Print
 گڵۆپی‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان مه‌شكێنن،
تا تاوانه‌كان دانه‌گیرسێن
Thursday, January 3, 2008

• غیابی‌ ئه‌و هه‌موو ئه‌ندام پارله‌مانانه‌ی‌ كوردستان، كه‌وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن: ئه‌وان نوێنه‌ری‌ حیزب گه‌لێكن كه‌ خه‌ڵك بڕوای‌ به‌خشیوه‌ته‌ حیزبه‌كانیان ‌و ئه‌وانیش به‌خشیویانه‌ته‌ ئێمه‌، له‌ ته‌سدیقكردنی‌ پڕۆژه‌ یاسایه‌كی‌ وه‌ك ئه‌مه‌ی‌ (رۆژنامه‌گه‌ریی)دا، ئاست ‌و به‌های‌ نوێنه‌رایه‌تییان چی لێده‌كات؟! 

• ئاخۆ ئه‌وان به‌نوێنه‌رایه‌تیی كێ‌ ئاماده‌نابن ‌و به‌نوێنه‌رایه‌تیی كێ‌ ده‌نگ ‌و بانگ ‌و ره‌نگ له‌م وڵاته‌ ره‌نگاڵه‌ییه‌، ده‌بڕن؟!.

•  به‌ خه‌ته‌ سوره‌ پانه‌ ته‌لبه‌نده‌ دڕكاوییه‌ زیادكراوه‌كانی‌ ناو ئه‌م یاسایه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ تا چه‌ند پارله‌مانتاران حه‌سانه‌ی‌ خۆیان بۆ پاراستنی‌ ئێمه‌و چه‌نده‌ جه‌سته‌ی‌ خۆیان وه‌ك قه‌ڵغان بۆ به‌رگریكردن له‌ ئێمه‌ به‌كاربردووه‌.

• دكتۆر عه‌بدولعه‌زیم ره‌مه‌زان، ده‌فه‌رمووێت: رۆژنامه‌كان، ئه‌و گڵۆپانه‌ن كه‌ شه‌قام ‌و كوچه‌ تاریكه‌كانمان بۆ رۆشنده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌ر كاتێك ئه‌وان نه‌مان، ئه‌وا ئیتر دوور له‌ چاوی‌ ئێمه‌ هه‌زاران تاوان ده‌كرێن ‌و تا ئه‌و ده‌مه‌ی‌ ده‌بینه‌ یه‌كێك له‌ قوربانییه‌كان، هیچ نابینین، ئازادیی له‌ رۆژنامه‌گه‌ریی مه‌بڕن، با راستییه‌كان له‌ تاریكییدا سه‌رنه‌بڕرێن.

• ترس له‌ وتن، ترس له‌ نووسین، ترسێكه‌ له‌ خود، ترسه‌ له‌وه‌ی‌ ناتانه‌وێت وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ هه‌ن بتانبینین، ده‌تانه‌وێت وه‌كو ئه‌وه‌ی‌ ده‌تانه‌وێت بتانبینین، وه‌كو ئه‌وه‌ی‌ ده‌تانه‌وێت بمانبینن، هه‌ڵه‌یه‌كی‌ زه‌به‌لاحه‌ بمانه‌وێت چیدی‌ له‌ سێبه‌ری‌ خۆمان هه‌ڵبێین، كه‌وتنه‌ چاڵێكی‌ گه‌وره‌یه‌، بمانه‌وێت رۆح له‌ جه‌سته‌ جیاكه‌ینه‌وه‌، ئه‌ی‌ ده‌نگه‌ زاڵه‌كانی‌ نیشتمان، ئازادیی به‌شێك نییه‌ له‌ رۆح، بۆخۆی‌ رۆحه‌، رۆژنامه‌گه‌ریی جه‌سته‌یه‌، بێ‌ ئه‌و رۆحه‌ی‌ ئازادییه‌، ئه‌و یان ده‌مرێت، یان ده‌كوژرێت، یانیش ده‌بێته‌ په‌یكه‌رێكی‌ چاونووقاوی‌ سه‌رخواری‌ وا، كه‌ چاوه‌ڕێی‌ عه‌مسام ده‌كات بێت ‌و رۆژێكی‌ وه‌ك 9/4 له‌ گۆڕه‌پانی‌ فیرده‌وسدا، سه‌ری‌ به‌رزی‌، با له‌ زه‌وی‌. 

• داهاتی‌ نیشتمانتان برد، پیرۆزتان بێت، ده‌سه‌ڵاتتان له‌ هه‌موو كه‌سێك سه‌نده‌وه‌، پیرۆزتان بێت، له‌ بری‌ هه‌موومان ده‌نگتان دا، پیرۆزتان بێت، مێژووتان وه‌ها نووسیه‌وه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی‌ ده‌تانه‌وێت، پیرۆزتان بێت، به‌قه‌د هه‌موومان موچه‌، به‌قه‌د هه‌موومان به‌نزین ‌و به‌قه‌د نیشتمان، پاسه‌وان، به‌قه‌د ئه‌خته‌رێك رووناكیی ‌و به‌قه‌د سكه‌ی‌ شه‌مه‌نده‌فه‌رێكی‌ درێژ ته‌لاری‌ به‌رز ‌و بڵندتان، بۆ خۆتان برد، پیرۆزتان بێت، به‌ڵام بێڵن رۆژژمێری‌ ئه‌و ساتانه‌ وه‌كو خۆیان تۆماربكه‌ین، كه‌ روویاندا، تا روومانبێت به‌نه‌وه‌ی‌ دوای‌ خۆمان بڵێین بۆچی‌ بۆ دوا گه‌ڕاینه‌وه‌.

• سه‌یره‌، تاوانباری‌ ئه‌نفال ئازادبكرێت ‌و ئازادییش خۆی‌ ملی‌ باریكی‌ وه‌ك هێشوو به‌ قه‌دی‌ داره‌وه‌ بكرێت.

• چاوه‌ڕوان بووین، ره‌خنه‌ له‌ عه‌رشی‌ ده‌سه‌ڵات بگیرێت ‌و بانگبكرێته‌ به‌ر پارله‌مان كه‌ بۆچی‌ ئازادیی هه‌موو وه‌ك بولبولێكی‌ نه‌خشینی‌ زۆر خۆشه‌ویست سه‌یرده‌كات ‌و ده‌یه‌وێت هه‌ر له‌ قه‌فه‌زه‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌وه‌ گۆرانی‌ بۆ وڵات بڵێت، كه‌چی‌ ئه‌وان له‌بری‌ عه‌رش، دوا بزماریان دا له‌ نه‌عشی‌ ئه‌و زاته‌ پاكه‌ شیرینه‌ی‌ ناوی‌ خۆی‌ نابوو، ئازادیی.

 

Sbeiy.com © 2007