Print
  حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌یه‌وێت رۆژانه‌ یه‌ك ملیۆن به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌مبهێنێت
Wednesday, December 5, 2007

 
  حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌یه‌وێت رۆژانه‌ یه‌ك ملیۆن به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌مبهێنێت

 (رۆژنامه‌ی‌ رێبازی‌ ئازادی‌):
 سه‌باره‌ت به‌ ده‌رهێنانی‌ نه‌وت، به‌غدا هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات، حكومه‌تی‌ هه‌رێمیش به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ر ده‌رهێنانی‌ نه‌وت و جێگری‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ سه‌ردانی‌ به‌غدا و هه‌ولێر ده‌كات
دكتۆر عه‌بدوڵا غه‌فوور پسپۆڕ و شاره‌زا له‌ بواری‌ نه‌وتدا: كوردستان ده‌توانێت (7،9%)ی‌ كۆی‌ گشتی‌ نه‌وتی‌ ئۆپیك، (3،227)ملیۆن به‌رمیل نه‌وت له‌ رۆژێكدا به‌رهه‌مبهێنێت




 ده‌رهێنانی‌ نه‌وت له‌ كوردستان

سه‌ره‌ڕای‌ كێشه‌ و قه‌یرانه‌كانی‌ نێوان توركیا و حكومه‌تی‌ هه‌رێم، توركیا نیگه‌رانیی‌ خۆی‌ له‌وه‌ نیشاندا كه‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت هاوكاریی‌ كورده‌كان بكات و ده‌یه‌وێت (50)ملیار به‌رمیل نه‌وتی‌ یه‌ده‌گی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ ده‌كاته‌ (4%)ی‌ كۆی‌ گشتی‌ نه‌وتی‌ یه‌ده‌گی‌ جیهان بخاته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ كورده‌وه‌ و رێگا خۆش بكات به‌ هاوكاری‌ ئیسرائیل بۆ دروستكردنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردیی‌.
له‌ دواین كێشه‌ی‌ نێوان كورد و حكومه‌تی‌ عیراق، به‌ زۆرینه‌ی‌ ده‌نگ جگه‌ له‌ ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ باڵای‌ ئیسلامی‌ دژی‌ هه‌موو گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانی‌ وڵاتانی‌ دنیا و لێدوانه‌ یه‌ك له‌دوای‌ یه‌كه‌كانی‌ حسێن شه‌هرستانی‌ وه‌زیری‌ نه‌وتی‌ عیراق دژی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ یاسایی نین و رێگایان پێ نادات هێنده‌ی‌ تر قه‌یرانه‌كانی‌ نێوان هه‌ردوو وڵاتی‌ قووڵتر كرد.

