Print
 ده‌واره‌كانی‌ ئازادی‌
Monday, March 7, 2011

هه‌رچۆن موباره‌ك به‌حوشتره‌وه‌ به‌ره‌نگاری‌ خۆپیشانده‌ران و شه‌پۆلی‌ فه‌یسبوكی‌ ده‌كرد، حیزبه‌ كوردیه‌كانیش به‌هێزه‌ چه‌كداركانیان و به‌هێزه‌ ده‌مامكداره‌كانیان به‌ره‌نگاری‌ ئه‌و شه‌پۆلی‌ توره‌بونه‌ ده‌كه‌ن، له‌سنووری‌ قه‌ڵه‌م ره‌وی‌ بارزانی‌ و حیزبه‌كه‌ی‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئازادی‌ قه‌ده‌غه‌یه‌، ترسناكتیرن وشه‌ له‌ هه‌رێمه‌ زه‌رده‌كه‌ی‌ پارتی‌ وشه‌ی‌ دیموكراسی‌ و ئازادیه‌، ته‌نانه‌ت بۆ كه‌سیش نیه‌ به‌گروپ بچنه‌وه‌ بۆماڵ و له‌سه‌رشه‌قامه‌كان بوه‌ستن، هه‌ر قوژبنێك و سیخورێك، چه‌كدارێك، چاوێكی‌ حیزبی‌ ئاماده‌یی‌ هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ رێگه‌ نه‌ده‌ن كه‌س باسی‌ ئازادی‌ و مافه‌كانی‌ خۆی‌ بكات، بۆیه‌ بارزانی‌ هه‌رچی‌ بڵێیت له‌سه‌ر ئازادی‌ كه‌س گوێی‌ لێناگرێت، چونكه‌ قسه‌كانی‌ ئه‌و ماهیه‌تی‌ خۆی‌ و حیزبه‌كه‌ی‌ هه‌رگیز یه‌ك ناگرنه‌وه‌ و قه‌تیش روینه‌داوه‌ له‌سه‌ره‌تای‌ دروست بوونی‌ حیزبه‌كه‌یه‌وه‌ تا ئه‌م چركه‌ساته‌ بۆجارێكیش باوه‌ڕی‌ به‌ئازادی‌ خه‌ڵك هه‌بێت، جگه‌له‌مه‌ش به‌وه‌ناسراوه‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌یڵێیت نه‌خۆی‌ جێبه‌جێیده‌كات نه‌حیزبه‌كه‌ی‌، بۆیه‌ كاتێك باس له‌وه‌ده‌كات "50" هه‌زار كه‌س داوای‌ ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ بكه‌ن ده‌ست له‌كارده‌كێشێته‌وه‌، ئێسته‌ به‌س له‌ده‌وروبه‌ری‌ مه‌یدانی‌ ئازادی‌ و حه‌وشه‌ی‌ زانكۆیه‌ك رێژه‌كه‌ دوو هێنده‌یه‌ بۆده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی‌، ئه‌ی‌ بۆ قسه‌كه‌ی‌ خۆی‌ ناباته‌ سه‌رو ده‌ست له‌كاربكێشێته‌وه‌ له‌كاتێكدا میله‌ت ئه‌وی‌ قبوڵ نیه‌، گه‌رباوه‌ریش ناكات به‌وه‌ با زه‌حمه‌ت بكێشێت هێزه‌كانی‌ له‌ناو هه‌ولێر بكێشێته‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ نه‌كه‌ن له‌خه‌ڵك، جاده‌زانێت له‌ هه‌ولێر چی‌ روده‌دات؟

