Print
 مەترسییەکانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت
Wednesday, March 9, 2011


مەریوان وریا قانیع
ئەمڕۆ لە کوردستاندا قسەو باسێکی زۆر ھەیە لەسەر مەسەلەی (ھەڵبژاردنی پێشوەخت) ھەم ئۆپۆزیسیۆن و ھەم سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردوستان و سەرۆکی ھەرێمیش باس لە پێداویستی ھەڵبژاردنی پێشوەخت دەکەن. ھەریه‌کێکیان بەشێوەیەکی تایبەت وەک چارەسەری قەیرانەکانی ئەمڕۆ وێنای دەکەن. بەڵام ئەو پرسیارەی کە دەبێت لە خۆمانی بکەین ئایا بەڕاستی(ھەڵبژاردنی پێشوەخت) چارەسەری کێشەکانی کوردوستان دەکات؟
با لەو خاڵەوە دەستپێبکەم کە ھەڵبژاردنی ئازاد و ڕاستەقینە ھەنگاوێکی ھێجگار گرنگی دروستکردنی سیستمێکی دیموکراسی شوێن متمانە و خاوەن ڕەوایەتییە، لە دونیای ئەمڕۆدا زەحمەتە دەسەڵاتداریەتیه‌کی متمانەپێکراو دروستببێت گەر لەڕێگای ھەڵبژاردنی ئازادەوە نەھاتبێت. ھەڵبژاردنی ئازاد پێشمەرجی قبوڵکردنی ھەر سیستمێکی سیاسییە نەیەوێت لە ڕێگەی زەبرو زەنگ و فشار و ھێزی سەربازی و میلیشیاوە حوکمبکات. بەڵام ھاوکات ئەنجامدانی ھەڵبژاردن مانای دروستبونی دەسەڵاتدارێتییەکی باوەڕپێکراو و شوێن متمانە نییە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی؛ چونکە ھەڵبژاردن دەشێت لە باتی ئەوەی سەرچاوەی دروستبونی ھارمۆنیەت و ئاسایش و ھاریکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی بێت، لەباتی ئەوەی ڕێگایەک بێت بەرەو دروستکردنی سیستمێکی سیاسی کراوە و باوەڕپێکراو، دەشێت سەرچاوەی دروستبونی دابەشبون و ناکۆکی و پشێوی سیاسی و کۆمەڵایەتی بێت و ڕێگە بەرەو نائارامی و پێکدادان و قەیرانی گەورە خۆشبکات.
بە مانایەکی دیکە وەک چۆن دەشێت ھەڵبژاردن ھەنگاوێکی گرنگ بێت بەرەو پێشەوە، ھاوکات دەشێت ھەنگاوێکی وێرانکەربێت بەرەو دواوە. ھەڵبژاردن دەشێت بەشێک بێت لە جوڵەیەکی ساختە، پلانێک بێت بۆ ڕێگرتن لە پیادەکردنی گۆڕانی ڕاستەقینە، سەرەتایەک بێت بۆ تۆڵەکردنەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی. لەھەمو شوێنێکی دونیادا ژیانی سیاسی ڕاستەقینە دوای ھەڵبژاردنەکان دەستپێدەکات، ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی وڵات دوای داخستنی سندوقەکان و ژماردنی دەنگەکان دەستپێدەکات، پیادەکردن و پاراستنی دەسەڵاتی یاسا، دابینکردنی ئازادی، ژیان لەپاڵ ڕێز و ماف و دادپەروەریدا دوای ھەڵبژاردن دەستپێدەکەن، لێبوردنی مەدەنی و سیاسی و دینی، ڕێزگرتنی مافی کەمینە و بەرگریکردن لەوەی زۆرایەتی نەگۆڕێت بە (دیکاتۆریەتی زۆرایەتی) دوای ھەڵبژاردن دەستپێدەکەن. ھیچ ھەڵبژاردنێک ناتوانێت ئەو شتانە دەستەبەرکات گەر بەر لە ھەڵبژاردنەکان کاری گەورە و ڕاستەقینە بۆ دەستەبەرکردنیان نەکرابێت. ھەڵبژاردن دەبێت ھەنگاوێکی شێلگیربێت بە ئاراستەی بەھێزکردنی ئەو مەسەلانە، ھەر ھەڵبژاردنێک نەیتوانی ئەو ھەنگاوەبێت، ئەوا دەشێت ھەنگاوێکبێت بۆ بنیادنانی سیستمێکی سیاسی نالەبار و ترسناک لە ڕێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە، بەتایبەتی لە ناوەندێکی سیاسی پڕ ناکۆکی و پڕ ڕق و پڕ بوغزی سیاسی و گەندەڵی و مەحسوبیەتی وەک دونیای ئێمەدا. 