 بۆچوونی‌ نوێنه‌رانی‌ پارله‌مانتاری‌ كورد له‌ به‌غدا

سه‌باره‌ت به‌ مه‌سه‌له‌ی‌ نه‌وت و ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی‌ به‌م دواییه‌ ئیمزا كراون له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌ و كاردانه‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ عیراق و وه‌زاره‌تی‌ نه‌وت له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌، د.مه‌حمود عوسمان ئه‌ندامی‌ پارله‌مانی‌ عیراق وتی‌:"ئه‌و لێدوانانه‌ی‌ كه‌ به‌م دواییه‌ حسێن شه‌هرستانی‌ داویه‌تی‌ له‌سه‌ر ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، ئه‌وانه‌ بۆچوونی‌ خۆی و وه‌زاره‌ته‌كه‌ی‌ نییه‌ به‌ ته‌نها، به‌ڵكو ئه‌وه‌ تێڕوانینی‌ حكومه‌تی‌ عیراقه‌، بۆیه‌ ده‌بێت خه‌ڵك واتێنه‌گات كه‌ ئه‌مانه‌ بۆچوونی‌ خۆی‌ بن، به‌ڵكو پێشتر راوێژیان كردووه‌ و رایانگه‌یاندووه‌ كه‌وا كوردستان مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ نییه‌ ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ ئیمزا بكات و د.مه‌حمود وتیشی‌: "ئێمه‌ش وه‌كو لایه‌نی‌ كوردی‌ پێمان وتوون كه‌وا باشترین شت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ بخرێته‌ به‌رده‌م دادگای‌ ده‌ستووری‌ باڵا و ئه‌و بڕیاری‌ لێبدات كه‌ كێ مافێتی‌ و كێش مافی‌ نییه‌، بیگه‌ڕێنینه‌وه‌ بۆ ده‌ستوور.
هه‌روه‌ها له‌ وه‌ڵامی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌مه‌ریكا به‌نیازه‌ (50) ملیار به‌رمیل نه‌وتی‌ یه‌ده‌گ بخاته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ و تاچه‌ند ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌وا ئه‌مه‌ریكا به‌شێوه‌یه‌كی‌ دیكه‌ پشتگیری‌ له‌ كورده‌كان ده‌كات تا ده‌وڵه‌تێكی‌ كوردیی‌ بۆ دروستبكات و سه‌ره‌تای‌ هه‌نگاوه‌كان بێت؟
د.مه‌حمود عوسمان وتی: "له‌ راستیدا شتی وام نه‌بیستووه‌ كه‌وا ئه‌مه‌ریكا به‌م شێوه‌یه‌ پشتگیری‌ له‌ كورد بكات و له‌ مه‌سه‌له‌ی‌ ده‌رهێنانی‌ نه‌وت له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و بیه‌وێت ئه‌مه‌ بكات به‌ هه‌نگاوێك بۆ دروستبوونی‌ ده‌وڵه‌ت كه‌ خۆت ئاماژه‌ت پێكرد، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی‌ روونكرده‌وه‌ كه‌وا به‌پێی ده‌ستووری‌ عیراقی‌ نه‌وت له‌ عیراقدا موڵكی‌ هه‌موو عیراقییه‌كه‌ و ئه‌وه‌ش چه‌سپاوه‌ كه‌ داهاته‌كه‌ی‌ ده‌بێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ مه‌ركه‌زی‌ و دواتر دابه‌شبكرێته‌وه‌ به‌سه‌ر عیراقییه‌كان خۆیاندا.
 
 حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌یه‌وێت رۆژانه‌ یه‌ك ملیۆن به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌مبهێنێت
حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ سه‌ر زاری‌ ئاشتی‌ هه‌ورامی‌ وه‌زیری‌ سامانی‌ سروشتی‌ رایگه‌یاند: "مه‌به‌ست له‌و گرێبه‌ستانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌خوازێت ئاستی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ له‌و كێڵگه‌ نه‌وتییانه‌ رۆژانه‌ بگاته‌ یه‌ك ملیۆن به‌رمیل"، هه‌ورامی‌ ئه‌وه‌شی‌ وت: "زۆر كۆمپانیا چاوه‌ڕێی گرێبه‌ستن له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا".
نێچیره‌ڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تیش له‌مباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند: "(7)گرێبه‌ستی‌ نوێمان مۆر كرد، كێڵگه‌كانی‌ مه‌لا هۆمه‌ر و شۆڕش كه‌ ده‌كه‌ونه‌ هه‌ولێر رووبه‌ری‌ هه‌ردووكیان (806كم2)یه‌ ده‌درێت به‌ كۆمپانیای‌ (OMV )ئه‌وروپی‌ و هه‌روه‌ها كێڵگه‌ی‌ ئاكرێ كه‌ سه‌ر به‌ دهۆكه‌ رووبه‌ره‌كه‌ی‌ (889كم2)یه‌ دراوه‌ته‌ كۆمپانیای‌ (كسلێگرنی‌ هه‌نگاری‌)، كێڵگه‌ی‌ شێخان كه‌ رووبه‌ره‌كه‌ی‌ (283كم2)یه‌ دراوه‌ته‌ كۆمپانیایه‌كی‌ ئه‌مه‌ریكی‌ و كێڵگه‌یه‌كی‌ تریش كه‌ رووبه‌ره‌كه‌ی‌ (1124كم2)یه‌ دراوه‌ته‌ كۆمپانیایه‌كی‌ تری‌ ئه‌مه‌ریكی‌، جگه‌ له‌وه‌ی‌ كۆمپانیایه‌كی‌ خۆرئاوایی له‌ دهۆك كه‌ رووبه‌ری‌ (1226كم2)ی‌ مافی‌ ده‌رهێنانی‌ نه‌وتی‌  پێ دراوه‌.
سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت ئه‌وه‌شی‌ راگه‌یاند: "سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وانه‌ چاوده‌خشێندرێته‌وه‌ به‌پێی ئه‌و گرێبه‌سته‌ی‌ له‌گه‌ڵ پێنج كۆمپانیای‌ تری‌ ناوخۆیی و خۆرئاوایی گرێدراون"، ئاشتی‌ هه‌ورامی‌ سه‌باره‌ت به‌و كۆمپانیا بیانییانه‌ی‌ له‌ كوردستانن وتی‌: " (20) كۆمپانیای‌ بیانی‌ ئێستا له‌ كوردستان كارده‌كه‌ن و (24) كێڵگه‌ی‌ تریش ئاماده‌ن بدرێنه‌ كۆمپانیای‌ تری‌ بیانی‌.

