Print
 دەنگی شەقام
Wednesday, March 9, 2011


دڵخواز قادر
سەرەتا بە تێرۆركردنی خاوەن قەڵەمەكان دەستان پێكرد، که بۆتان نه‌چوەسەر بە ناوی رێگەی گوایە مودێرن و یاسایی دەستان كرد بە غەرامەكردنی وشەی ئەو رۆشنبیرە راستگۆیانەی كە قەڵەمەكانیان نەفرۆشتوە، لە ژمارەی پەنجەكانی دەست تێناپەڕن، دواتر سەیرمان لێهات كە غەرامەتان لەسەر وشەكانیشیان لابردو ئێمەی هاوڵاتیش خۆشحاڵ بوین تا خەوەكان بەبێ ترس و باج، بە ئازادیی بگێڕینەوە، یان هیچ نەبێت بە ئاگاوە خەو ببینین، چونكە ئێمەی موچەخۆری حكومەتی عێراقی توانای غەرامە زەبەلاحەكانتانمان نییە.

هەرچەندە ئێمە بۆشمان نییە خەوی خۆش ببینین، بۆ نمونە بە دەنكە نوقڵێكی جەژن لەو چەند ملیارە دۆلارەی شیرینی عەقدی نەوت، چونكە كۆدی بانكیەكەی لەنێوان وەزیری سامانە سروشتییەكانو دارایدا ون بوە.

كه‌لتوری خەوبینینی ئێمە تەنیا بە تانكو دەبابەو گولەبارانەوەیە، چونكە كردتان بە كه‌لتور.

 لە خەومدا بینیم دەبابەكان بەرزایی شاریان تەنیبو، وتم: دیسان دەبابەی وڵاتانی دراوسێیە هەرچەندە بە پێشەنگی خۆمان سنوریان بەزاندو لاشەی ساردی دەیان لاویان لە ناو جۆگە و قوڕاوی كۆڵانەكاندا جێهێشت وەكو ئەوەی دایكیان هەرگیز هەزاران ژانی پێوە نەبژاردبێتن، كە داچڵەكیم ئەو خەوە لۆكاڵی بو دەبابەكانیش لۆكاڵی بون و سنوریشیان نەبڕیبو، ئەوە دەبابە ژەنگاوییەكان بون كە لە راپەڕیندا گرتمانو بە دڵخۆشییەوە ئەژمارمان دەكرد، نەكو رۆژیك دژی دوژمن پێویستمان بێت، بەڵام بینیمان چۆن دژی (566) وشە لەسەر چاكسازیی وڵاتمان، بەرزاییەكانی شاریان گرت، وتم: بەس نەبو چەكی كیمیاییمان نەگرت، چونكە دو دڵ نەدەبون لە بەكارهێنانی.

بە دەبابە ئارامیی شارتان تێكدا، تاكو كاڵاكانتان گرانفرۆش بكەن، ئازادییەكانتان خنكاند، چونكە توانای گەشەی دیموكراسی و دەستەبەری ئازادیتان نییە.

دەستان خستە بینی یاساكان بە پاساوی رێكخستنەوەیان، دەیان نەوەی داهاتوتان بە یاسا بەند كرد، چەمكی گەندەڵیتان كردوەتە مزایەدەو لە هەمو بۆنەكاندا باس لە بونی دەكەن، بێ هەنگاوێ بۆ چاكسازیی، مافی پرتەو بۆڵەشتان لە میللەت زەوت كرد، سیاسەتیشتان كردە درۆیەكی ئورگانیزەكراو، هیچ متمانەو دیالۆگێكتان لەنێوان ئێمەی هاوڵاتی و ئێوەی بەناو سەركردەدا نەهێشت.

بە یاسای كەمینە و زۆرینە، پەرلەمانتان كردە باڵەخانەیەكی بەرزی تاریك، كە تەنیا دروشمی وڵاتی پەرلەمانییە (ناوی زلو دێی ویران)، كە باس لە ئیفلیجیی پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەی دەكرێت، خۆڵ دەكەنە چاوی خەڵك و باس لە روخاندنی ئەزمونەكەمان و بەرهەمی راپەڕین دەكەن و راپەڕینتان كردوەتە مەكرەمە و هەمو رۆژیك پێمان دەفرۆشنەوە وەكو ئەوەی بە خوێنی گەشی هەزاران هاوڵاتی كورد دەستەبەر نەكرابیت! پارچەكانی دیكەی كوردستانی گەورەش گۆرانی بۆ ئەم ئازادییەی ئێمە دەڵێن، نازانن سەرخانو ژێرخانی وڵات وێرانەیە.