بۆئەوەی دیموکراسییەت بتوانێت کێشە گەورەکانی دونیای ئێمە چارەسەربکات، دەبێت دیموکراسیەتێک بێت لەپاڵ بەھا لیبرال و ئازادەکاندا ئامادەبێت. دیموکراسیەتی نالیبرال، دیموکراسیەتێکی ئەوتۆکراتی دەسەڵاتگەر، گورزی کوشندە لە دونیای ئێمە دەوەشێنێت. بەر لە ھەڵبژاردن دەبێت کۆمەڵێک مەسەلەی ھێجگار گرنگ ڕێکخرابن و زۆر شت دەستکاریکرابن، بەجۆرێک بتوانێت بە ڕاستی چوارچێوەیەکی دەزگایی و سیاسی و یاسایی و ئەخلاقی دروسبکات کە دەسەڵات لەناویدا ناچاربێت بەرپرسانە کاربکات و بەرپرسانە بجوڵێتەوە. بەڵام ئەو بەھا لیبرالیانە چین کە پێویستە پێشوەخت ڕێکەوتنیان لەسەرکرابێت و خرابنە ئاستی پیادەکردنەوە؟
بەبۆچونی من دەبێت پێشوەخت ڕێکەوتنی تەواوەتی لەسەر ئەم مەسەلە گرنگانە کرابن و قۆناغێکی گواستنەوەی تایبەتیش تەرخانبکرێت بۆ پیادەکردنی بڕێکی گرنگیان. لەپێش ھەموانەوە جیاکردنەوەیەکی ڕاستەقینە، نەک درۆزنانەی، دەسەڵاتەکان لەیەکتری. چەسپاندنێکی ڕاستەقینەی دەسەڵاتی یاسا، ڕێزگرتنی تەواوی مافی تاکەکەس و گروپەکان، پاراستنی ڕاستەقینەی ئازادی ڕادەربڕین و کۆبونەوە و خۆڕێکخستن. بەرگریکردن و پاراستنی ڕاستەقینەی مافی کەمینە سیاسی و دینی و ئەتنییەکان. ئەمەش مانای پێداچونەویەکی ڕاستەقینە و شێلگیر بەسەرجەمی دەزگاکانی حوکمڕانی و بە سەرجەمی پەیوەندییەکاندا. 
بەبێ دەستەبەرکردنی لانیکەمی ئەم پاشخانە لیبرالە، بەبێ بونی کۆمەڵێک دەزگا و یاسا و ڕێکەوتن ئەوە مەیسەربکات بڕیاری سیاسی و شێوازی حوکمڕانی لە زەوق و ویست و تەماح و دۆخی نەفسی سیاسییەکان بپارێزێت، باسکردن لە ھەڵبژاردن لە کۆمەڵگایەکی دابەشبوی وەک کۆمەڵگای ئێمەدا، ئەگەری پشێوی و نائارامی سیاسی و کۆمەڵایەتی گەورەتر دەکات بچوکتری ناکات.