 گرێبه‌ستی‌ نه‌وتی‌ پێوه‌ر شكێن له‌ كوردستان

مانگی‌ رابردوو حكومه‌تی‌ هه‌رێم گه‌وره‌ترین گرێبه‌ستی‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی‌ هیندی‌ به‌ ناوی‌ (ویلایانست ئینده‌ستری‌)مۆر كرد و مافی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ نه‌وتی‌ دایه‌ ئه‌و كۆمپانیا ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌رێژه‌ی‌ (15%)له‌ كاتێكدا به‌ پێی پێوه‌ری‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ته‌نها (7% و 9%)ده‌درێته‌ كۆمپانیای‌ به‌رهه‌مهێن، كه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی‌ كه‌سێكی‌ هیندییه‌ و ئێستا یه‌كه‌م ملیاردێری‌ جیهانه‌، داهاتی‌ ئه‌و (موكێش ئامبانی‌)خاوه‌نی‌ ئه‌و كۆمپانیا نه‌وتییه‌ گه‌یشته‌ (63،2)ملیار دۆلاره‌.

 به‌رهه‌مهێنانی‌ (40) كێڵگه‌ نه‌وتی‌ تر له‌ كوردستان
سه‌باره‌ت به‌ گرێبه‌ست و كۆنتاكته‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ ده‌رهێنان و پشكنینی بیره‌ نه‌وته‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، جه‌ماڵ عه‌بدوڵا وته‌بێژی‌ ره‌سمی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم پێی‌ راگه‌یاندین"كه‌ له‌ كوردستان (40)شوێن بۆ به‌رهه‌مهێنانی‌ نه‌وت دیاریكراوه‌ و وتیشی‌ له‌لایه‌ن چه‌ندین كۆمپانیای‌ ناوخۆیی و بیانییه‌وه‌ كاره‌كان ئه‌نجام ده‌درێن، ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ش كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ كۆمپانیا بیانییه‌كاندا ئیمزای‌ كردووه‌ بریتییه‌ له‌ پێنج گرێبه‌ست له‌ كێڵگه‌كانی‌ سه‌نگاو و هه‌ولێر و ئه‌تروش و سه‌رسه‌نگ، كه‌ له‌ رۆژی‌ (12/11/2007)  له‌ هه‌ولێر ئیمزا كراوه‌  له‌گه‌ڵ پێنج كۆمپانیا، كه‌ بریتین له‌ كۆمپانیاكانی‌(TNK-BP) كۆمپانیای‌ كونسورتومی‌ كۆری‌ كۆنگۆ و كۆمپانیای‌ میلودی‌ نێو ده‌وڵه‌تی‌  وزه‌ و كۆمپانیای‌ (HKN) ی‌ وزه‌ و هه‌روه‌ها كۆمپانیای‌ ئه‌سته‌رلینی‌ وزه‌ی‌ لقی‌ به‌ریتانیا.
جێی ئاماژه‌یه‌ سه‌رجه‌می‌  ورده‌كارییه‌كانی‌ گرێبه‌سته‌كه‌ له‌ تۆڕی‌ ئینته‌رنێتدا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌و شوێنانه‌ش بڕیاری‌ له‌سه‌ر دراوه‌ بریتین له‌ چوار شوێن كه‌ رووبه‌ره‌كه‌ی‌(1532كم2)یه‌  له‌ شاری‌ هه‌ولێر دراوه‌ته‌ كۆمپانیای‌ نۆربێستی‌ سنووردار سه‌ر به‌ كۆمپانیای‌( TNK-BP) و له‌ بازیانیش رووبه‌ری‌(473كم2) سه‌ر به‌ پارێزگای‌  سلێمانی‌ دیاریكراوه‌ له‌ لایه‌ن كۆمپانیای‌ كۆنگۆی‌ سنوورداره‌وه‌ سه‌ر به‌ كۆمپانیای‌ كۆریای‌ نه‌وتی‌ نیشتمانییه‌ جێبه‌جێده‌كرێت، هه‌روه‌ها رووبه‌ری‌ (1226كم2) له‌ سه‌رسه‌نگی‌ سه‌ر به‌ پارێزگای‌ دهۆك له‌ لایه‌ن كۆمپانیای‌ میلودی‌ نێو ده‌وڵه‌تی‌ وزه‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیای‌ (HKN) كاری‌ پشكنینی‌ بۆ ئه‌نجام ده‌درێت، له‌ سه‌نگاویش رووبه‌ری‌(492كم2) له‌ لایه‌ن كۆمپانیای‌ ئه‌سته‌رلینی‌ وزه‌ی‌ نێو ده‌وڵه‌تی‌ سنوورداره‌وه‌ كاری‌ پشكنینی‌ بۆ ئه‌نجام ده‌درێت، جگه‌ له‌مانه‌ش له‌ ناوچه‌ی‌ ئه‌تروش رووبه‌ری‌ (269كم2) له‌ لایه‌ن كۆمپانیاكانی‌ دانووسانی‌ حكومه‌تی‌ نێو ده‌وڵه‌تییه‌وه‌ كاری‌ پشكنینی‌ بۆ ئه‌نجام ده‌درێت، جه‌مال عه‌بدوڵاش وته‌ بێژی‌ ره‌سمی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان لای‌ خۆیه‌وه‌ ئه‌وه‌ی‌ روونكرده‌وه‌ كه‌وا دوای‌ ته‌واو بوونی‌ بیره‌ نه‌وتییه‌كان داهاته‌كه‌ی‌ بۆ سه‌رجه‌م عێراقییه‌كانه‌ و ته‌نها له‌ (17%)ی‌ بۆ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌.
 هه‌روه‌ها به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ هه‌واڵ گرێبه‌ستی‌ لێدانی‌ سێ بیری‌ نه‌وت له‌ گه‌رمیان كۆتایی هاتووه‌ و بڕیاره‌ لێدانی‌ بیره‌ نه‌وتییه‌كان له‌ سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ (2008)ه‌وه‌ ده‌ستپێبكات له‌ ناوچه‌كانی‌ شاكه‌لی‌ و سه‌رقه‌ڵا و عه‌وڵا قووت و هه‌ندێ گوندی‌ نزیك باوه‌ نوور، كه‌ سه‌رجه‌م بیره‌ نه‌وتییه‌كان له‌لایه‌ن چه‌ند كۆمپانیایه‌كی‌ ئه‌مه‌ریكییه‌وه‌ جێبه‌جێده‌كرێت.
  جه‌مال عه‌بدوڵا وته‌بێژی‌ ره‌سمی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ رێبازی‌ ئازادی‌ راگه‌یاند: "ئه‌و لێدوانانه‌ی‌ جه‌نابی‌ وه‌زیری‌ نه‌وتی‌ عیراق یه‌كه‌م جاری‌ نییه‌ به‌رامبه‌ر حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، چونكه‌ هه‌ر كات حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان یه‌ك عه‌قدی‌ كردبێت له‌گه‌ڵ كۆمپانیا بیانییه‌كان ئه‌و خێرا له‌ كه‌ناڵه‌كانی‌ راگه‌یاندنه‌وه‌ لێدوانێكی‌ داوه‌ و وتوویه‌تی‌: " كه‌وا ئه‌و عه‌قدانه‌ی‌ له‌ سه‌ر نه‌وت مۆری‌ ده‌كات یاسایی نین و ”جه‌مال عه‌بدوڵا“ وتیشی‌: ئێمه‌ش وه‌كو حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌موو جار وه‌ڵاممان داوه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌موو ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ بواری‌ نه‌وت و غاز له‌گه‌ڵ كۆمپانیا بیانییه‌كان هه‌موویان یاسایین.

