Print
 په‌یامه‌كه‌ی بارزانی... چاره‌سه‌ره‌ یاخود خۆلادانه‌؟!...
Saturday, March 5, 2011
بێستون مه‌حه‌مه‌دساڵح مسته‌فا

له‌ ١٧ی شوباتی ٢٠١١ به‌دواوه‌، هه‌رێمی كوردستان، شه‌رعیه‌ت و مه‌شروعیه‌تی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كه‌وتۆته‌ به‌ر ته‌واوی ئه‌گه‌ر و گریمانه‌ی هه‌بونی شه‌رعیه‌ت و مه‌شروعیه‌ت!...

دۆخه‌كه‌ له‌و كاته‌ به‌دواوه‌، سیستمی سیاسی (كه‌ بونی نیه‌) خستۆته‌ به‌رده‌م ئه‌رگومێنتی، شه‌قامی توڕه‌ی كوردستان، زانكۆكانی كوردستان، ئۆپۆزسیۆنی كوردستان... پێكهاته‌ی ئه‌م سێگۆشه‌یه‌ شه‌ڕی پێگه‌ی گۆشه‌ی وه‌ستاوه‌ ده‌كه‌ن، به‌واتایه‌كی تر، ململانێ و هاوبه‌شی هه‌ر سێ لاكه‌، بۆ جڵه‌و گرتنه‌ده‌ستی دۆخه‌كه‌یه‌...

ده‌سه‌ڵات و به‌ره‌ی سێگۆشه‌كه‌، له‌وه‌ نه‌گه‌یشتون ئه‌م دۆخه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ (زانستی سیاسی)، نه‌ك (پیاو كه‌سایه‌تی سیاسی)، چونكه‌ هه‌مو ئه‌گه‌ره‌كان ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنن ئه‌م دۆخه‌، ده‌رهاویشته‌ی بومه‌له‌رزه‌ و شاڵاوی ته‌ته‌ڵه‌كردنی (سیستمی ستۆكه‌) كاتێك له‌ ساتی قه‌ڵه‌مڕه‌ویدا نه‌یانتوانیوه‌ گه‌شه‌سه‌ندنی (مرۆیی، سیاسی، ئابوری، كۆمه‌ڵایه‌تی، رۆشنبیری، فه‌رهه‌نگی...) له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌دا وه‌ك ده‌رئه‌نجامێك مسۆگه‌ر بكه‌ن...

گه‌شه‌سه‌ندن و په‌ره‌پێدانی مرۆیی له‌ڕوی سایكۆلۆژی و فیسیۆلۆژییه‌وه‌، له‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌دا نه‌ك ده‌سته‌به‌ر نه‌كراوه‌ بگره‌ له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ بونی نه‌بوه‌!...

ئیدی باسكردنی سیستمی سیاسی و قه‌ڵه‌مڕه‌وی ته‌نهاو ته‌نها مایه‌ی نیگه‌رانی و شه‌رمه‌زارییه‌.

ته‌حریمكردن و كۆتكردنی كۆمه‌ڵگه‌، به‌ساده‌ترین مافی خۆڕسك و سروشتی، نه‌بونی ئازادی، بونی بێكاری له‌ راده‌به‌ده‌ر، ته‌شه‌نه‌ و گه‌شه‌ی به‌ربڵاوی به‌ داموده‌زگاكردنی گه‌نده‌ڵی، سڕینه‌وه‌ی نه‌فه‌سی ململانێ و هاوبه‌شی سیاسی و پایه‌ گرنگه‌كانی دیموكراسی، بێ بایه‌خكردنی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی...

ئه‌مانه‌ مه‌نتیقی ئه‌و زانسته‌ سیاسییه‌ن له‌ كرۆكی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ په‌یامێكه‌ به‌ره‌و روی سیستمی سته‌مكار و گشتگیر و خنكێنه‌ر، پارت و ئه‌حزابی داپڵۆسێنه‌ر و خاوه‌ن میلیشا...

نه‌پڕۆژه‌ی چاكسازی سیاسی، نه‌پێش مه‌رجی مداوه‌له‌ی سیاسی، نه‌كۆبونه‌وه‌ی دوقۆڵی ژوره‌ داخراوه‌كان پشت به‌ست به‌ رێكه‌وتنی ستراتیژی، نه‌ سیناریۆی شه‌ڕی ده‌رونی راگه‌یاندن، نه‌خۆدزینه‌وه‌ له‌ به‌ڵێنه‌كان، نه‌ زنجیره‌ی داواكاری گشتگیر... نابنه‌ ده‌واو ده‌رمان و ساڕێژی برینه‌ قوڵه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه‌...

داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت (هه‌رچه‌نده‌ هه‌رێم ده‌وڵه‌ت نیه‌) دوچاری شپرزه‌یی و نائارامی ناجێگیری ده‌بن. به‌ هیچ شێوازێك پرۆسه‌ی دروستكردنی بڕیار له‌یه‌ك ساتدا لای كه‌سیان وه‌چنگ ناكه‌وێت، دودڵی له‌بڕیار، په‌شیمان بونه‌وه‌، نه‌فه‌س كورتی له‌به‌رامبه‌ر ره‌هه‌نده‌ جیاوازه‌كان... ئه‌مانه‌و زۆری تر ده‌بنه‌ ماك و خاڵه‌ دیاره‌كانی ده‌سه‌ڵات...

په‌یامه‌كه‌... به‌ هێندی گه‌مه‌یه‌كی نادیاری سیاسی پێش وه‌خته‌، به‌هێندی ئه‌وه‌ نامۆوی ته‌م و مژو، ده‌كه‌ویته‌ به‌حری خه‌یاڵات و وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ بیاباندا به‌دوی سه‌رابی خۆت بكه‌ویت...

په‌یامه‌كه‌... ریزبه‌ندی چاره‌سه‌ری سیاسی تیا به‌دی ناكرێت، تێكه‌ڵه‌یه‌ك له‌ ئه‌فكاری كه‌سی، دور له‌ خوێندنه‌وه‌ی یاسایی، موتوربه‌كراوه‌ به‌ ختوكه‌دانی سۆز، به‌ ئاگاهێنانه‌وه‌ی گه‌ل به‌وه‌ی له‌به‌رامبه‌ر به‌رد فیشه‌ك به‌كارهاتوه‌ سومعه‌ی خۆتان بپارێزن (ئه‌م قسه‌یه‌ زۆر نادیاره‌ كێن ئه‌وانه‌ی پێویسته‌ قسه‌ له‌سه‌ر سومعه‌یان بكرێت؟!...)...

په‌یامه‌كه‌... مه‌نتیقی سیاسی فره‌ ره‌هه‌ند و فره‌ دیدگای تێكه‌ڵه‌ و ئاوێته‌ به‌ته‌مومژ، درێژه‌دان به‌ مانه‌وه‌ له‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات و پاراستنی گیانی رێكه‌وتنی ستراتیژی، زیاتر به‌ئامباڵایا كراوه‌...

گومان هه‌مومانی ته‌نیبو، ئاخر كه‌ ده‌ڵێین ئه‌م قه‌یرانه‌ی ئێستای كوردستان پێكدادانی دوبه‌رابه‌ره‌ زانستی سیاسی و مه‌نتیق له‌لایه‌ك پیاوانی ته‌قلیدی سیاسه‌ت له‌لایه‌ك، پێش هاتنه‌وه‌ی سه‌رۆك بۆ كوردستان میدیاكان باسیان له‌وه‌ كرد كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان وتویه‌تی گه‌ر (٥٠٠٠٠)كه‌س له‌ هاوڵاتیان ئیمزا كۆبكه‌نه‌وه‌ بۆ لابردنم ئاماده‌م له‌ پۆسته‌كه‌م بێمه‌ خواره‌وه‌!...

په‌یامه‌كه‌... بۆ درێژه‌دان و مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر كورسی حوكمڕانی، بڕوانن ساڵ و نیوێكه‌ هه‌مو ده‌ڵێین واده‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا دواكه‌وتوه‌، كه‌س گوێ ناگرێت، كه‌چی له‌ چركه‌ ساتێكا پێمان ده‌ڵێت له‌ زوترین ده‌رفه‌تدا هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا بكرێت... ئه‌مه‌ له‌كاتێكا هێشتا یاسای كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان ته‌سدیق نه‌كراوه‌، ئیدی ئه‌مه‌ یه‌ك له‌ چاره‌سه‌ره ‌و چاكسازیه‌كان تا كۆتایی واده‌ی ئه‌م خوله‌ی ده‌سبه‌كاربونی سه‌رۆك و په‌رله‌مان ئه‌نجام نادرێت... ئه‌مه‌یه‌ چاره‌سه‌ر؟!...

په‌یامه‌كه‌... باس له‌ هاوكاریكردن بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازی سیاسی له‌لایه‌ن حوكمه‌ته‌وه‌ ده‌كات (ئه‌مه‌ش به‌م حكومه‌ته‌ی ئێستا نه‌ك هه‌ر ناكرێ بگره‌ موسته‌حیل كوڕی موسته‌حیله‌)!...

