Print
 کۆبونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری و مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری له‌ سه‌رای ئازادی سلێمانی ده‌ستیپێکرد
Saturday, March 12, 2011
(سبه‌ی):
وه‌ک پێشتر راگه‌یه‌ندرابو، له‌ سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ (شه‌ممه‌)ه‌وه‌ کۆبونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری و مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری هاوڵاتیان له‌ سه‌رای ئازادی سلێمانی بۆ داکۆکیکردن له‌ داواكارییه‌ ره‌واكانیان ده‌ستیپێکرد.
ئه‌مڕۆ له‌ حه‌ڤده‌یه‌م رۆژی خۆپیشاندانه‌کانداو له‌یادی راپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌که‌ی ئاداری ساڵی 1991دا، خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری به‌رده‌وامه‌و په‌یامنێرمان له‌ سه‌رای ئازادی سلێمانیه‌وه‌ پێی راگه‌یاندین، له‌ سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆوه‌ هه‌زاران که‌س کۆبونه‌وه‌ته‌وه‌و مانگرتنیان ده‌ستپێکردوه‌.
هاوکات خۆپیشانده‌ران داوای جێبه‌جێکردنی داواکارییه‌کانیان ده‌که‌ن، که‌ خۆی له‌هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حکومه‌ت و نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی و ده‌ستوه‌ردانی حیزبی و به‌سزاگه‌یاندنی ئه‌و که‌سانه‌ ده‌که‌ن که‌ ته‌قه‌یان له‌خۆپیشانده‌ران کردوه‌.
له‌هه‌مانکاتدا ژماره‌یه‌کی زۆری هاوڵاتیان له‌سه‌رجه‌م چین وتوێژه‌کان په‌یتا په‌یتا رو له‌مه‌یدانی ئازادی ده‌که‌ن و ژماره‌ی خۆپیشانده‌ران تا دێت زیاتر ده‌بێت.
پێشتریش ئه‌نجومه‌نی کاتی مه‌یدانی سه‌رای ئازادی سلێمانی رایگه‌یاندبو، رۆژی‌ 5/3 وه‌ك رۆژی‌ مانگرتنی‌ سه‌رتاسه‌ری‌ له‌ كوردستان راگه‌یه‌ندراوه‌ بۆ ده‌ربڕینی‌ ناڕه‌زایه‌تی‌ مه‌ده‌نیانه‌ بۆ داكۆكیكردن له‌ داواكاریه‌ ره‌واكانی‌ هاونیشتمانیان، فۆرمی‌ مانگرتنه‌كه‌ش بریتی‌ ده‌بێ له‌مانگرتن له‌ چونه‌سه‌ر كارو كۆبونه‌وه‌ی‌ هێمنانه‌ له‌ شوێنه‌ گشتیه‌كاندا.
Sbeiy.com © 2007