|
که‌ناڵی نالیا لێدوانه‌که‌ی په‌رله‌مانتار سۆزان شەهاب ره‌ت ده‌کاته‌وه و به نابه‌رپرسیارانه له‌قه‌ڵه‌می ده‌ده‌ن |
Saturday, March 12, 2011 |
(سبه‌ی):
تەلەفزیۆنی نالیا NRT لێدوانه‌کانی سۆزان شەهاب، پەرلەمانتاری لیستی کوردستانی ره‌ت ده‌کاته‌وه کە باس لەوەدەکات، بەرپرسانی نالیا، تا ئێستا داوای یاساییان لەسەر سوتاندنی کەناڵەکەیان تۆمار نەکردوە.
له‌وباره‌یه‌وه ئامانج خه‌لیل، به‌ڕێوه‌به‌ری سایتی نالیا له‌لێدوانێکیدا بۆ (سبه‌ی) رایگه‌یاند: "ئەو قسانەی سۆزان شه‌هاب له په‌رله‌مانی کوردستان کردی بەدرۆ دەخەینەوە ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ئێمه داوای یاساییمان تۆمار نه‌کردوه سه‌باره‌ت به سوتاندنی که‌ناڵه‌که‌مان، پێشمان سەیرە کەسێکی وا بەلایەوە ئاساییە قسەی ناڕاست و بێ زانیاری بکات".
وتیشی: "ئه‌و په‌رله‌مانتاره بەهیچ شێوەیەکیش پەیوەندی نە بە بەڕێوەبەی تەلەفزیۆن، نە به بەڕێوەبەری ئیداری و بەڕێوەبەری ژوری هەواڵەوە نەکردوە و سەرلەبەری قسەکانی ناڕاستن و لێدوانێکی نابه‌رپرسیارانه بوه".
به‌ڕێوه‌به‌ری سایتی نالیا ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، که له‌رێکه‌وتی 21/2/2011 دا داوای یاساییان لە بنکەی پۆلیسی ئەزمه‌ڕ لەشاری سلێمانی تۆمارکردوە و داواکەش لای دادوەری لێکۆڵینەوەی یەکە.
ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، تائێستا نە حکومەتی هەرێم نە دەزگا ئەمنیەکان و لایەنی تەنفیزی، هیچ هەنگاوێکیان نەناوە بۆ لێکۆڵینەوە لەڕوداوەکە و تەنانەت ناشوێرن لیژنەی لێکۆڵینەوە لەڕوداوەکە پێکبهێنن.
هاوکات له‌به‌یاننامه‌یه‌کیشدا، که‌ناڵی نالیا رایگه‌یاندوه: "ئەو قسانەی سۆزان شه‌هاب ناڕاسته و په‌یوه‌ندی به هیچ یه‌کێک له به‌رپرسانی کهناڵهکهمانهوه نه‌کردوه، تەنانەت سۆزان خان خۆی تائێستا نەیوێراوە سەردانی بارەگای تەلەفزیۆنەکەمان بکات، وەک چۆن زۆرێک لەهاوڕێ پەرلەمانتارەکانی لەدوای روداوەکە سەردانیان کردین".
جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه ته‌له‌فزیۆنی نالیا NRT له سه‌عات 2:30 خوله‌كی شه‌وی 20/2/2011 له سلێمانی له‌لایه‌ن ده‌یان چه‌کداره‌وه سوتێنراو زیانی زیاتر له 9 ملیۆن دۆلاریان له‌که‌ناڵه‌که دا. |
|
|