|
سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی: نابێت سه‌رۆکی هه‌رێم بۆ هه‌ڵبژاردنی پارێزگاکان موزایه‌ده‌مان به سه‌ره‌وه بكات |
Saturday, March 12, 2011 |
(سبه‌ی):
سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی ره‌خنه له لێدوانه دره‌نگ وه‌خته‌که‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم ده‌گرێت بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان و داوا ده‌کات، سه‌رۆکی هه‌رێم موزایه‌ده‌یان به سه‌ره‌وه نه‌کات.
كاوه عه‌بدوڵا، سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی له‌لێدوانێکیدا بۆ (سبه‌ی) رایگه‌یاند: به داخه‌وه لێدوانه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم وه‌كو هه‌مو كاته‌كانی تر دوای ئاڵۆزبون و تێكه‌ڵبونی شته‌كان دێت، بۆیه پێویست ناکات سه‌رۆکی هه‌رێم موزایه‌ده‌مان به سه‌ره‌وه بكات، چونكه ئێمه پێش چه‌ند ساڵێک داوای هه‌ڵبژاردنمان کردوه.
وتیشی: ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی پێش ته‌واوبونی واده‌ی یاسایی خۆی پێنج جار داوای له‌هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌که‌ی هه‌رێم کردوه، بۆ هه‌ڵبژاردن و هه‌مو ئه‌و داوایانه‌ش به دیكۆمێنت لامانه.
ده‌رباره‌ی هۆکاری دواکه‌وتنی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان، کاوه عه‌بدوڵا وتی: "ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌کوردستان به‌سه‌ر یه‌کێتی و پارتیدا دابه‌شبوه، ئه‌وانیش حكومه‌تیان كردوه به كوڕێكی گوێڕایه‌ڵی حیزبه‌كان، چونكه ئه‌م دو حیزبه باوه‌ڕیان به دیموكراسی و لا مه‌ركه‌زیه‌ت نیه، له‌ڕوی مۆدێلی هه‌ڵبژاردنی حیزبه‌كانی خۆیانه‌وه بڕیار ئه‌ده‌ن بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن".
پێشتریش سه‌رۆکی کوتله‌ی کۆمه‌ڵ له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی له لێدوانێکدا بۆ (سبه‌ی)، داواکه‌ی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان به‌دره‌نگ وه‌خت له‌قه‌ڵه‌مدا. |
|
|