|
ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریکا: پێویسته حکومه‌تی هه‌رێم داواکاری خۆپیشانده‌ران جێبه‌جێ بکات |
Saturday, March 5, 2011 |
(سبه‌ی):
وته‌بێژی ره‌سمی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریکا نیگه‌رانی خۆی به‌رامبه‌ر روداوه خوێناوییه‌کانی عێراق و هه‌رێمی کوردستان پیشانداو داواش ده‌کات داواکاری خۆپیشانده‌ران جێبه‌جێ بکرێت.
تۆمی ڤیتۆر، له‌به‌یاننامه‌یه‌کدا که دوێنێ (سێشه‌ممه) بڵاوکراوه‌ته‌وه، رایگه‌یاندوه: رۆژی 25ی شوبات هاوڵاتیانی عێراق به‌شێوه‌یه‌کی ئاشتیانه رژانه سه‌رشه‌قامه‌کان بۆ به‌ده‌ستهێنانی داواکارییه‌کانیان و ئه‌مه‌ش زیاتر له 40 شاری گرته‌وه.
باسی له‌وه‌شکردوه، زۆرینه‌ی خۆپیشاندانه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی ئاشتیانه بوه، به‌ڵام له‌هه‌ندێ شوێن توندوتیژی لێکه‌وته‌وه‌و به‌پێی ئاماره سه‌ره‌تاییه‌کان 12 مه‌ده‌نی کوژراون و 100 هاوڵاتی مه‌ده‌نی دیکه‌و 100 پۆلیسیش بریندار بون.
هاوکات وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریکا نیگه‌رانی خۆی ده‌ربڕیوه به‌رامبه‌ر سه‌رکوتکردنی خۆپیشانده‌ران و ته‌قه‌کردن و ده‌ستگیر کردنیان و هێرشکردنه سه‌ر رۆژنامه‌نوسان له‌کاتی روماڵکردنی روداوه‌کاندا له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌کانه‌وه، ئه‌وه‌ی وتوه: به‌پێویستی ده‌زانین رێز له‌ئازادی را ده‌ربڕین و ئازادی کاری رۆژنامه‌وانی بگیرێ له‌ته‌واوی عێراقدا به هه‌رێمی کوردستانیشهوهو کاری له‌وشێوه‌یه دوباره نه‌بێته‌وه.
ناوبراو وێڕای ئاماژه‌دان به به‌یاننامه‌کانی هه‌ردو حکومه‌تی عێراق و هه‌رێم به‌رامبه‌ر ئه‌و روداوانه، داواشیکردوه لێکۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌رپرس و که‌سانه‌دا بکرێت که ته‌قه‌یان له خۆپیشانده‌ران کردوه، به‌تایبه‌ت روداوه خوێناوییه‌که‌ی 17ی شوباتی شاری سلێمانی.
له‌هه‌مانکاتدا داواشی له‌هه‌ردو حکومه‌تی عێراق و هه‌رێم کردوه داواکانی هاوڵاتیان و خۆپیشانده‌ران جێبه‌جێ بکه‌ن و گوی بۆ داواکارییه‌کانیان بگرن. |
|
|