كڕینی‌ ئامێری‌ نوێ
سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ تایبه‌ت ئه‌وه‌شی‌ به‌ رێبازی‌ ئازادی‌ راگه‌یاند:" توركیا نیگه‌رانیی‌ زۆری‌ هه‌یه‌ له‌ سه‌ردانی‌ په‌یتا په‌یتای‌ وه‌فدی‌ پایه‌ بڵندی‌ وڵاتانی‌ ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا و كۆریا و ئوسترالیا بۆ كوردستان و كردنه‌وه‌ی‌ كۆنسوڵگه‌ری‌ و به‌رز بوونه‌وه‌ی‌ رێژه‌ی‌ بۆند و گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كان له‌ (زاخۆ، ئامێدی‌، كۆیه‌، شیواشۆك، سه‌رقه‌ڵا، كفری‌...)
رێبازی‌ ئازادی‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ په‌یوه‌ندیكرد به‌ پسپۆڕێكی‌ كوردی‌ بواری‌ نه‌وت كه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ كۆمپانیا توركییه‌كان كارده‌كات، كه‌ خه‌ریكی‌ ده‌رهێنانی‌ نه‌وتن له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، سه‌باره‌ت به‌و لێدوان و نیگه‌رانییانه‌ی‌ توركیا له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ رێبازی‌ ئازادی‌ راگه‌یاند: "بێگومان هه‌رێمی‌ كوردستان خاوه‌نی‌ زیاتر له‌ (50)ملیار بۆشكه‌ نه‌وتی‌ یه‌ده‌گه‌، سه‌ره‌ڕای‌ چه‌ندین ملیار مه‌تر سێ جا گاز و سامانه‌ سروشتییه‌كانی‌ تر، ئه‌وه‌ش شاراوه‌ نییه‌ كه‌ توركیا له‌ رێگای‌ كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانی‌ خۆیه‌وه‌ ئاگاداری‌ ورد و درشتی‌ بوونی‌ نه‌وتی‌ كوردستانه‌ و به‌ مه‌ترسییه‌كی‌ گه‌وره‌شی‌ ده‌زانێت له‌سه‌ر خۆی، كه‌ فاكته‌رێكی‌ زۆر به‌هێزه‌ بۆ دروستبوونی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌، سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی‌ به‌ رێبازی‌ ئازادی‌ راگه‌یاند: "ئێستا ده‌زگا تایبه‌تییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان سه‌باره‌ت به‌ ده‌رهێنانی‌ نه‌وت، خه‌ریكی‌ كڕینی‌ چه‌ند ئامێرێكی‌ تایبه‌تن به‌ ده‌رهێنانی‌ نه‌وت كه‌ نرخه‌كه‌ی‌ (2)ملیار دۆلاره‌ و ده‌توانێت رۆڵێكی‌ كاریگه‌رانه‌ی‌ هه‌بێت له‌سه‌ر ده‌رهێنانی‌ نه‌وت و زیادبوونی‌ به‌رهه‌م و جۆرێتی‌ نه‌وته‌كه‌، چونكه‌ له‌ هه‌ندێ شوێن ناتوانرێت به‌و ئامێرانه‌ی‌ كۆمپانیا توركییه‌كان و كۆمپانیاكانی‌ تر بگاته‌ نه‌وتی‌ باش و مه‌به‌ستدار كه‌ زۆرجار له‌ (2000)مه‌تر زیاتر ناتوانێت هه‌ڵكه‌نێت.
سه‌رچاوه‌كه‌ وتی‌: "ئه‌و ئامێرانه‌ی‌ كه‌ ئێستا خه‌ریكی‌ كڕینیانین نرخه‌كه‌ی‌ (2)ملیار دۆلاره‌، تا (5000)مه‌تر توانای‌ هه‌ڵكه‌ندنی‌ هه‌یه‌.
ئێستا نزیكه‌ی‌ (9)كۆمپانیای‌ جیهانی‌ ده‌رهێنانی‌ نه‌وت له‌ كوردستان كارده‌كه‌ن و خه‌ریكی‌ ده‌رهێنانی‌ نه‌وتن.

