Print
 د.پشتیوان عه‌بدوڵا: له‌لایه‌ن ئاسایشی پارتییه‌وه‌ به‌چه‌ندین شێواز ئه‌شکه‌نجه‌ درام
Saturday, March 5, 2011
(سبه‌ی):
گیراوێکی رۆژی (هه‌ینی)ی رابوردوی شاری هه‌ولێر باس له‌ چۆنێتی گرتن و ئه‌شکه‌نجه‌دانی ده‌کات له‌لایه‌ن ئاسایشی پارتییه‌وه‌و ئاشکرای ده‌کات، تا ئێستاش که‌سانی دیکه‌ی گیراو هه‌یه‌و ئازاد نه‌کراون.
د.پشتیوان عه‌بدوڵا، که‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێک بو له‌ ئوستورالیا گه‌ڕابویه‌وه‌ شاری هه‌ولێر، (هه‌ینی) رابوردو بۆ به‌شداریکردن له‌ خۆپیشاندان دژی ناعه‌داله‌تی و روداوه‌ خوێناوییه‌که‌ی شاری سلێمانی، چوه‌ به‌ده‌م بازاڕی نیشتیمان، به‌ڵام له‌لایه‌ن ئاسایشی پارتییه‌وه‌ ده‌ستگیر کرا.
له‌وباره‌یه‌وه‌ د.پشتیوان بۆ (سبه‌ی) رایگه‌یاد: پاش چه‌ند‌ خوله‌کێک له‌ چونم بۆ به‌رده‌م باخی نزیک بازاڕی نیشتیمان و نوسینی چه‌ند دروشمێک له‌سه‌ر تیشێرته‌که‌م، دو گه‌نج بۆم هاتن و به‌زۆر پێیان وتم "تیشێرته‌که‌ت بگۆڕه‌و هه‌ولێر شاری گێره‌شێوێن نییه‌''، منیش ئه‌وه‌م ره‌تکرده‌وه‌و وتم هه‌ولێر شاری منیشه‌، دواتر چه‌ند که‌سێکی تر بۆم هاتن و به‌لێدانێکی زۆرو به‌زۆر سواری ئۆتۆمبێلێکیان کردم و بردیانم، که‌ له‌نێو ئۆتۆمبێله‌که‌شدا هه‌ر ئازاریان ده‌دام.
وتیشی: دواتر زانیم ئه‌و شوێنه‌ی بۆی هێنراوم ئاسایشی گشتی هه‌ولێره‌، پاش گه‌یشتنمان بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ دو سه‌عات و به‌ به‌رده‌وامی به‌چه‌ندین شێواز و به‌ چاوبه‌ستراوی، ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌یان ده‌دام و هه‌ر که‌س ده‌هات لێیده‌دام، که‌ تائێستاش باری ته‌ندروستیم ته‌واو نییه‌.
باسی له‌وه‌شکرد، که‌ دوای چه‌ند سه‌عاتێک ئه‌شکه‌نجه‌دان بردویانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئیفاده‌ی لێوه‌ربگرن، ئه‌وه‌شی وت: "پێیان ده‌وتوم تۆ کێیت و سه‌ر به‌چ لایه‌نێکی، منیش راستیم پێوتن که‌ من هاوڵاتییه‌کم و هاتوم ده‌نگی ناڕه‌زایی خۆم به‌رزده‌که‌مه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وان به‌زۆر ویستیان ئیفاده‌که‌م پێ یمزا بکه‌ن، که‌ تێیدا هاتبو گوایه‌ من ده‌مانچه‌و دو نارنجۆکم له‌کاتی گرتندا پێگیراوه‌، بۆیه‌ منیش ئیمزام نه‌کردو ره‌تمکرده‌وه‌و ته‌ئکیدم کرده‌وه‌ که‌ من دکتۆری پسپۆڕم له‌ئوستورالیاو کاری له‌و جۆره‌ ناکه‌م".
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، که‌ "دواتر ئیفاده‌که‌م پێ گۆڕین و پاشان بردیانمه‌ ژورێکی دیکه‌ بۆ لێپرسینه‌وه‌و پێیان وتم تۆ کێی وا ئه‌و هه‌مو لایه‌ن و رێکخراو و سایت و که‌ناڵ و ره‌وه‌ندی کوردی ده‌ره‌وه‌ی وڵات‌ له‌سه‌رت به‌ده‌نگ هاتون، پاشان مانم لخواردن گرت و به‌هۆی ئه‌وه‌ی باری ته‌ندروستیم به‌هۆی ئه‌شکه‌نجه‌وه‌ تێکچوبو داوای پزیشکم کرد، که‌ پزیشکیش بینمی داوای کرد ببرێمه‌ لای دکتۆری پسپۆڕ بۆ چاره‌سه‌ر، به‌ڵام ئاسایش رێگه‌یان نه‌دا".
گیراوه‌که‌ی ئاسایشی پارتی ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد، که‌ بۆ ماوه‌ی 48 سه‌عات له‌ ئاسایشی هه‌ولێر گیراوه‌و به‌هۆی ئه‌و فشاره‌ ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌ی له‌سه‌ر ئاسایش هه‌بو، به‌ ئۆتۆمبێلێک که‌ ژماره‌یه‌ک گیراوی دیکه‌ی تێدا بو ره‌وانه‌ی گرتوخانه‌ی مه‌حه‌ته‌ی هه‌ولێر کراوه‌و پاشان دوێنێ (دوشه‌ممه‌) ئازاد کرا، ناوبراو ته‌ئکیدیشی کرده‌وه‌ که‌ گیراوی دیکه‌ش هه‌یه‌و تائێستا ئازاد نه‌کراون.
له‌کۆتایی لێدوانه‌که‌یدا بۆ (سبه‌ی) د.پشتیوان عه‌بدوڵا رایگه‌یاند: له‌ڕێی ئه‌و کاره‌ی کردمان سه‌لماندمان که‌ خه‌ڵکی هه‌ولێر ناڕازییه‌و خوازیاری گۆڕانکارییه‌و ده‌توانێت روبه‌ڕوی ده‌سه‌ڵات و ناعه‌داله‌تی ببێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم ده‌سه‌ڵاتێکی پۆلیسیه‌و هه‌مو هێزێک به‌کار ده‌هێنێت، به‌ڵام دڵنیام خه‌ڵکی هه‌ولێر له‌داهاتویه‌کی نزیکدا خه‌ڵکی هه‌ولێریش دێته‌ ده‌نگ.
 
Sbeiy.com © 2007