خاڵێکی گرنگی دیکە کە دەبێت ھەر لە ئێستاوە لای ھەمو کەس و لایەنێک ئاشکارابێت، ئەوەیە، براوە ھەمو شتەکان بۆخۆی نەبات، ھەمو پۆستە سیاسی و ئیداری و فەرھەنگیەکان  قوتنەدات. دەبێت چەندان یاسا و دەزگا و ڕێکەوتنی نوسراو و نەنوسراو ھەبێت، کە نەھێڵێت براوە خۆی بە خاوەنی وڵات و خاوەنی دەسەڵات و خاوەنی کۆمەڵگا بزانێت. دەبێت دەستەکانی براوە بە چەندان یاسا و دەزگا و شێوازی فشار سنورداربکرێت، بە جۆرێک نەھێڵن کەی ویستی زلە لە کۆمەگا و ھێزەکانی تر بدات، چۆن ویستی دەست بە خەزێنەی دەوڵەتدا بکات و ئەوەی بۆی دەرھات ببات و بدزێت.
 ھەمو زۆرینەیەکی پەرلەمانی دەبێت چەندان ڕێگری یاسایی و دەزگایی و کۆمەڵایەتی و کولتوری لە بەردەمدابێت، بۆئەوەی زۆرینەبونەکەی بەشێوەیەکی خراپ بەکارنەھێنێت. مەرجی ھەرە سەرەکی لە دیموکراسیەتدا ئەوەیە زۆرینە نەبێت بە دیکتاتۆر، نەبێت بەھێزێکی گوێنەگر، نەکەوێتە جەنگ لەگەڵ ھەمو ئەوانەدا کە بەشێک نین لەو زۆرینەیە، باز بەسەر ویستی ئەو ھێزانەدا نەدات کە لەدەرەوەی دەسەڵات و دەرەوەی خێمەی زۆرینەدان.
لەسەرێکی دیکەوە ھەڵبژاردن نابێت تەنھا ئامرازێکبێت بۆ سنوردانان بۆ ویست و حەز و تەماحی دەسەڵاتداران، بەڵکو ئامارزێکیش بێت بۆ سنوردانان بۆ ئەو ویست و حەز و تەماحانەی کۆمەڵگاش، کە دەیەوێت بەناوی حوکمی زۆرایەتییەوە ژیانی ھەمو کەمایەتییەکان سنوردار و مافەکانیان برینداربکات. دەبێت ھەڵبژاردن بەشێکبێت لە سیاسەتێک نەھێڵێت نەتەوە یان کۆمەڵگا ویست و حەزە نادیموکراسی و دژە ماف و دژە ڕێز و دژە فرەدەنگییەکانی بسەپێنێت. ھەڵبژاردن نابێت تەنھا دەسەڵاتداران لە خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات بپارێزێت، بەڵکو دەبێت کۆمەڵگاش لە پانتاییە تاریکەکانی ناو ئیرادەی خۆی بپارێزێت. مێژو نیشانیداوین کە کۆمەڵگا ھەمیشە لەسەر ھەق نییە، ھەمیشە ئەو شتانەی ناوێت کە لەسەر ڕێز و ماف و پاراستنی جیاوازی دامەزراوە، کۆمەڵگا دەشێت داواکاری ھەڵە، حەزی ھەڵە و ویستی ھەڵەی ھەبێت. کۆمەڵگای ئەڵمانی، یەکێک لە خوێندەوارترین کۆمەڵگاکانی دونیا، ھیتلەری دروستکرد. متامنەی خۆی بە پیاوێک بە ملیۆنان ئینسان لەناوبرد.
بە کورتی ئاسایشی سیاسی و کۆمەڵایەتی ھەڵبژاردن دروستیناکات، بەڵکو دامەزراندنی ئەو دەزگا و دەرکردنی ئەو یاسا و بەھێزکردنی ئەو بەھایانە دروستیدەکات، کە پێ لەسەر جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، ڕێزگرتنی مافی تاکەکەس و گروپەکان، دەسەڵاتی یاسا، ئازادی ڕادەربڕین و کۆبونەوە و خۆ ڕێکخستن دروستیاندەکات.
 بەبۆچونی من ھیچ یەکێک لەم شتانە لە کوردستاندا لەئارادانییە. ھەڵبژاردنی پێش وەخت بەبێ ئامادەگی ئەو پێشمەرجانە، تەنھا تای حیزبایەتی بەھێز و ئەگەری ململانێی توند و تەنانەت پێکدادان بەھێزدەکات.

Sbeiy.com © 2007