Print
 مه‌لا كامه‌ران عه‌لی،‌ پاش ئازادكردنی: به‌رده‌وام ده‌بم له‌ ناڕه‌زایی ده‌ربڕین له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ری‌ خۆپیشانده‌ر له‌ به‌رده‌ركی سه‌را
Saturday, March 5, 2011
(سبه‌ی‌):
دوای‌ دو رۆژ‌ له‌ ده‌ستگیركردنی‌، ئێواره‌ی‌ ئه‌مرۆ مامۆستا كامه‌ران عه‌لی‌ له‌لایه‌ن ئاسایشی‌ سلێمانیه‌وه‌ ئازادكرا.
سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تی ده‌ستگیركردنی، مامۆستا كامه‌ران به‌ (سبه‌ی)‌ راگه‌یاند: دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ رۆژی‌ (یه‌كشه‌ممه)‌ له‌ به‌رده‌م به‌رده‌ركی سه‌را وتارێكم پێشكه‌شی جه‌ماوه‌ری‌ خۆپیشانده‌ری‌ سلێمانی‌ كرد، چه‌ند كه‌سێك دوای‌ نوێژی‌ مه‌غریب هاتن بۆ ئه‌وه‌ی‌ تا عه‌ربه‌ت له‌گه‌ڵیاندا بڕۆم، دواتر له‌ ناو سه‌یاره‌كه‌دا وتیان پێویسته‌ چاویشت ببه‌ستین، پاش ئه‌وه‌ش ئه‌وان راده‌ستی‌ كۆمه‌ڵێك كه‌سی دیكه‌یان كردم، كاتێكیش چاویان كردمه‌وه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌و شوێنه‌ بینیمن، ده‌مامكدار بون.
وتیشی: دواتر كه‌سێك هاته‌ ژوره‌وه‌و چه‌ندین مامه‌ڵه‌یه‌كی نه‌شیاوی‌ له‌گه‌ڵمدا ئه‌نجامدا.
له‌ لێدوانه‌كه‌یدا مامۆستا كامه‌ران باسی له‌وه‌شكرد، كه‌ ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه)‌ ئه‌و كه‌سه‌ی‌ یه‌كه‌مجار لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵدا كردوه‌، پێی وتوه‌ ئازادت ده‌كه‌ین به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی‌ نه‌چیته‌وه‌ به‌رده‌ركی سه‌را، ئه‌ویش ئه‌و مه‌رجه‌ی‌ قبوڵ نه‌كردوه‌، بۆیه‌ ناچاربون ئازادی‌ بكه‌ن.
ته‌ئكیدیشی له‌وه‌كردوه‌ته‌وه‌: به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ ناڕه‌زایی ده‌ربڕین له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ری‌ خۆپیشانده‌ر له‌ به‌رده‌ركی سه‌راو به‌ هیچ شێوه‌یه‌كیش ئاماده‌‌ نیه‌ سازش له‌ پشتگیریكردنی جه‌ماوه‌ری‌ خۆپیشانده‌ر و داواكانیان بكات.
Sbeiy.com © 2007