ده‌زانێت خه‌ڵك ئه‌و حیزبه‌كه‌ی‌ قبوڵه‌ یان نا. مرۆڤ كاتێك ئه‌مانه‌ ده‌بینێت بونه‌ته‌ گۆبڵز شه‌رم ده‌كات له‌خۆی‌ چۆن له‌ هه‌رێمێكی‌ وا ژیاوه‌ كه‌ ئه‌م سته‌مكارانه‌ سه‌رپه‌رشتیان كردوه‌، باله‌وه‌ گه‌ڕێین كه‌ پارتی‌ به‌رده‌وام وه‌ك خۆی‌ كه‌ پله‌یه‌كی‌ به‌رزتره‌ له‌ به‌عس مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئازادی‌ ده‌كات، ئه‌ی‌ یه‌كێتی‌ چی‌ كه‌متره‌ له‌و؟ بۆچی‌ یه‌كێتی‌ كوڕی‌ خه‌ڵك ده‌كوژێت له‌سه‌ر باره‌گایه‌كی‌ حیزبه‌ هاوپه‌یمانه‌كه‌ی‌؟ بۆچی‌ هێزه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ شه‌وكوتی‌ ده‌كه‌ن؟ ده‌مامك له‌كێ‌ ده‌پۆشن ئه‌ی‌ ئه‌و هێزانه‌ی‌ جورئه‌تان نیه‌ بسته‌خاكێكی‌ ئه‌م ولاَته‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر نیشتیمان، به‌لاَم بۆ هاولاَتیه‌ بێ‌ چه‌كه‌كانی‌ خۆتان كوته‌ك به‌كارده‌هێنن، ئێوه‌ ده‌توانن هه‌موو شه‌و بێنه‌ سه‌ر ده‌واره‌كانی‌ مه‌یدانی‌ ئازادی‌ و بیان سوتێنن، به‌لاَم هه‌رگیز غیره‌تی‌ ئه‌وه‌تان نیه‌ بۆجارێك بچنه‌ خوار كه‌ركوك و كۆنه‌ به‌عسیه‌كی‌ به‌ده‌ستی‌ خۆتان عه‌فوكراو ده‌ربكه‌ن، ئێوه‌ ده‌توانن شه‌وان هه‌ڵكوتنه‌ سه‌ر گه‌نجه‌كانی‌ ولاَت، وه‌لێ‌ بۆتان ناكرێت جارێك سه‌یری‌ پیاوه‌تی‌ خۆتان بكه‌ن و تا حه‌مرین بڕۆن.

گه‌رپێتان وابێت ئه‌وه‌ ده‌ستكه‌وته‌ بچنه‌سه‌ر گه‌نجانی‌ ناڕاز، ئێمه‌ش پێیتان ده‌ڵێین به‌راستی‌ شه‌رمه‌ ئێوه‌ كوردبن، خه‌یمه‌كان بسوتێنن، گه‌نجه‌كان بده‌نه‌ به‌ركوته‌ك، راویانێن به‌كۆلاَنه‌كاندا، هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ی‌ بارزانی‌ و تاڵه‌بانی‌ كۆبونه‌وه‌ ئه‌مانزانی‌ ئاژاوه‌یه‌ك روده‌كاته‌ ئه‌م ولاَته‌، چونكه‌ ئه‌و دووانه‌ كاتێك كۆده‌بنه‌وه‌ یا شتێك بشێوێنن یان شتێك دابه‌شكه‌ن به‌سه‌ر خۆیاندا، ئه‌وانه‌ ده‌مێكه‌ ئه‌و كارانه‌ ده‌كه‌ن و ده‌مێكیشه‌ بۆ ئێمه‌ رون بونه‌ته‌وه‌ سیفه‌تی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كردنیان قابیل نیه‌ و دوور یان نزیك ده‌بێت به‌ ئیراده‌ی‌ خه‌ڵك دوور بكه‌ونه‌ و هه‌قی‌ خۆیان وه‌ربگرن.

