Print
 خۆپیشانده‌رانی‌ مه‌یدانی‌ ئازادی‌ سه‌را: هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خت به‌بێ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حکومه‌ت وه‌ڵامی داخوازییه‌كانمان ناداته‌وه‌
Saturday, March 12, 2011

(سبه‌ی):
خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری و مانگرتن به‌ به‌شداری هه‌زاران که‌س له‌ سه‌رای ئازادی شاری سلێمانی به‌رده‌وامه‌و تا دێت ژماره‌ی به‌شداربوان زیاتر ده‌بێت.
بریاریشه‌ له‌مڕۆوه‌ جه‌ماوه‌ری‌ خۆپیشانده‌ر له‌ شوێنی‌ خۆپیشاندانه‌كه‌یان، شه‌وانه‌ له‌ مه‌یدانی سه‌رای‌ ئازادی‌ بمێننه‌وه‌.
له‌ سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ (شه‌ممه‌)ه‌وه‌ خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی و مانگرتنی هاوڵاتیان دژی ده‌سه‌ڵات له‌ شاری سلێمانی به‌رده‌وامی هه‌یه‌، زۆربه‌ی چین و توێژه‌ جیاوازه‌کان له‌ کاسبکاران و خوێندکاران و مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌کان به‌شدارییان تێداکردوه‌و به‌شداری ئافره‌تانیش به‌رێژه‌یه‌کی به‌رچاو ئاماده‌ییان هه‌یه‌.
خۆپیشاندانه‌که‌ی ئه‌مڕۆی سلێمانی حه‌ڤده‌یه‌م رۆژی خۆپیشاندانه‌کانه‌و هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ یادی راپه‌ڕینه‌ جه‌ماوه‌رییه‌که‌ی ئاداری 1991ی گه‌لی کوردستان.
له‌ كۆبونه‌وه‌و خۆپیشانده‌ره‌ جه‌ماوه‌ریه‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆدا ژماره‌یه‌ك چادر به‌ ناوی‌ شه‌هیده‌كانی‌ رۆژانی رابوردو دانراوه‌و  13 كه‌سیش مانگرتنیان له‌ خواردن راگه‌یاندوه‌و پێشبینیش ده‌كرێت ژماره‌ی‌ مانگرتوه‌كان رو له‌ زیادبون بكات.
هاوکات خۆپیشانده‌ران تێکڕا داوای جێبه‌جێکردنی داواکانیان ده‌که‌ن و له‌ دروشمه‌کانیاندا ته‌ئکید له‌وه‌ ده‌که‌نه‌وه‌، (رشتنی خوێن هێڵی سوره‌.. تاوانێکی بێسنوره‌)و  پێشیانوایه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خت به‌بێ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حکومه‌ت، وه‌ڵامی داخوازییه‌كانمان ناداته‌وه.

ئاکام ئه‌بوبه‌کر

 

Sbeiy.com © 2007