سەفین میرە
چ شەرمەزاریێکە بۆ دەسەڵاتی کوردی دوای٢٠ ساڵی تەمەنی هێشتا نەیتوانیوە ئازادی بۆ گەلەکەی دابین بکات.!
ئەم دەقە، دەقی دەستورێکی کەسانی ئازادە بۆ کەسانی ئازاد. ئەم ئازادیە سیاسیانە کە بەدەستمان هێناوە وەکو وڵات هەرگیز نابێت لەدژی ئازادیەکانی تاکە کەسی هاوڵاتیانی کاتالۆنیا بێت، چونکە بەڕاستی ئەو وڵاتە ئازادە کە هەمو تاکێکی بتوانێت بە ئازادی تیایدا بژیت و گوزارشت لە پێناسی جیاجیا بکات، بێ هیچ جۆرە پەیوەندیێکی پلەوپایە یان پاشکۆی لە نێوانیادا.
خوێنەری ئەزیز:
ئەم وشە جوانانە هەروەکو بینیتان کۆتای ئەو پێشەکیەیە کە لە دەستوری هەرێمی کاتالۆنیای ئیسپانیادا هاتوە، نەک هەرێمی کوردستان .ئەو هەرێمی کوردستانەی کە بە وتەی دەسەڵاتدارەکانی بڕیارە ببێتە نمونەی دیموکراسی لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و سەرجەم وڵاتانەی ناوچەکەش، پێویستە چاو لە هەرێمی کوردستان بکەن و کۆپی دیموکراسیەکەی هەرێمی کوردستان بۆ خۆیان بەرن و سیستەمی وڵاتەکانیان لەبەر رۆشنای ماددە وبڕگە و خاڵەکانی دەستوری هەرێمی کوردستان دابڕێژن.
بەڵێ ئەمە پێشەکی ئەو رەشنوسەی دەستوری هەرێمی کوردستان نییە کە لە پەرلەمانی پەنجا بە پەنجا یان باشتر وایە بڵێـن لە دیوەخانی حیزبدا تێپەڕێنرا و دواتر بە وتەی سەرۆکی هەرێم بڕیار بو بکرێت بە چقڵی چاوی دوژمنان و بخریتە راپرسییەوە، کەچی هەر زو بە هەوڵی خەمخۆرانی ناوخۆ و دەرەوە راگیرا و رێگە نەدرا ئەم بارگرانیەش بچێتە سەرشانی گەلی ستەم دیدەی کورسستان و نەبو بە هۆکارێک بۆ چەسپاندنی زیاتری دەسەڵاتی حیزب و بنەماڵە گەندەڵەکان. بەڵێ هەر ئەم رەشنوسە کە ساڵەهایە بە وتەی خۆیان کاری لەسەر دەکەن، ئەوەندە کەموکورتی هەبو زو رەتکرایەوە و هەرێمی بە ناو دیموکراسی بەبێ دەستوری هێشتەوە و تا ئەم چرکە ساتەش هەرێمی لانکەی دیموکراسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێ دەستورە.
