رێگا ره‌وف
له‌م قۆناغه‌دا، كه رێپێوانی جه‌ماوه‌ری به‌ڕێده‌خرێت له‌زۆربه‌ی شاره‌كانی كوردستان به‌دژی گه‌نده‌ڵی و كه‌موكورتییه‌كان و... چه‌ندین داواكاری تر، كه راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌ژیانی هه‌مه رۆژه‌ی خه‌ڵكه‌وه‌یه، له گشت لایه‌نه‌كاندا. هاوكات ژنانێكی زۆر ـ به دور له رێكخراوه ژنانه‌كانی كوردستان ـ هاتونه‌ته ناو خۆپیشاندانه‌كان، به‌شداری ده‌كه‌ن، به‌شێوازی جیاجیا. ئه‌و به‌شداریكردنه‌ی ژنان جێگه‌یه‌كی زۆر گرنگ و هه‌ستیاری هه‌یه له‌م ده‌وره‌یه، به‌تایبه‌ت له هاوكێشه سیاسیه‌كاندا. چون هه‌میشه ژنان وه‌ك ره‌گه‌زێكی كاریگه‌ر، زۆرترین باجیان داوه له دواكه‌وتویی كۆمه‌ڵگادا، له كه‌می خزمه‌تگوزاری، بونی بێكاری، له هه‌ژاری، له نه‌بونی هه‌ر پێداویستیه‌كی ته‌ندروستی و ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری... كه چه‌ندین بار ژیانی ژنانی سه‌ختتر كردوه.
له‌م هه‌شتی مارسه‌دا دایكانێكی زۆر جه‌رگیان سوتا، به‌گیان له‌ده‌ستدان و برینداربونی جگه‌رگۆشه‌كانیان. له ماوه‌ی هه‌فته‌كانی رابردودا كوشتنی منداڵه‌كانیان جه‌ماوه‌ری توڕه‌تركرد. برینداره‌كان بوه سه‌ر دێڕی رۆژنامه‌كان و شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كان، خۆشیان راسته‌وخۆ به قسه ساده‌و ساكاره‌كانیان هه‌ستی كۆمه‌ڵگای زیاتر بزواند، تاوانباران و بكوژانیش له‌ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا مه‌حكوم و ریسوا كران و ده‌كرێن.
دایكانی دڵگه‌رم...
ده‌زانم كه ساڵانێكی دورودرێژ له ته‌مه‌نتان سه‌رفی گه‌وره‌كردن و به‌خێو كردنی منداڵه‌كانتان كرد، هه‌موته‌مه‌نی خۆتان بۆ خۆشه‌ویستی ئه‌وان داناوه، به‌خێوكردن ئه‌ركێكی سه‌خت و گرنگه، ماندوبون و شه‌ونخونی زۆری ده‌وێت، هاوكاتیش ده‌زانم كه چ جۆره په‌یوه‌ندیه‌ك دروست ئه‌بێت له‌م نێوه‌دا، كه به وتن و باسكردن ناتوانرێت ته‌عبیری ئه‌و هه‌مو خۆشه‌ویستیه بكات كه دایك و باوك بۆ منداڵه‌كانیان هه‌یانه. زۆر به‌ساده‌یی، به‌ڵام دڕندانه كه‌وتنه گیانی منداڵه‌كانتان. خۆم دایكم و ده‌زانم چیتان له‌ده‌ستداوه!؟.
من دایكم وه‌ك ئێوه و ده‌زانم چ زولمَێكی گه‌وره‌یه كه مناڵه‌كانتان به‌هه‌مو پێناسه‌یه‌كی ئینسانی نێونه‌ته‌وه‌یی هێشتا مناڵن و ده‌بوایه رێز و حورمه‌تی ئینسانیان بگیرایه و وه‌ڵام به‌داخوازیه‌كانیان بدرایه‌ته‌وه، نه‌ك به فیشه‌ك شه‌ڵاڵی خوێنیان بكه‌ن. ئه‌وانه مناڵ بون و هیچ جۆره تاوانێكیان ئه‌نجام نه‌دابو، بێجگه له‌وه‌ی كه له شوێنێك چاویان به‌دونیا هه‌ڵهێناوه كه جگه له به‌دبه‌ختی و نه‌هامه‌تی هیچ شتێكی تریان نه‌دیبو. ئه‌وان وه‌ك هه‌ر گه‌نجێكی تری ئه‌م دونیایه داوای ئازادییان ده‌كرد! به‌دوای به‌ده‌ستهێنانی مافێكی سه‌ره‌تایی و بنه‌ڕه‌تی بۆ خۆیان و هاوچاره‌نوسیانه‌وه بون!
