Print
 خالید مه‌جید یه‌کێک له‌ گیراوه‌کانی سلێمانی: به‌شێوه‌یه‌کی به‌رنامه‌ داڕێژراو و به‌ زه‌بری چه‌ک رفێندراین
Saturday, March 5, 2011
(سبه‌ی):
یه‌کێک له‌و چوار که‌سه‌ی رۆژی (هه‌ینی) رابوردو له‌ سلێمانی رفێندراوبون و ئێستا ئازادکراوه‌، چیرۆکی رفاناندنه‌که‌ی ده‌گێڕێته‌وه‌و ئاشکرای ده‌کات، ئه‌و که‌سانه‌ی رفاندویانن که‌سانی ناسراو بون.
خالید مه‌جید، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی داکۆکی له‌مافی خه‌ڵک له‌لێدوانێکیدا بۆ (سبه‌ی) رایگه‌یاند: سه‌رله‌ئێواره‌ی (هه‌ینی) رابوردو خۆم و سێ هاوه‌ڵی دیکه‌م پاش به‌شداریکردن له‌ خۆپیشاندانه‌که‌ی مه‌یدانی ئازادی، له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ک چه‌کداره‌وه‌ که‌ به‌شێوه‌یه‌کی به‌رنامه‌ داڕێژراو ئاماده‌کارییان بۆ کردبو، به‌ زه‌بری چه‌ک و به‌لێدان خستیانینه‌ نێو دو ئۆتۆمبێله‌وه‌و به‌ره‌و شوێنێکی نادیار رفاندیانیان.
وتیشی: یه‌کێک له‌ ئۆتۆمبێله‌کان لاندکرۆزه‌ر بو ئه‌وی دیکه‌ش له‌ ئۆتۆمبێلی ئاسایش ده‌چو، به‌ لێدان و ئیهانه‌کردن سه‌ریان خستین و دواتر به‌ سێ ئۆتۆمبێل به‌ره‌و شوێنێکیان بردین دیاربو نزیک شاری سلێمانی بو، چونکه‌ شوێنی ئاوه‌دانی بو گوێمان له‌ده‌نگی بانگی مزگه‌وت بو، پاش گه‌یشتنمان، ئه‌وه‌نده‌ی تر ئیهانه‌یان کردین و ئه‌وان وایانده‌زانی که‌س نازانێت که‌ گیراوین، به‌ڵام پێموتن هه‌مو که‌س ئاگاداره‌و ده‌زانن که‌ چۆن ئێمه‌تان رفاندوه‌.
ده‌رباره‌ی ناسنامه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی رفاندویانن، خالید مه‌جید ئاشكرایکرد: ده‌زانین کێن و ئه‌وانه‌ی رفاندویانین که‌سانی ناسراوبون و سه‌ر به‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی سلێمانین.
ناوبراو ده‌رباره‌ی نه‌وزاد بابان که‌ تائێستاش گیراوه‌، وتی: ئه‌و رۆژه‌ی وتیان به‌رده‌درێن و پێش ئه‌وه‌ی ئه‌م سێ که‌سه‌مان بڕۆین، وتمان به‌ بێ نه‌وزاد ناڕۆین و گه‌ر وانه‌بێت ئه‌م قسانه‌ بۆ رایگشتی رونده‌که‌ینه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وان ته‌ئکیدیان کرده‌وه‌ که‌ ئه‌ویش ئازاد ده‌کرێت و دواتریش پێیان وتین بۆ رایگشتی چی ده‌ڵێن بیڵێن، به‌ڵام دواتر ده‌رکه‌وت نه‌وزاد هه‌ر گیراوه‌و پێده‌چێت به‌ره‌و شوێنێکی دیکه‌یان بردبێت.
ئه‌و گیراوه‌ی ده‌ستی هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی سلێمانی رونیشیکرده‌وه‌، پاش ئازادکردنمان هه‌ریه‌که‌مان له‌ شوێنێک فڕێدراین، راشیگه‌یاند: ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنج بو رۆژێک پێش گرتنمان چوینه‌ لای حاکم قادر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاسایشی سلێمانی و پێمان وت، که‌ رۆژی (هه‌ینی) خۆپیشاندانێکی فراوان ده‌کرێت و ده‌بێت ئێوه‌ وه‌ک لایه‌نی ئه‌منی هاوڵاتیان بپارێزن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ وا نه‌بو له‌به‌رامبه‌ردا ئێمه‌ گیراین.

فۆتۆ: زمناکۆ ئیسماعیل
Sbeiy.com © 2007