بەڵێ تاکو ئەمڕۆش کە نزیکەی ٢٠ساڵ بەسەر تەمەنی دەسەڵاتی ئەم هەرێمە پر لەسەرکردەیە، ئەم هەرێمە پڕ لە سیاسییە، ئەم هەرێمە پڕ لە خەمخۆرو نیشتیمانپەروەر و خاوەن شەهیدە، بێ دەستور بەڕێوە دەچێت و یاساش ئەوە یان هەر نییە یان کە هەش بێت کار بە یاسا ناکرێن خۆ ئەگەر بشکرێت ئەوا کار بە یاسای عێراقی کۆن دەکرێت!. بەڵام کام عێراق؟ عێراقی سەردەمی دیکتاتۆری! کام دیکتاتۆر؟ ئەو دیکتاتۆرەی کە ساڵانێک بو گەلی کوردستان خەباتی دەکرد لە پێناو رزگاربون لە دەست یاساکانی و رژێمەکەی.ئەرێ سەیر نییە؟
بە راستی نەک هەرسەیرە، بەڵکو کۆمیدیاێکی بێ وێنەیە کە هەرێمێک بانگێشە ئەوە بکات دەبێت دەوڵەتانی ناوچەکە لاسای ئەو بکەنەوە بۆ دیموکراسی، کەچی دوای ٢٠ ساڵی تەمەنی هێشتا خۆی بێ دەستورە و کاریش بە یاسای دەوڵەتێکی دیکتاتۆر دەکات کە چەندین ساڵ بو لەژێر ئەم یاسایانەدا مرۆڤی کورد دەچەوسایەوە!، ئەمە تەنها لە کۆمیدیا دەچێت و هیچی تر، لەوەش کۆمیدی تر ئەو یاسایانەن کە ناوبەناو بۆ ئارایشت کردنی دەسەڵاتە گەندەڵەکەیان دەریان دەکەن، نمونەی یەکێک لەوانە ئەو یاسایە بو کە بە ناوی یاسای رێکخستنی خۆپیشاندانەوە دەرچو، بەڵام ئەویش وەکو رەشنوسە کاڵ و کرچەکە هەرزو لە لایەن رۆشنبیران و گەلەوە رەتکرایەوە کەچی لەهەمان کاتدا سەرۆک بە بیانوی زۆرینەوە واژۆی کردو هیچ بایەخی نەدا بە دەنگی رۆشنبیران و دەنگی شەقام، ئەمە جگە لەوەی کە کەم و کورتی ئەم یاسایە هەر لەسەرەتاوە درکی پێ کرا کە پێچەوانەی دیموکراسی و ئازادی رادەربڕێنە و ناگونجێت لەگەل دەسەڵاتێکی دیموکراسی، مەگەر تەنها دیموکراسیەکەی هەرێمی کوردستان نەبێت، بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێم تێیان پەڕاند، بەڵام ئەمڕۆ کەموکورتیەکانی یاساکە جوانتر دەبینرێت و دەبینین بەهەزاران کەس خۆپیشاندان دەکەن و شەو رۆژ مەیدانەکان چۆڵ ناکەن و یاساکەی بەناوڕێکخستنی خۆپیشاندانیش بێ نرخ کەوتوە و دەسەڵاتێک نییە پارێزگاری لە خۆپیشاندەران بکات.
خوێنەری ئەزیز:
هەروەکو دەزانن هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتدارەکانی، کە ئێستا ناخۆشترین و سەخترین ساتەکانی حکومڕانیان گوزەردەکات لەژێر فشاری دەنگی رۆشنبیران و شەقامدا، دوای ٢٠ساڵی تەمەنیان نەیان توانیوە دەستورێک و یاساێک دابڕێژن کە لانی کەمی دیموکراسی و ئازادی بۆ گەلەکەی تیادا فەراهەم بکات و بەڵکو ئاماژەکان بەلای ئەوەدان کە هەرێمی کورستان بەرەو دیکتاتۆری هەنگاو دەنێت لەژێر کۆمەڵێک یاسای جۆراوجۆردا کە بە بیانوی زۆرینەو کەمینە لە پەرلەمان تێیان دەپەڕێنن.! بەڵێ هەرێمی کوردستانی بەگوتەی سەرکردەکانی لانکەی دیموکراسی رۆژهەڵاتی ناوەراست دوای ٢٠ساڵی تەمەنی خۆماڵی کەچی تازە بەتازە تاکەکانی داوای ئازادی دەکەن و رۆژانە شەقامەکانی وڵات دەزرنگێتەوە لە هاواری گەل کە هاوار دەکەن (ئازادی، ئازادی...)!، بەڵام دەسەڵات بە فیشەک وڵامیان دەداتەوە.
