Print
 گەنج و پیر... ئێستا و ئاییندە...!
Monday, March 7, 2011
کامەران عەزیز

هەڵوێستی چوارەم:
لای گەنجان (ئێستا) بنەمای هەر ئاییندەیەکە... بنەمای هەر خەیاڵێکی نو‌ێیە... (ئێستا) بۆ گەنجان تەنها ساتی تێپەڕینە، (ئێستا) لە دیدی گەنجاندا بێجگە لە خشتی بنیاتنانێک بۆ (ئاییندە) هیچ مانایەکی نی‌یە...! گەنجان ئەو توێژەن کە پڕ پڕن لە ئومێدی زۆر، بۆیە هەمیشە چاویان لە ئایندەیە بۆ ئایندە دەژین، چونکە ئاییندە بۆ گەنجانی هوشیار و خاوەنە مەعریفە جێگای حەوانەوە و ئارامی و دروستبون و بنیاتنانی ئەوانە.

گەنجان، بونی توانای کەسیەتی خۆیان و هاوتەمەنەکانیانە کە دەتوانێت بونی توانای کەسیەتیان بسەلمێنێت، چونکە توێژەکانی سەرەوەی خۆیان واتا پیرانی پیر و کۆن بۆ گەنجان نەک هەر سەرچاوەی نوێکاری و هێز و توانا نیین، بەڵکو گەنجان کاتێک کە ئەم جۆرە پیرانە دەبینن بێزار دەبن و بۆ ساتێکی کورت خەمۆکی دایاندەگرێت (بە تایبەت لەپیریەتیەکی بێ هێز و پاسیڤ)، ئەم پیرەیەتییە کە دەتوانێت بیانترسێنێت لە ئاییندەیەکی هیچی بێ بون، ئا لەم کاتەدایە کە گەنجان بە گوێگرتن لە چێرۆکی پیرەکان بێزار دەبن... توڕە دەبن... یاخی دەبن و هەوڵێکی بێوچان دەدەن تا نەگەن بە ئەنجامی هەمان چێرۆکی مردو و نەگونجاوی پیرانی کۆن... تا هەمان ئاییندەی ئێستای پیرانی سەر دەسەڵاتەکان لە ئاییندەی خۆیاندا دوبارە نەکەنەوە...!

ناوەڕۆکی ئەم تێگەیشتنەی سەرەوە لە دید و زهنی گەنجانی هوشیاردا، پاڵنەرێکە بۆ خێراترکردنی هەنگاوەکانیان... پاڵنەرێکە بۆ یاخیبون و بەرەوڕوبونەوەی هەر دیوار و کۆسپێک کە بەرەو روی هەنگاوەکانیان دێت و هەڕەشە لە ئاییندەیان دەکات... پاڵنەرێکە بۆ بەگژاچونەوەی گەورەترین هێزی تۆقێنەری هەر دەسەڵاتێک، بەبێ دودڵی و راڕایی و ترس، چونکە وەک لە سەرەوە رونم کردەوە گەنجان دەیانەوێت بونی توانایی و کەسیەتی خۆیان بسەلمێنن، ئەوە گەنجانن کە لە رۆژانی هەستان و خرۆشان و روبەڕو بونەوە لەگەڵ ‌هەر هێز و دەسەڵاتێکی هێرشبەردا، یەکەم هێز دەبن کە بە زویی دەگەنە پێشەوەی بەرەو روبونەوەکان... بۆئەوەی ئێستای کۆن و باو بڕۆخێنن و ئاییندەیەکی نوێ بە دەست و مەچەک و خوێنی خۆیان دروست بکەن!

بەڵام بەپێچەوانەی گەنجانەوە پیرەکان ئەو توێژە کۆمەڵاتیەن، کە ئێستایان زۆر خۆش دەوێت...! هەمو هەوڵێ دەدەن تائێستایان لە دەست نەچێت و زو نەگەنە کۆتایی ئێستا... چونکە ئێستا بۆ پیرانی پیر و کۆنی سەر دەسەڵاتەکان ئایندەیە، کاتیان نەماوە تا بیانەوێت ئایندەیەکی دیی تێدا دروست بکەن، بێجگە لە ئاییندەیەک بۆ مەرگ...!

هەرترسی مەرگە کە پیرەکانی سەر دەسەڵات لە گەڕخستن و بزواندنی هێز و توانای گەنجان دەترسێنێت...! لە خرۆشان و یاخیبونی گەنجان دەترسێنێت، چونکە دەزانن بە هاتنە مەیدانی گەنجان، پیران پێگەی خۆیان... پیرۆزی خۆیان... هەیمەنەی خۆیان... لە بەرامبەر گەنجاندا... لە دەست دەدەن و گەنجان دەتوانن لە لێواری مەرگ نزیکیان بکەنەوە...! پیرەکان باش دەزانن کە گەنجان خاوەنی ئەو ئێنەرژیەن دەتوانن لە یەک کاتدا هەم بڕۆخینن، هەم دروست بکەنەوە... گەنجان بە زیندویی لەنێو گۆڕانکاریەکانی ژیاندان، دەزانن کە دەتوانن لەگەڵ ئەم گۆڕانکاریانەدا بەبێ گومان بڕۆن... دەتوانن داهێنان بکەن و خواستەکانیان بەهێزی خۆیان بەدەست بهێنن...! بەڵام دەسەڵاتدارانی پیر توانای ئەوایان نییە لەگەڵ گوڕی هەنگاوەکانی گەنجەکاندا بڕۆن... ناتوانن خێرا بیر بکەنەوە و خێرا وێنەی دەوروبەریان بناسن و جوان و ناشیرین لێکدی جیا بکەنەوە... چونکە پیرەکان، یان تەنها ژیان بە جوانی دەبینن یان تەنها بە ناشیرینی و مردویی، واتا لەو دیو خەیاڵەکانی خۆیانەوە خەیاڵێکی دی نابینن... خولقیشیان نییە بیری لێ بکەنەوە و بیبینن...! لە لایەکی دییەوە پیرەکان دەترسێن کە بەرهەمی دەستی خۆیان بۆ هەتایە لە دەست بچێت و خەونی ئارام و جێگیریان لێ حەرام بکرێت و هەمو دنیای خۆیان لێ هەڵبوەشێنرێتەوە...!