ئێوە خاوەنی گیرفانی گەورەن، بەڵام نەتانتوانی دەخیلەی منداڵیك بۆ مانگیك دابین كەن.

ساڵێك بودجەی عێراق نەبێت موچەی فەرمانبەرێكتان پێ نادرێت، لەدوای راپەڕین لە جیاتی ئاوەدانكردنەوەی كارگەكانی چیمەنتو جگەرەو شەكرو جلوبەرگ و... هەموی بە تاڵان بران و هەرزانفرۆش كران، تاكو لە لایەك گەنجان هەمیشە ئامادەی خزمەتی حیزب و دروستكردنی سوپای حیزب و شەڕی ناوخۆبن، لە لایەك كردتان بە دەیان باڵەخانەی بەرز، سەدان دەوڵەمەندی تازەو هەزاران گەنجی بێكاری لێكەوتەوە، كە بە سیاجی شەقامەكاندا پاڵیان داوەتەوەو خەو بە دروستكردنی خێزانەوە دەبینن، كە باس لە پرۆژە بودجەی هاوسەرگیریش دەكرێت بودجەكەی بە بەتاڵی لە كەوانەدا بۆیان بەجێدەهێڵن.

خۆ باس لە كارەبا و خزمەتگوزاری ناكەم، چونكە نامەوێت خەو بە روناكییەوە ببینم، كۆنفرانسی پێداچونەوەی ساڵانەی پلانی ستراتیژیی كشتوكاڵی دەكەن و بودجەی خەیاڵیی پێش وەختی بۆ دادەنێن، كەچی سەوزەو میوەش لە دەرەوەی وڵات هاوردە دەكرێت.

بوین بە پێشەنگی نەخۆشیی شێرپەنجە بە خواردن و دەرمانی بەسەرچو، لەدوای چاوی كامێرای كەناڵەكانی ئۆپۆزسیۆن، چاڵی شەقامێك پڕ دەكەنەوە، بودجەی چوار جادەمان لەسەر هەژمار دەكەن و ساڵێكیش باجی منەت دەدەین، جوتێ كۆنگرەتان گرت تاكو شەرعیەت بدەن بە وەچەو بنەماڵەكانتانو تاكو ماون ئاغابن و گۆرانیش بۆ دیموكراسییەت دەڵێن، چونكە ئێوە مەیلی راستەقینەتان نییە بۆ چاكسازییو گۆڕینی سیستمی سیاسیی.

بە راستی ئێستا ئێوە خودی خۆتانن و سەرمان لێ تێك مەدەن تاكو بتانناسینەوە، چونكە كە رۆڵەكانتان هاتنە سەرشەقامو داوای ژیان و چاكسازییەكی رادیكاڵیانەیان كرد، ئێوە گولەبارانتان كردنو پێتانوایە بە توندوتیژیی ده‌توانن درێژە بە دەسەڵاتی خۆتان بدەن.

چونكە ئێوە خوێندنەوەتان بۆ گەنجی دوای راپەڕین كورتی هێناوە، نەتانزانی ئەوان گەورەترین سەروەتی وڵاتن و لە شەرعیەتی یاسایی دەگەن و گۆشكراو گوێڕایەڵی حیزبایەتی نین.

بزانن شەپۆلی ناڕەزایی خەڵك یاساكانی حوكمی تۆتالیتار و دیكتاتۆرەكان و تاكحیزبی و كۆپی بنەماڵەیان لە شەقامی دراوسێكانتان بۆ هەتا هەتا لە گۆڕنا، بۆیە ئەگەر دەتانەوێت توشی هەمان دواڕۆژی موبارەك و زەین ئه‌لعابیدین، نەبن پێویستە خۆتان بگۆڕن و پێناسەتان بۆ هەمو چەمكەكانی ئازادی، دیموكراسی،... بگۆڕن، ئەگەر نا دەنگی شەقام بەردەوامه‌.

Sbeiy.com © 2007