Print
 ده‌سته‌یه‌ك له‌ ژنانی‌ كورد داوا ده‌كه‌ن ژنانی‌ هه‌رێم به‌شداری‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كاندا بكه‌ن
Saturday, March 5, 2011

(سبه‌ی‌):
بۆ دایکه‌ به‌ڕێزه‌کان
بۆ کچانی زانکۆکان
بۆ ڕێکخراوه‌کانی ژنان

کوشتن و ته‌قه‌کردن و به‌کارهێنانی توندوتیژی ‌به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران مه‌حکوم ده‌که‌ین! ئه‌وە هه‌ر ژنانن که‌ به‌ شه‌هیدکردنی برا و کوڕ و مێردەکانیان جارێکی تر ده‌بنه‌وه‌ به‌ قوربانی.

هه‌مومان ده‌زانین ئه‌م رۆژانه‌ چه‌ندە گرنگن له‌ مێژوی کوردستاندا. زۆری نه‌برد له‌ پاش ڕاپه‌ڕینه‌ جه‌ماوه‌رییه‌کەی ١٩٩١ که‌ ئاواته‌کانی خه‌ڵکی ئازارخواردو و برینداری ئه‌م هه‌رێمه‌ پوچه‌ڵکرایه‌وە و ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی کوردستان به ‌ده‌ستیانهێنا له‌لایه‌ن حیزبه‌کانه‌وە ڕفێندرا. هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌، سه‌رباری نه‌هامه‌تیه‌‌کان، کوردستان کرا به‌ گۆڕستانێک بۆ ژنان و کچان که‌ رۆژانه‌ به‌ بیانوی جۆراوجۆره‌وه‌ دەکوژران و لاشه‌یان له‌ملاوئه‌ولا ده‌دۆزرایه‌وه‌. چه‌ندین ساڵیش حیزبه‌ سیاسیه‌ کوردیه‌کان نه‌ک هه‌ر له‌ناوبردنی نایه‌کسانیی و کوشتنی ناموسپه‌رستیان نه‌کرده‌ ئامانجی خۆیان به‌ڵکو داڵده‌ی تاوانباره‌کانیشیان ده‌دا. به‌پێی ئاماره‌کانی خودی حکومه‌تی کوردستانیش ژنان ڕۆژانه‌ ده‌کوژرێن، ناچاری خۆسوتاندن دەکرێن، لێده‌درێن و خاوه‌ن بڕیار نین له‌سه‌ر چاره‌نوسی خۆیان. له‌لایه‌کی تریشه‌وە ئافرەتان له‌ هیچ سه‌رده‌مێکدا به‌قه‌د سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی کوردی دابه‌ش نه‌بون به‌سه‌ر حیزبه‌کاندا. ساڵه‌هایه‌ هاودەنگیی له‌ناو ژناندا تاسێنراوه‌، وای کردوه‌ که‌ ئه‌مرۆ نه‌توانین بڵێێن بزوتنه‌وه‌یه‌کی سه‌ر‌به‌خۆ هه‌یه‌ که‌ نوێنه‌ری هه‌مو ئافرەتانی کوردستان بێت.
ئێمه‌‌ داخوازیه‌کانمان دەخه‌ینه‌ پاڵ ئه‌و داخوازیه‌ ڕه‌وایانه‌ی که‌ خۆپیشانده‌رانی کوردستان به‌رزیان کردۆته‌وه‌ بۆ باشکردنی ژیانی خه‌ڵک و چاکسازیی و له‌ناوبردنی گه‌نده‌ڵیی. کاتی ئه‌وە هاتوە چیتر پیاوان نه‌که‌ین به‌ نوێنه‌ری خۆمان و پاشکۆیه‌تیی حیزبه‌کان قبوڵنه‌که‌ین. ئه‌م حیزبانه‌ له‌ 20 ساڵی رابوردودا نیشانیاندا که‌ نه‌ک هه‌ر خه‌مخۆری ئافرەتان نین به‌ڵکو ڕێگری سه‌رەکیین له‌به‌رده‌م ئه‌و ڕیفۆرم و چاکسازیانه‌ی که‌ ژنان داوایده‌که‌ن. با خۆمان ئامانجه‌کانی خۆمان به‌رزبکه‌ینه‌وە و ڕێگه‌نه‌دەین چارەسه‌ری پرسی ژنان دابنریێت بۆ دوای ئه‌م راپه‌ڕینه‌. داواکارین که‌ هه‌مو ژنانی کورد دەنگ به‌رزبکه‌نه‌وه‌ و هاوشان له‌گه‌ڵ پیاواندا بێنه‌ مه‌یدان و له‌م قۆناغه‌دا ڕۆڵی خۆیان بگێڕن. هه‌مومان به‌رپرسیارین له‌ گۆڕینی کۆمه‌ڵگا و کردنی به‌ جیهانێکی پڕ له‌ دادپه‌روەریی و یه‌کسانیی که‌ تیایدا ژنان و کچان، به‌بۆنه‌ی مێینه‌بونیانه‌وە، چیتر زوڵمیان لینه‌کرێ.

بژی یه‌کسانیی، بژی ئازادی

ده‌سته‌یه‌ک له‌ ژنانی کوردی ده‌ره‌وه‌ی وڵات:
به‌یان ناسیح
ڕێگا ڕه‌ئوف
سارا محه‌مه‌د
نه‌جیبه‌ مه‌حمود
تانیا توانا
د. چۆمان هه‌ردی

Sbeiy.com © 2007