په‌یامه‌كه‌... باس له‌ قه‌ناعه‌ت به‌وه‌ی كه‌ هه‌ڵبژاردنی پێش وه‌خت بكرێت به‌ دیراسه‌ له‌ته‌ك لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان (دیسانه‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه‌ به‌ چۆنیه‌تی میكانیزم و ده‌سته‌به‌ركردنی هه‌نگاوه‌كان بكرێت، سه‌رۆك ئه‌م پێشنیاره‌ش ده‌خاته‌ نێو پۆست و بازاڕی سیاسه‌ته‌وه‌)!...

په‌یامه‌كه‌... باس له‌ چاره‌سه‌ری ریشه‌یی و دور له‌ موسه‌كینات ده‌كات!... ئه‌مه‌شیان گریمانه ‌و ره‌هه‌نده‌كانی نادیارو ونه‌!...

په‌یامه‌كه‌... پێی وایه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ مه‌رجه‌ع، رای گه‌ل... چونكه‌ مه‌رجه‌عیه‌ت ته‌نها خه‌ڵكی كوردستانه‌!... ئه‌م خاڵه‌ جه‌ختكردنه‌وه‌ و وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی بارزانیه‌ به‌وه‌ی كه‌ من راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن گه‌له‌وه‌ هه‌ڵبژێراوم و شه‌رعیه‌تی من ته‌نها و ته‌نها راسته‌وخۆ لای گه‌له‌، بیر له‌وه‌ مه‌كه‌نه‌وه‌ ده‌ست له‌كار بكێشمه‌وه‌ یاخود په‌رله‌مان بتوانێت متمانه‌م لێ وه‌ربگرێته‌وه‌!...

په‌یامه‌كه‌... ده‌ڵێت نه ‌سه‌رۆكی دائیم، نه‌حیزبی حاكم، نه‌په‌رله‌مانی هه‌میشه‌یی، میلله‌تی به‌رده‌وام هه‌یه‌... پێموایه‌ ئه‌م رسته‌یه‌ ده‌بوا ته‌واو كه‌ر به‌دوایدا بهاتایه‌ چونكه‌ رسته‌كه‌ هێشتا ته‌واو نه‌بوه‌!...

دواجار... هه‌مو ده‌سته‌واژه‌كانی نێو په‌یامه‌كه‌ی بارزانی به‌ هێندی ئه‌وه‌ی خۆلادان و ناڕازیبونه‌ به‌ بارودۆخه‌كه‌، به‌ هێندی ئه‌وه‌ چاره‌سه‌ری پێ نه‌بو!...

ئه‌رك و ئیلتیزامی مێژویی ئێستا له‌ ده‌ست حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ به‌تایبه‌ت (دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح به‌وه‌ی ده‌ست له‌كار بكێشێته‌وه‌) به‌مه‌ش مێژوی سیاسی خۆی و نه‌ته‌وه‌كه‌ی له‌ قۆناغێكی پڕ مه‌ترسیه‌وه‌ ده‌گوێزێته‌وه‌، ئیعلانكردنی وه‌زاره‌تێكی ئینتیقالی ته‌كنۆكراتی خاوه‌ن تواناو پڕ ئه‌زمون و بێ لایه‌ن كلیلی چاره‌سه‌ری رادیكاڵیه‌، بۆ خۆشكردنی زه‌مینه‌ی گونجاو ده‌سته‌به‌ركردنی هه‌ڵبژاردنێكی پێشوه‌خت...

 به‌ده‌ر له‌مه‌ ئه‌و شه‌پۆله‌ی كه ‌سیستمی جیهانی بڕیاری لێداوه‌ بێ گومان و یه‌قین بن ماك و نیشانه‌كانی له‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردیدا ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌یه‌، ده‌سه‌لمێت كه‌ پیاوانی ته‌قلیدی سیاسی خۆڕاناگرن له‌به‌رده‌م زانستی سیاسی مه‌نتیقیدا!... هه‌روه‌ك هاونیشتمانیانی فه‌یس بوك و شه‌قام ده‌ڵێن: (تاكات له‌ كات نه‌ترازاوه‌... ده‌سه‌ڵات هێشتا كات ماوه‌)!... وه‌لێ به‌ ده‌ردی مه‌لاكه‌مان لێ مه‌كه‌ن، كه‌ ده‌ڵێت: (به‌قسه‌م بكه‌ن، وه‌لێ به‌كردارم مه‌كه‌ن)!...

Sbeiy.com © 2007