Print
 ئایا کوردستانی باشور (عێراق) ئازاده‌؟
Saturday, March 5, 2011
شۆڕش حه‌مه‌ساڵح

ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له رۆژهه‌ڵات ناوه‌ڕاست و باکوری ئه‌فریقا روده‌دات زه‌نگێکی ترسناکه‌ بۆ ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی که‌ هێشتا یاری به‌ به‌هاکانی ئازادی ئه‌که‌ن له‌ کۆمه‌ڵگاکانی خۆیاندا، خۆشاردنه‌وه‌و نه‌بینینی ئه‌و روداوانه‌ی که روده‌ده‌ن وه‌ك ده‌رهاوێشته‌ی ئه‌و زوڵمه‌ی که‌ ده‌یان ساڵه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌کانه‌وه‌ له‌ کۆمه‌ڵگاکانیان ده‌کرێت، ئه‌گه‌ر به‌ئه‌نقه‌ست نه‌بێت ئه‌وه‌ نیشانه‌ی گێلێتیه‌. ئه‌وه‌ی لێره‌دا مایه‌ی نیگه‌رانیه‌، نه‌بینین و نه‌خوێندنه‌وه‌ی روداوه‌کانی ناوچه‌که‌یه‌ وه‌ك پێویست له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی کوردیه‌وه‌.‌

 ره‌نگه‌ هیچ میلله‌تێك هێنده‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد خه‌بات نه‌کردبێت له‌پێناو به‌ده‌سهێنانی سه‌ربه‌خۆیی سیاسیدا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ ئێمه‌ ده‌بێت له‌ ئێستادا ده‌رکی پێبکه‌ین تێکه‌ڵکردنی ده‌سته‌واژه‌ی ئازادییه‌ به‌ سه‌ربه‌خۆیی سیاسی له‌ مێژوی کورد دا، هه‌میشه‌ په‌یامی شوڕشه‌کان له رابوردودا بریتی بوه‌ له‌ سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی، واته‌ ئازادی هاوشانی سه‌ربه‌خۆیی که‌ زیاتر مانایه‌کی سیاسی هه‌یه‌ گرنگی پێدراوه‌، به‌ڵام هیچکاتێك ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ واته‌ ''ئازدی'' له‌لایه‌ن حیزبه‌ سیاسیه‌کانه‌وه‌ مانا و مه‌به‌سته‌کانی روننه‌کراوه‌ته‌وه.

پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ ئایا له‌ڕاستیدا ئێمه‌ له‌م هه‌رێمه‌دا ئازاین؟ ئایا هه‌بونی قه‌واره‌یه‌کی سیاسی نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆ ده‌بێته‌ زامنی هه‌بونی ئازدیش؟ ئایا خۆپیشاندانه‌کانی ئه‌م دواییانه‌ی باشوری کوردستان کۆتایی به‌و وه‌همه‌ نه‌هێناوه‌ که‌ چه‌ندین ساڵه‌ ئێمه‌ی له‌سه‌ر راهێنرابوین، ئه‌ویش ئه‌و بۆچونه‌یه‌ که‌ ده‌ڵێت؛ مادام ئـێمه‌ له‌م هه‌رێمه‌دا له‌لایه‌ن کورده‌وه‌ حوکم ده‌کرێین که‌واته‌ ئازادین. ئایا مه‌به‌ست له‌ ئازادی ته‌نها له‌وه‌دا کۆده‌بێته‌وه‌ که‌ سه‌رۆکێکی هاوزمانی خۆتت هه‌بێت؟ یان ئازادی مانایه‌کی فراوانتری هه‌یه‌‌‌ که‌ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ کۆی به‌هاکانی مرۆڤه‌وه‌.

 ئه‌وه‌ی‌ ده‌بێت لێره‌ به‌دواوه‌ بیری لێبکرێته‌وه‌ جیاکردنه‌وه‌ی چه‌مکی ئازادی‌ له‌ ئامانجه‌ سیاسیه‌کان. واته‌ مه‌رج نیه‌ سه‌ربه‌خۆیی سیاسی واته‌ هه‌بونی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ زامنی هه‌بونی ئازادی بکات. ئه‌و وڵاتانه‌ی که‌ ئێستا شۆڕشیان تێدا ئه‌نجامده‌درێت هیچیان گرفتی نه‌بونی ده‌وڵه‌تیان نیه‌، به‌ڵکو گرفتی نه‌بونی ئازادیان هه‌یه‌.

ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌م هه‌رێمه‌دا ده‌رکی پێده‌که‌ین به‌ریه‌ککه‌وتنی ئه‌م دو بۆچونه‌یه‌ له‌سه‌ر ئازادی، هێزێك که‌ پێیوایه‌ ئازادی په‌یوه‌سته‌ به‌ ده‌ستکه‌وته‌ سیاسیه‌کانه‌وه‌ که‌ حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانن، هێزێکیش که‌ پێیوایه‌ ئازادی خواستێکی رۆژانه‌ی خه‌ڵکه‌ و له‌گه‌ڵ گه‌شه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کاندا خواسته‌کانیش بۆ ئازادی ده‌گۆڕێن. که‌ خۆی له‌ خواسته‌کانی شه‌قامی کوردیدا ده‌بینێته‌وه‌ و بزوتنه‌وه‌ سیاسیه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کانیش پشتگیری له‌م خواسته ‌ده‌که‌ن.

ئه‌وه‌ی له‌ خۆپیشاندانه‌کانی ئه‌م دوایانه‌ی کوردستانه‌وه‌‌ فێربوین ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌کرێت ده‌سه‌ڵاتێکی خۆماڵیمان هه‌بێت، به‌ڵام مه‌رج نیه‌ ئازاد بین. ئێمه‌ ئه‌مڕۆ له‌م هه‌رێمه‌دا حکومه‌تێکی کوردیمان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ نیمانه‌ ئازادیه‌. خاڵی له‌یه‌کچونی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگا راپه‌ڕیوه‌کانی ناوچه‌که‌دا ئه‌م چه‌مکه‌یه‌، به‌ده‌ر له‌ دیاریده‌ی گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تی و ...هتد.

لێره‌وه‌ هه‌مو ئه‌و بانگه‌شانه‌ی که‌ ساڵانێکه‌ ده‌کرێت بۆ ئازادی ئاوه‌ژو ده‌بێته‌وه‌ و روی حه‌قیقی ده‌سه‌ڵاتی کوردی له‌سه‌ر دروشمه‌کانی خۆی جوانتر ده‌رده‌که‌وێت، ئه‌و هه‌ڵانه‌ باشتر ئاشکراده‌بن که‌ له‌ تێگه‌یشتنی ده‌سه‌ڵاتدا هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئازادی.

Sbeiy.com © 2007