Print
 بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان: سورین له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ ‌و دروستكردنی‌ حكومه‌تێكی‌ ئینتیقالی‌
Saturday, March 12, 2011

 بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌رونكردنه‌وه‌یه‌كدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كگرتو و كۆمه‌ڵ، له‌سه‌ر 22 خاڵ، رێكه‌وتوین ‌و كه‌ له‌ لانی‌ كه‌می‌ داواكاریه‌كانمان پێكهاتوه‌، به‌ڵام دوپاتیده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ ئه‌م داواكاریانه‌ش به‌ حكومه‌تی‌ ئێستا جێبه‌جێ‌ ناكرێت، بۆیه‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان سوره‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ئه‌م حكومه‌ته‌‌و دروستكردنی‌ حكومه‌تێكی‌ ئینتیقالی‌ بۆ جێبه‌جێكردنیان.
له‌رونكردنه‌وه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان هه‌میشه‌ لای‌ گرنگ بوه‌، كه‌ یه‌كڕیزیی‌ هه‌مو چین‌و توێژه‌كانی‌ گه‌له‌كه‌مان بپارێزی‌، به‌تایبه‌ت له‌م بارودۆخه‌ی‌ كوردستاندا. زۆریش مه‌به‌ستمان بوه‌، كه‌ ده‌نگی‌ ئۆپۆزیسیۆنی‌ كوردستان و داواكانیان یه‌كبخه‌ین.
هه‌ له‌م روانگه‌یه‌وه‌ وتوێژی‌ جدیمان له‌گه‌ڵ یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌ ‌و كۆمه‌ڵدا كردوه‌، به‌ راشكاوی‌ وتومانه‌ كه‌ ئێمه‌ سورین له‌سه‌ر داواكاریه‌كانمان كه‌ له‌ به‌یاننامه‌ 7 خاڵیه‌كه‌ی‌ رۆژی‌ 29/1/2011دا هاتوه‌.
هه‌روه‌ها له‌رونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتوه‌ ئه‌مڕۆ پرۆژه‌یه‌كی‌ هاوبه‌ش بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ پێكهاتوه‌ له‌ 22 خاڵ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌م خاڵانه‌دا له‌سه‌ر لانی‌ كه‌می‌ داواكاریه‌كانمان پێكهاتوین، به‌ڵام دوپاتیده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ ئه‌م داواكاریانه‌ش به‌ حكومه‌تی‌ ئێستا جێبه‌جێ‌ ناكرێت، بۆیه‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان سوره‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ ‌و دروستكردنی‌ حكومه‌تێكی‌ ئینتیقالی‌ بۆ جێبه‌جێكردنیان.

Sbeiy.com © 2007