 كوردستان ده‌توانێت به‌شێكی‌ زۆری‌ نه‌وتی‌ جیهان دابین بكات
به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی‌ گرنگی‌ دكتۆر عه‌بدوڵا غه‌فوور پسپۆڕ و شاره‌زا له‌ بواری‌ نه‌وتدا وتی‌: "كوردستان ده‌توانێت به‌شێكی‌ زۆری‌ نه‌وتی‌ جیهان دابین بكات، هه‌روه‌ها پێی وایه‌ كوردستان ده‌توانێت (3،227) ملیۆن به‌رمیل نه‌وت له‌ رۆژێكدا به‌رهه‌مبێنێت، كه‌ ده‌كاته‌ (23،2%)كۆی‌ گشتی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ نه‌وتی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست و به‌م شێوه‌یه‌ ته‌نها عه‌ره‌بستانی‌ سعوودیه‌وه‌ له‌ پێشه‌وه‌یه‌ كه‌ (44%)ی‌ ئه‌م رێژه‌یه‌ به‌رهه‌مدێنێت.
له‌ سه‌رتاسه‌ری‌ وڵاتانی‌ به‌رهه‌مهێنی‌ نه‌وتی‌ ئۆپیكدا، د.عه‌بدوڵا پێیوایه‌ كوردستان ده‌توانێت (9،7%)ی‌ كۆی‌ گشتی‌ نه‌وتی‌ ئۆپیك دابین بكات و رۆژانه‌ (1699)به‌رمیل به‌رهه‌مبهێنێت.
له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌رنج بده‌ره‌ دوو خشته‌ كه‌ ئه‌م رێژه‌یه‌ روونده‌كاته‌وه‌.

 ئاسته‌نگه‌كانی‌ ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم
پاش ئیمزا كردنی‌ (15)گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانی‌ وڵاتانی‌(ئه‌مه‌ریكا، فه‌ره‌نسا، به‌ریتانیا، هیندستان، نه‌رویج، كه‌نه‌دا، كۆریا، ئوسترالیا، توركیا)شه‌هرستانی‌ ره‌خنه‌ی‌ توندی‌ له‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم گرت به‌وه‌ی‌ ده‌رهێنانی‌ نه‌وت بێ پرسی به‌غداد كارێكی‌ شیاو نییه‌، لای‌ خۆشیه‌وه‌ بارزانی‌ ئه‌و قسانه‌ی‌ به‌بێ بنه‌ما دانا،
شه‌هرستانی‌ ده‌ڵێت: "هێشتا یاسای نه‌وت و گاز له‌ به‌غداد په‌سه‌ند نه‌كراوه‌، كه‌چی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم (15)گرێبه‌ستی‌ له‌گه‌ڵ (20) كۆمپانیای‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ نه‌وت مۆر كردووه‌.
دكتۆر بایه‌زید حه‌سه‌ن ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ نه‌وت و گاز له‌ پارله‌مانی‌ عیراق له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ رێبازی‌ ئازادی‌ راگه‌یاند: " پرۆژه‌ یاسایه‌ك هه‌یه‌ كه‌ ئێستا راگیراوه‌ به‌هۆی‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌"، د. بایه‌زید ئه‌وه‌شی‌ وت: " به‌پێی مادده‌كانی‌ (111و112)گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم یاسایین".
سه‌ره‌ڕای‌ هه‌ڕه‌شه‌ سیاسییه‌كان، ده‌سته‌ی‌ زانایانی‌ موسوڵمانی‌ عیراقیش رایگه‌یاند:" كه‌ كۆمپانیا بیانییه‌كان نه‌وت له‌ كوردستان ده‌رنه‌هێنن“.
له‌لای‌ خۆشیه‌وه‌ شه‌هرستانی‌ رایگه‌یاند: "كه‌ له‌ نێوان وڵاتانی‌ دراوسێ بیروڕا گۆڕینه‌وه‌یه‌ك هه‌یه‌ كه‌ توركیا و سووریا و ئێران و عیراق كه‌ رێگا ناده‌ن به‌ كورد نه‌وت بنێرێته‌ ده‌ره‌وه‌.