ئەرێ دەبێ چ شەرمەزاریێک بێت بۆ دەسەڵاتێکی خۆماڵی دوای ٢٠ساڵی تەمەنی تازەبەتازە گەلەکەی داوای ئازادی بکات و لەبەرامبەریشدا دەسەڵات بە فیشەک وڵامیان بداتەوە؟!. دەبێ چ شەرمەزارێک بێت بۆ دەسەڵاتێکی بەناو دیموکراسی مافی خۆپیشاندان بە راوا نەبینێت بۆ گەلەکەی؟! دەبێ چ شەرمەزارێک بێت بۆ دەسەڵات هەر کە هەست بکات دو کەس لە هەولێر خەریکی خۆپیشاندانن خێرا وەکو هەڵۆ بنیشتە سەریان و بەرەو زیندانی تاکە کەسی راپێچیان بکات ؟!. دەبێ چ شەرمەزارێک بێت بۆ ئەو دەسەڵاتەی مافی رادەربڕین بە هاوڵاتیان رەوا نەبینێت و ئەوەی دەمی کردەوە بۆ داواکاری خزمەتگوزاری و نەهێشتنی گەندەڵی و بێکاری دەمی پڕبکات لە فیشەک؟! دەبێ چ شەرمەزارێک بێت بۆ دەسەڵاتێکی بە ناودیموکراسی بە گەلەکەی بڵێت ئاژاوەگێر و گێرەشێوێن؟! دەبێ چ شەرمەزارێک بێت بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێمێکی دیموکراسی سەرکردە بە ناو سیاسیەکانیان هەڕەشەی دەست بڕین لە گەلەکەیان بکەن لە بەرامبەر شکانی شوشەی پەنجەرەکانی بارەگاکەیان؟! دەبێ چ شەرمەزارێک بێت بۆ دەسەڵاتێک کە نەتوانێت تاوانبارانی سوتاندنی دەزگاێکی راگەیاندنی وەکو کەناڵی نالیا کە تەنها ٧٢ کاتژمێر بو دەستی بە پەخش کردبو دەستگیربکات و سزایان بدات؟! دەبێت چ شەرمەزارێک بێت بۆ دەسەڵاتێکی دیموکراسی کە پێشەوای ئایینی دەستگیربکات لەسەر وتاردانێکی یان دەرکردنی پێژنوێژ و وتاربێژێک لەسەر کارەکەی چونکە راستی وتوە؟! یان چ شەرمەزارێکە لە ناوپەرلەماندا پەلاماری ئەندام پەرلەمان بدرێت و پەلاماردەرانیش دەستگیر نەکرێن؟! یان چ شەرمەزاریێکە بۆ سەرۆک پەرلەمانێک کە دەرگا لەسەر پەرلەمانتاران دابخات و بەوەشەوە نەوەستێت و هێز بهێنێتە ناو هۆڵی پەرلەمان بۆ پیشاندانی هێز و ترساندنی پەرلەمنتارانی ئۆپۆزسیۆن؟! ئەمانەو چەندین شەرمەزاری تری دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لەوانە هێنانی تۆپ و دەبابە و هێزی زێرەڤان بۆ سەر بزوتنەوەێکی سیاسی! خۆش دیموکراسی... سوتاندنی بارەگا و تاڵان کردن و پەلاماردانی رادیۆی دەنگ لە کەلار و سوتاندنی خێوەتەکانی خۆپیشاندەران و بێ ئاگای دەزگاکانی ئاسایش و پۆلیس ئەمانە و چەندین کەم و کورتی تری ئەم دەسەڵاتە تەزویرەی بە ناو دیموکراسی لە سەرو هەموشیانەوە تیرۆرکردنی رۆژنامەنوس تەنها لەسەر نوسینی بابەتێک کە بە خەیاڵەوە رخنەی گرتوە لە دەسەڵاتدارانی کوردستان. ماوەتەوە بپرسین ئەرێ کە ئەمانە شەرمەزاری نەبن ئەبێت چی شەرمەزاری بێت بۆ دەسەڵاتێکی دیموکراسی؟ لام وابێت وڵامەکەی ئاشکرایە.
بەڵێ خوێنەری ئەزیز
ئەم دەسەڵاتە بەناو دیموکراسییەی هەرێمی کوردستان لێوان لێوە لە شەرمەزاری بەرامبەر گەل و خاکەکەی، دەسەڵات لە گەندەڵیدا نقوم بوە و هیَشتاش بەرنامەی نییە بۆ خۆ رزگارکردن، دەسەڵات لێوان لێوە لە نادادپەروەری کەچی هێشتاش نازانێت بەرنامە بۆ دادپەروەری دابڕێژێت و یەکسانی بەسەرهەمولاێکدا باڵ بکێشێت، دەسەڵات لە رێڕەوی راستەقینەی دیموکراسی لای داوە کەچی هێشتاش ناتوانن ببن بە شۆفێرێکی لێهاتو بۆ هێنانەوە سەر رێڕەوی راستەقینەی خۆی، دەسەڵات کە بانگێشەی ئازادی دەکات کەچی هەرخۆی ئازادی لەناو دەبات و زمانی ئازاد دەبڕێت و قەڵەمی ئازاد دەشکێنێت و دەستی ئازاد دەبڕێت و دەنگی ئازاد دەخنکێنێت و هەنگاوی ئازاد دەشکێنێت وئاسمانی ئازادی پڕدەکات لە دەنگی گولەو سروشت پڕ دەکات لە بۆنی باڕوت و گوڵ هەڵئەوەرێنێت و درەخەت ئەتەقێنێتەوە و دونیای جوانی منداڵ لە سەرشەقام خەڵتانی خوێن دەکات و خەونەکانیان لەناو ئەبات و زانست پەک دەخات؛ تەنانەت بەوەشەوە ناوەستن و هەمو وڵات دەفرۆشن و گیرفانی خۆیان پڕ دەکەن لە پارەی و سامانی گشتی و پشت لە گەل و نیشتیمان دەکەن.