پیرەکانی سەر دەسەڵات بەپێچەوانەی گەنجانەوە بۆ ئێستا دەژین، ئێستا بۆ ئەوان ئاییندە و کۆتایی ساتەکانە، دەیانەوێت لە هەمو ئێستایەکدا ئارام و لە سەرخۆبن، بانگەشەی ئارامی و لەسەرخۆیی بۆ گەنجانیش دەکەن بە چەند مەبەستێک: یەکەم: پیرەکان زۆر دەترسێن لە بەجێمان... چونکە پیران خاوەنی ئەو ئێنەرژیەی گەنجان نیین، بۆیە ناتوانن لە گەڵ گەنجاندا سەختی رێگاکان ببڕن. دوەم: پیرەکان لە هەر ئاستێکدا بێت، ماڵێکیان بۆ ئارامی و حەوانەوەی خۆیان و نەوەی ژێر دەسەڵاتیان دروستکردوە، نایەنەوێت بە ئاسانی لە دەستیان بچێت، چونکە بە ئاسانی بۆیان دروست نابێتەوە. سیَیەم: پیرەکان تێناگەن کە گەنجەکانیان حەزیان لەم نیشتمانە کۆن و وەستاو و باوە نییە، لەم ماڵە کۆن و باوەدا، گەنجان ناتوانن داهێنان بکەن... خەون و هیواکانیان ببینن و ژیانێکی نوێ بەدیبهێنن...! چوارەم: پیرەکانی سەر دەسەڵات نە دەیانەوێت... نە بڕوایان بەوەیە کە دەسەڵات و بڕیار بۆ گەنجان بەجێبهێڵن، چونکە خاوەنی هەمان بیری کۆنی دەسەڵاتخوازی چەند سەدەیەکی پێش ئەم سەردەمەن...!

بڕوای ژیاندۆستی، لە هەمان کاتدا مەرگدۆستی بۆ گەنجان ئایدیایەکی مادیانە و عیلمانیە و خاڵییە لە هەر وەهمێکی ئایدۆلۆژی و ئایینی، چونکە وەک لە سەرەرە رونم کردوە گەنجان ئەو مرۆڤانەی نێو کۆمەڵگان کە هەمیشە بڕوایان بە هێز و جەستەی خۆیان هەیە... بڕوایان بە گۆڕانکاری واقیعی و زیندو هەیە، بڕوایان بە تازەگەری و رانەوەستان هەیە... بڕوایان بە هەر شتێکی گۆڕا و دوبارە نەبو هە‌یە، لەبەر ئەم توانا سروشتییەی گەنجانە، کە زۆرینەی داهێنانەکان لە سەردەستی گەنجاندا رو دەدات...! لەبەر ئەم توانا سروشتیەی پێکهاتەی گەنجانە، کە لەلای گەنجان پڕۆسەی تەواوەتی مەرگ کۆتایی ژیانە و ماڵ ئاوایی هەتا هەتاییە لە ژیان...! لە باوەڕی گەنجاندا مەرگ هەرگیز ناتوانێت سەرەتای ئێستایەکی دی بۆ ژیان دروست بکاتەوە و بیخاتەوە سەر سکەی هەنگاو و هەرەتی گەنجیەتی... مەرگ لە لای گەنجان تەنها بۆ یشاندان و سەلماندنی سمبولی گەنجیەتییە...!

واتا، ئەو جۆرە مەرگەی کە دەتوانێت ژیانێکی دی بۆ مرۆکان دروست بکاتەوە، ئەوا تەنها لە باوەڕبونی پیراندا... لە باوەڕە وەهمی و خروفاتەکاندا بونی هەیە، ئەوانەی بڕوایان بە مەرگ و مەرگدۆستی هەیە ئەوا پیرە بیر کۆنەکانن... ئەوپیرانەن کە لە هەمان جەستەی لاوازی خۆیانەوە دەڕواننە جەستەی بە توانا و ئاگر گرتوی گەنجان، ئەو پیرانەن کە لە جەستەی نا ئەکتیڤ و بێبەرهەمی خۆیانەوە دەڕواننە جەستەی چالاک و بەرهەمداری گەنجان...! ئەو پیرانەن کە تەنها بڕوایان بە (قەدەر و نسیب) هەیە، قەدەر و نسیبێک کە هیچ کارێکی فیزیکی و ئیرادەی مرۆڤەکان لە خۆ ناگرێت و عەقڵیان نایخوێنێتەوە، قەدەرێک کە پیرەکان تا مردن، لە چاوەڕوانی و پاڕانەوەدا دەهێڵێتەوە...

ئەم قەدەر و نسیبە لە دیدی گەنجاندا لە کەمترین ئاستدایە، تەنها لە دید و زهنی گەنجە بە پیرکراوەکانن، ئەم قەدەر و نسیبە لە کۆمەڵگا ژیاندۆست و عیلمانیەکاندا، بونی نییە و نابینرێت...!

 

Sbeiy.com © 2007