Print
 خوێندكارانی‌ دیپۆرتكراو: خوێندکارانی زانکۆی سه‌ڵاحه‌دین بێده‌نگ نابن و ده‌بێت نوێنه‌رایه‌تی یه‌كێتی قوتابیان له‌زانکۆ دوربخرێنه‌وه‌
Saturday, March 5, 2011

(سبه‌ی):
نوێنه‌رایه‌تی قوتابی و خوێندكاره‌ دیپۆرتكراوه‌كانی زانکۆی سه‌لاحه‌دین له‌ نامه‌یه‌کدا که‌ ئاراسته‌ی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانیان کردوه‌، رایده‌گه‌یه‌نن له‌ئاست ئه‌و کاره‌ی به‌رامبه‌ریان کراوه‌ بێده‌نگ نابن و پشتگیری خۆیان بۆ خۆپیشاندانی هێمنانه‌ و داواكارییه‌كانی خه‌ڵك دوپاتده‌كه‌نه‌وه‌.
هاوکات له‌ چه‌ند خاڵێکیشدا چه‌ند داواکارییه‌کیان خستوه‌ته‌ڕو بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار جێبه‌جێی بکات، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ گه‌ر جێبه‌جێ نه‌کرێت، ئه‌وان مانگرتن ده‌ستپێده‌که‌ن.

ده‌قی نامه‌که‌
ئێمه‌ی خوێندكاران و قوتابیانی زانكۆی سه‌لاحه‌دین هه‌روا به‌ئاسانی بێده‌نگ ناكرێین
به‌رێزان/
وه‌زیری خوێندنی باڵا...سه‌رۆكی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین ...لیژنه‌ی خوێندنی باڵا له‌ په‌رله‌مانی...خه‌ڵكی زانست دۆستی كوردستان
ئێمه‌ی خوێندكاران و قوتابیانی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین دوای ئه‌وه‌ی له‌ لایه‌ن یه‌كێتی قوتابیانی پارتییه‌وه‌ به‌ زۆر زانكۆ و به‌شه‌ناوخۆییه‌كانمان پێ چۆڵكرا و له‌ هه‌ولێر ده‌ركراین... به‌ بێ ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی زانكۆ و وه‌زیری خوێندنی باڵا وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن ئاگاداربن!!...و دوای ئه‌وه‌ش یه‌كێتی قوتابیان حاشا ده‌كات كه‌ ئه‌وان ده‌ستیان له‌م دیپۆرتكردنه‌وه‌یه‌ و داخستنی خوێندنی زانكۆدا هه‌بوبێت، و سه‌رۆكی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دینیش خۆی به‌ بێئاگا داده‌نێت و حاشا له‌م هه‌ڵوێسته‌ دژ به‌ خوێندنه‌ی قوتابیانی پارتی ده‌كات.
بۆیه‌ ئێمه‌ش جگه‌ له‌وه‌ی وه‌ك خه‌ڵكی به‌شه‌ره‌فی كوردستان دژی گه‌نده‌ڵی و ته‌قه‌كردن له‌ خه‌ڵكی خۆپیشانده‌رین و پشتگیری خۆمان بۆ خۆپیشاندانی هێمنانه‌ و داواكارییه‌كانی خه‌ڵك دوپاتده‌كه‌ینه‌وه‌، له‌ زانكۆ بین یان له‌ هه‌ر شاروشارۆچكه‌یه‌ك به‌شداری خۆپیشاندان ده‌كه‌ین و بۆ ناو زانكۆش ئه‌م داوایانه‌ ده‌خه‌ینه‌ڕو :
1- ده‌بێت سه‌رۆكی زانكۆ گشت نوێنه‌رایه‌تی و ئۆفیسه‌كانی یه‌كێتی قوتابیان (كه‌ له‌ ئۆفیسی راگری كۆلیژه‌كان كه‌شخه‌ترن) له‌ كشت كۆلێژه‌كان وه‌ده‌رنبنێت.
2- ده‌بێت سه‌رۆكی زانكۆ به‌ڵێن بدات كه‌ چیدیكه‌ یه‌كێتی قوتابیانی پارتی ده‌ست له‌ كارو باره‌كانی ناو زانكۆ وه‌رنه‌دات.
3- دژی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ین كه‌ داوا ده‌كه‌ن وه‌زیری خوێندنی باڵا به‌ بۆنه‌ی ئه‌و دیپۆرتكردنه‌وه‌ی قوتابیان و خوینكارانی زانكۆی سه‌لاحه‌دین ده‌ست له‌كاربكێشێته‌وه‌ و پێمان وایه‌ ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی وه‌زیر ده‌بێته‌ هۆی به‌هێزبونی پایه‌ی حیزب و رێكخراوه‌ حیزبییه‌كانی وه‌ك یه‌كیتی قوتابیان و هه‌ر ئه‌وانیشن له‌پشت ئه‌و داوا كارییه‌وه‌ن كه‌ وه‌زیر ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه‌.
4- ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی زانكۆ نه‌یتوانی هه‌ڵوێست وه‌رگرێت به‌رامبه‌ر یه‌كێتی قوتابیانی پارتی، ئه‌وا باشتره‌ خۆی ده‌ست له‌ كاربكێشێته‌وه‌.
5- خه‌ڵكی باش ده‌زانن كه‌ یه‌كێتی قوتابین پارتی بۆیه‌ ئێمه‌ی له‌ زانكۆ وه‌ده‌رنا تا وه‌ك زانكۆی سلێمانی مامۆستایان و قوتابیان و خوێندكارانی زانكۆی سلێمانیش خۆپیشاندان رانه‌گه‌یه‌نن و باش حیسابی خۆیان كردبو و ده‌یانزانی كه‌ زۆربه‌ی قوتابیان و خوێندكارانی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین له‌گه‌ڵ داواكارییه‌كانی خه‌ڵكن، یه‌كێتی قوتابیانی پارتی خزمه‌تی حیزب ده‌كات نه‌ك ره‌وتی خوێندن بۆیه‌ داواده‌كه‌ین له‌ فیدراسیۆنی رێكخراوه‌ قوتابی و خوێندكارییه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌ر كۆمه‌ڵه‌ و رێكخراوێكی هاوشێوه‌ی ئه‌واندا وه‌ده‌رنرێن.
6- به‌ بێجه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر داواكارییه‌كان جێ به‌جێ نه‌بون ئه‌وا ئێمه‌ ئاماده‌نین بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌رخوێندنی ناو زانكۆ‌یه‌ك كه‌ یه‌كێتی قوتابیان به‌رێوه‌ی ببات و یاری به‌ خوێندن و زانكۆ بۆ خزمه‌تی مه‌رامه‌كانی حیزب بكات و له‌ 1ی نیساندا ئێمه‌ ده‌ست به‌ مانگرتنی خۆمان له‌ نێو زانكۆدا ده‌كه‌ین.
نوێنه‌رایه‌تی قوتابی و خوێنكاره‌ دێپۆرتكراوه‌كان
28/2/2011

Sbeiy.com © 2007