 كۆمپانیایه‌كی‌ نه‌رویجی‌ له‌ ناردنی‌ نه‌وت بۆ ده‌ره‌وه‌ جارێ زووه‌
به‌رپرسی‌ كۆمپانیای‌ (PNO)ی‌ نه‌رویجی‌ كه‌ ئێستا خه‌ریكی‌ ده‌رهێنانی‌ نه‌وته‌ له‌ زاخۆ رایگه‌یاند: "جارێ زووه‌ خه‌ریكی‌ ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ نه‌وتی‌ كوردستان ببن، به‌ڵام ده‌بێت له‌ داهاتوودا ئه‌م كاره‌ ئه‌نجام بدرێت، به‌پێی ئاژانسه‌كانی‌ هه‌واڵیش وڵاتانی‌ توركیا و سوریا و ئێران رایانگه‌یاندووه‌" كه‌ ئه‌وان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده‌ نین رێگا به‌ ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بده‌ن، به‌ڵام د. به‌رهه‌م ساڵه‌ح رایگه‌یاند: " هه‌ڵوێستی‌ وه‌ها كارێكی‌ نه‌شیاوه‌ كه‌ وڵاتانی‌ دراوسێ ده‌ست ده‌خه‌نه‌ كێشه‌كانی‌ ناوخۆی‌ عیراقه‌وه‌ وتی‌: "شه‌هرستانی‌ بۆی‌ نییه‌ بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ بدات.

 دزینی‌ نه‌وت
به‌پێی چه‌ند راپۆرتێكی‌ ئاژانسه‌كانی‌ هه‌واڵ نه‌وتی‌ عیراق كه‌ له‌ بیره‌كانه‌وه‌ ده‌گاته‌ بازاڕه‌كان دزی‌ لێ ده‌كرێت و ئه‌م دزییه‌ ساڵانه‌ بایی (6)ملیار دۆلاره‌ و سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ نه‌زاهه‌ی‌ عیراقی‌ ده‌ڵێت: "له‌م دزییه‌ كه‌ شه‌هرستانی‌ ئاگاداره‌ (18)ملیار دۆلار به‌ر شیعه‌كان ده‌كه‌وێت.
سه‌ردانه‌كه‌ی‌ جۆن نیگرۆ پۆنتی‌ هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌كانی‌ نه‌وته‌
رێبازی‌ ئازادی‌ زانیویه‌تی‌ گرژی‌ و ئاڵۆزییه‌كی‌ زۆر كه‌وتۆته‌ ناو پارله‌مانی‌ عیراقییه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ گرێبه‌سته‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم و زۆربه‌ی‌ كوتله‌ سیاسییه‌كان دژی‌ ده‌رهێنانی‌ نه‌وت و گرێبه‌ستی‌ تایبه‌تی حكومه‌تی‌ هه‌رێمن.
سه‌رچاوه‌یه‌كیش ئه‌وه‌ی‌ به‌ رێبازی‌ ئازادی‌ راگه‌یاند: " سه‌ردانه‌كه‌ی‌ جۆن نیگرۆ پۆنتی‌ جێگری‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا په‌یوه‌سته‌ به‌وه‌ی‌ كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان وه‌فدێك بنێرێته‌ به‌غداد و داوای‌ له‌ نێچیره‌ڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كردووه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ بكه‌ونه‌ گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌و واش بڕیاره‌ به‌م زووانه‌ وه‌فدێكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بچێته‌ به‌غداو به‌ حكومه‌تی‌ عیراقیمان راگه‌یاندووه‌ ده‌بێت مه‌سه‌له‌ی‌ گرێبه‌سته‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بخرێته‌ به‌رده‌م دادگای‌ ده‌ستووری‌ باڵا".

 

Sbeiy.com © 2007