هێزه‌كانتان به‌ده‌مامكه‌وه‌ مه‌نێرنه‌ سه‌رگه‌نجه‌كان، چونكه‌ باش ده‌تان ناسین و ده‌زانین ماهیه‌تی‌ ئێوه‌ چیه‌، ئێوه‌ نه‌بوون ته‌قه‌تان له‌منالاَن كرد، منداڵكوژه‌كانی‌ حیزب، ئێوه‌ نه‌بوون به‌عه‌قڵی‌ كێویانه‌ی‌ خۆتانه‌وه‌ له‌به‌ر باڵه‌خانه‌یه‌كی‌ حیزبی‌ گه‌نجی‌ شاره‌كانتان كوشت، ئێوه‌ نه‌بوون له‌غیابی‌ عه‌قڵدا چه‌كه‌كانتان روكرده‌ هاونیشتیمانیه‌كان، گه‌ر ئه‌و چه‌كانه‌ بۆكوردن خه‌یره‌ شه‌هامه‌تی‌ ئه‌وه‌تان نیه‌ روبه‌روی‌ دوژمنه‌كانی‌ بكه‌نه‌وه‌، چیتان پێكرا كرتان، تادزی‌ هه‌بوو دزیتان، تا كوشتن هه‌بوو كوشتان، تاخیانه‌ت هه‌بوو كرتان، تا ده‌ستدرێژی‌ هه‌بوو كردتان، ئه‌وه‌ی‌ ماوه‌ته‌وه‌ بیكه‌ن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت دادگای‌ بكرێن و هه‌رچی‌ خراپه‌یه‌كتان كردبێت باجه‌كه‌ی‌ بده‌ن، من دڵنیام ئه‌و گه‌نجانه‌ رۆژێك نه‌خشی‌ سیاسی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ ده‌گۆڕن، دڵنیاشم یه‌ك به‌یه‌ك پشتی‌ ملتان ده‌گرن و باجه‌كه‌تان لێوه‌رده‌گرنه‌وه‌، ئیتر ده‌مامك ببه‌ستن یان نا، خۆتان بشارنه‌وه‌ یان نا، روونه‌ ئێوه‌ له‌كوێوه‌ دێن و كێن، كه‌س نه‌تان ناسێت ئه‌و گه‌نجانه‌ ئه‌تان ناسن سه‌ر به‌چ عه‌قڵێكی‌ كێوین، هیچ نه‌بێت به‌رپرسه‌كانتان ده‌ناسرێن و رۆژی‌ ئه‌وه‌ش دێت باجه‌كه‌ی‌ بده‌ن، چ لێره‌ بیده‌ن یان له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ ولاَت ئه‌و باجه‌ هه‌ر ده‌درێت.

نه‌حوشتره‌كانی‌ موباره‌ك رێگه‌ی‌ به‌م شه‌پۆله‌ گرت نه‌ چه‌كدار و ده‌مامكه‌كانی‌ ئێوه‌ش رێگه‌ی‌ لێده‌گرێت. هه‌ڵیش مه‌كتونه‌ سه‌رخه‌یمه‌ و ده‌واری‌ ئازادی‌ ئه‌م ولاَته‌، باله‌وه‌ زیاتر توڕه‌بوون ده‌ست پێنه‌كات، ئه‌گه‌ر به‌نیازن توڕه‌بوون ده‌ست پێبكات ئه‌وه‌ی‌ پێش خه‌یمه‌كان تارو مارده‌كرێت ماڵه‌كانی‌ ئێوه‌یه‌ پیاوانی‌ ده‌سه‌لاَت، ده‌توانین پێیتان بڵێین به‌رله‌وه‌ی‌ روبدات و ماڵه‌كانتان وه‌ك خه‌یمه‌كانی‌ به‌رده‌ركی‌ سه‌را بسوتێن هۆش بكه‌نه‌وه‌ به‌به‌ری‌ خۆتاندا. ئه‌گینا كه‌ په‌رچه‌كردار ده‌ستی‌ پێكرد هیچ نامێنێت و خۆتان و ته‌لاره‌كانیشتان تارو مار ده‌بن.

Sbeiy.com © 2007