|
گۆڕان، UN لە كوشتنی خۆپیشاندەران ئاگادار دەكاتەوە |
Saturday, March 5, 2011 |
(سبهی):
فراكسیۆنی گۆڕان، نەتەوەیەكگرتوەكان لە كوشتن و رفاندن و رەشبگیریی خۆپیشاندەرانی كوردستان ئاگاداردەكاتەوەو داواشیان لێدەكات، فشار بخەنە سەر دەسەڵاتدارانی هەرێم بۆ دەستهەڵگرتن لەو كارانە.
رۆژی 27/2، وەفدێكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، سەردانی بارەگای نەتەوە یەكگرتوەكانی کرد لە شاری هەولێر.
لەوبارەیەوە، پەیام ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان، بە رۆژنامەی (رۆژنامه)ی راگەیاند: لەسەر داوای نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكان، سەردانمان كردن و لەگەڵ نوێنەری نەتەوەیەكگرتوەكان و بەرپرسی مافەكانی مرۆڤ لە جنێف كۆبوینەوەو ئاماری وردی كوشتن و بریندارو دەستگیركراوەكانی چەند رۆژی رابردوی خۆپیشاندانەكانی شارەكانی هەرێممان بە بەڵگە پێشكەشكردن و ئەوەمان پێڕاگەیاندن، كە دەسەڵاتدارانی هەرێم، بە گولە وەڵامی خۆپیشاندەرانیان داوەتەوەو شاڵاوێكی رەشبگیریی و رفاندنی هاوڵاتیان دەستپێكردوە.
وتیشی: "نەتەوە یەكگرتوەكانمان لە ئاڵۆزیی رەوشی هەرێم و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ لە كوردستان ئاگاداركردەوەو داوامان لێكردن فشاربخەنە سەر دەسەڵاتدارانی هەرێم، بۆئەوەی دەست لە كوشتن و بڕین و رەشبگیریی هەڵبگرن".
ئەوەشی خستەڕو، نوێنەری نەتەوەیەكگرتوەكان و بەرپرسی مافەكانی مرۆڤ لە جنێف، تهئکیدیان کردهوه كە راپۆرتێك لەو بارەیەوە بۆ نەتەوەیەكگرتوەكان بەرزدەكەنەوە. |
|
|