له‌م 8ی مارسدا له‌بری باسی ژنانی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا چی له‌وه‌زیاتر پێویسته كه باسی ژنانی كوردستان بكه‌ین، چی له‌وه گرنگتره كه ئاماژه به‌و قوربانییانه‌ی ژنانی كوردستان بده‌ین، له‌ڕێگای نه‌وه‌كانیان و خۆیانه‌وه. ره‌نگه بتوانم وه‌ك دایكێك هاودڵی خۆمتان بۆ به‌یان بكه‌م و هه‌ست به‌و برینه سه‌خته بكه‌م كه ئێوه پێوه‌ی ده‌ناڵێنن، به‌ڵام ده‌زانم، كه‌س وه‌ك ئێوه ناتوانێت ئه‌و ئازاره راسته‌قینه‌یه ده‌رك بكات كه ئێوه ئه‌یچێژن به‌مه‌رگی مناڵه‌كانتان.
به‌راستی ئێوه ژنانێكی ئازان و دایكانێكی بێئه‌ندازه به‌هێزن. ئێوه نمونه‌یه‌كی زۆر به‌جه‌رگن كه توانیتان ئه‌و ته‌لیسمه بشكێنن، له‌جیاتی درێژه‌دان به پرسه‌ی جه‌رگه‌كانتان، هاتنه نێو ریزی خۆپیشاندانه‌كه‌وه و وه‌فایه‌كی گه‌وره‌تان بۆ مناڵه له‌ده‌ست چوه‌كانتان نیشاندا. ئه‌وه ئازایه‌تیه‌كی كه‌م وێنه‌یه و ئێوه شایسته‌ی رێز‌و ته‌قدیرن بۆ ئاوه‌ها هه‌ڵوێستێك. ئێوه نمونه و سیمبولی ئازایه‌تین كه هاوكات له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی خرۆشاودا دێنه ده‌ره‌وه و داوای ئازادی و نه‌مانی گه‌نده‌ڵی ده‌كه‌ن. ئێوه هێز و تینتان دا به ژنان و كچانی تریش كه جه‌سورانه په‌یوه‌ست بن به خۆپیشانده‌رانه‌وه. هه‌ر ئێوه‌شن ئه‌توانن به‌رده‌وامبن.
ئه‌وه‌ی ئێوه كردتان كارێك بو ده‌بوایه رێكخراوه‌كانی به‌ناو ژنان ده‌ستیان بۆ ببردایه و له‌پێشه‌وه‌ی ئێوه بونایه، به‌ڵام ئه‌م شه‌ره‌فی ئازایه‌تی و چاونه‌ترسیه مه‌دالیایه‌كه و ئه‌م هه‌شتی مارسه ده‌بێت بكرێته گه‌ردنی ئێوه. ئه‌م هه‌شتی مارسه ده‌بێت رۆژی ته‌قدیر و خۆشه‌ویستی و پێرۆزبایی بێت له ئێوه‌ی ئازا و نه‌ترس.
ژنانی ناڕازی و وه‌ده‌نگ هاتو...
ده‌بێت هاوكات كه هاواری ئازادی ده‌كه‌ین بیرمان نه‌چێت كه ئێمه‌ی ژنان هاوارێكی تریشمان ده‌وێت، مافی یه‌كسانی هه‌مه لایه‌نه‌ی ژن و پیاو. ئه‌مانه هه‌ق و مافی شه‌رعی خۆمانه و له ئێستادا لێمان زه‌وتكراوه و ئه‌بێت بگێڕدرێته‌وه بۆ خاوه‌نه‌كانیان كه ئێمه‌ی ژنانین. ته‌نها خۆمان ده‌توانین ته‌عبیر بكه‌ین له بێمافی و نایه‌كسانیمان. نابێت بۆ یه‌ك له‌حزه‌ش مافه‌كانی خۆمان فه‌رامۆش بكه‌ین، چونكه بێمافی به‌رامبه‌رمان هیچ كات خامۆش نیه و نابێت.
ئه‌و ژنانه‌ی كه ته‌لیسمی پرسه‌یان شكاند‌و ئازایانه هاتنه ریزی خۆپیشاندانه‌وه هێمایه‌كی گه‌وره‌ن بۆ 8ی مارسی ئه‌مساڵ. سه‌ركه‌وتو بێت خه‌باتی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی كوردستان به ژن و پیاوه‌وه. بژی ئه‌و ژنانه‌ی كه رۆژانه ده‌رژێنه نێو شه‌قامه‌كانه‌وه، ئه‌یانه‌وێت ئاڵوگۆڕ بكه‌ن.