Print
 هه‌رسێ فراکسیۆنی گۆڕان و کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتو بایکۆتی دانیشتنی په‌رله‌مانی کوردستانیان کرد
Saturday, March 5, 2011

(سبه‌ی):
به‌رامبه‌ر ئه‌و پشێلکارییانه‌ی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان ئه‌نجامده‌درێت، هه‌رسێ فراکسیۆنی گۆڕان و یه‌کگرتو و کۆمه‌ڵ نه‌چونه‌ دانیشتنی په‌رله‌مانی کوردستانه‌وه‌.
له‌وباره‌یه‌وه‌ عه‌بدوڵای مه‌لا نوری، ئه‌ندامی فراکسیۆنی گۆڕان له‌په‌رله‌مانی کوردستان به‌ (سبه‌ی) راگه‌یاند: پاش ئه‌وه‌ی دوێنێ پشوی په‌رله‌مان کۆتایی هات ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌) دانیشتنی ئاسایی په‌رله‌مانی کوردستانی ده‌ستیپێکرده‌وه‌.
وتیشی: له‌و دانیشتنه‌داو به‌هۆی پێشێلکارییه‌کانی ده‌سه‌ڵات به‌رامبه‌ر هاوڵاتیان و جێبه‌جێنه‌کردنی داواکارییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان، ئێمه‌ وه‌ک فراکسیۆنی گۆڕان له‌گه‌ڵ هه‌ردو فراکسیۆنی یه‌کگرتو و کۆمه‌ڵ بڕیارماندا نه‌چینه‌ دانیشتنه‌که‌وه‌.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی گۆڕان ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له‌کاتێکدا په‌رله‌مان بڕیارێکی 17خاڵی به‌رامبه‌ر روداوه‌کانی هه‌رێم و پێشێلکارییه‌کانی ده‌سه‌ڵات ده‌رکردوه‌، به‌ڵام تاوه‌کو ئێستاش ده‌سه‌ڵات‌ به‌رده‌وامه‌ له‌ئه‌نجامدانی پێشێلکاری و گوێ به‌ به‌یاننامه‌که‌ی په‌رله‌مان نادات.

Sbeiy.com © 2007