێنی ره‌وشی هه‌رێمه‌که‌ ناوزه‌ندی ده‌کات.

هوشیاری و هۆشمه‌ندی لاوانی کوردستانه‌که‌م له‌ئاستێکدایه‌ چیتر ده‌سه‌ڵات به‌رگه‌ی ته‌وه‌ژمی شۆڕشگێڕانه‌ی باهۆزی گۆڕانی سه‌رتاسه‌ری ناگرێت، ئیدی له‌مه‌ودوا شه‌قام سه‌نگه‌ری به‌رگریه‌ بۆ گۆڕانێکی سه‌رتاسه‌ری، شه‌قامی کوردستانه‌که‌م چیتر ئه‌وه‌ی پێ قبوڵ نیه‌ سه‌روه‌ت و سامانه‌که‌ی به‌هه‌ده‌رو فیڕۆ بڕوات‌ و له‌ خزمه‌تگوزاریه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی ژیان بێ به‌ش بێت. ئه‌مڕۆکه‌ ته‌وژمی گۆڕان به‌ڕیوه‌یه ‌و هیچ هێزێک ناتوانێت به‌ره‌و ڕوی هێز و ئیراده‌ی گه‌ل ببێته‌وه. له‌هه‌موشی سه‌یر تر ئه‌وه‌یه‌ ده‌سه‌ڵات و حیزبی خێڵه‌کی وا ده‌زانێت گۆرانی بۆ که‌ڕ ده‌ڵێت و بۆ کوێریش هه‌ڵده‌په‌ڕێت، ئیدی ئه‌و زه‌من و رۆژگاره‌ به‌سه‌رچو که‌ به‌ناو سه‌رکردایه‌تیه‌کان و بنکردایه‌تێکان و مه‌کته‌به‌ سیاسیه‌کان گه‌لی کورد به‌مێگه‌ل بزانن و چۆنیان بوێت له‌ له‌وه‌ڕگایان بنێنن.

Sbeiy.com © 2007