بەڵێ ئازادی لای ئەوان ئەمە واتاکەیەتی، بەڵام ئەمڕۆ گەل هۆشیاربۆتەوە و پێناسەی شیاو بۆ ئازادی دەکەن ئەمڕۆلای گەلی کوردستان ئازادی واتا ژیانێکی شەرەف مەندانە، ئازادی واتا رخنەگرتن لە سیاسەت و گەندەڵی ونادادپەروەری و دەسەڵات هێنانەوە سەر رێڕەوەی راستەقینەی خۆی و خزمەتکردنی گەل بەیەکسانی. ئازادی لای گەل واتا وتنی راستیەکان و پەنجەبردن بۆ هەمو نادادپەروەریەکان و هەنگاو نان بۆ ئازادی زیاتر و جوانترکردنی ئاسمانی ئازادی و وەستاندنی دەنگی گولەو جوانتر کردنی سروشتی وڵات و رواندنی گوڵ و سەوزکردنی درەخت و رەنگاو رەنگ کردنی زیاتری دونیای پڕ لە خەونی جوانی منداڵ و پێشخستنی زانست و ئازاد کردنی زیاتری خاکی وڵات و گێڕانەوەی پارەوسامانی گشتی و بەئاگا هێنانەوەی دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش و دەسەڵاتداران و دەستگیرکردنی تاوانبارانی بکوژ و گەندەڵ و پەلاماردەر و نیشتیمان فرۆش.
بەڵێ ئەزیزم ئەوەی ئەمڕۆجێگەی هەڵوەسە لەسەرکردنە ئەوەیە، کە گەل جوانتر و باشتر لە دیموکراسی گەیشتوە نەک ئەوانەی خۆیان بە مامۆستای دیموکراسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەزانن! بەڵێ ئەمڕۆ گەل لە ئاست هۆشیاری پێویستدایەو درک بە رابردو و داهاتوی دەکات و ئاگاداری ئەوەیە کە سەرکردەکان لە رابردودا چیان کردوە و چی بەسەریاندا گوزەری کردوە و چیش لە ئێستادا رودەدات و بە نیازی چیترن لە داهاتودا بیکەن، ئەمڕۆ گەل لە سەرانسەری کوردستان ئەزانن سەرکردە درۆینەکان لە رابردودا تەنها سەرقاڵی بەحیزب کردنی کۆمەڵگا بونەو لەپەنای ئەوەشدا بەردەوام خەریکی کۆکرنەوەی پارەوسامان بونە، کە لەبنچیەنشدا ئەم پارەوسامانە موڵکی گەلە و پێویستە بۆ گەل خەرج بکرێت، ئەمڕۆ گەل ئاگادارە کە ئازادی و دیموکراسی پێویستە لە پراکتیکدا ببینرێت نەک بە وتن.
بەڵێ هەرێمی کوردستان ٢٠ ساڵە رزگار بوە، بەڵام هێشتاش ئازاد نییە و دەبێت جیاوازی نێوان رزگاری و ئازادی بکرێت و هەوڵ بدرێت بۆ بە دەستهێنانی تەواوی ئازادییەکان لە هەمو بوارەکانی ژیاندا و پێویستە ئازادی لە دیمۆگۆجیەت رزگار بکرێت و لە مەیدانی کاردا بخرێتە گەڕ، هەمو تاکێکی کوردستانی هەست بە بونی ئازادی بکات و رۆژانەی بە کردار لە ژیانی رۆژانەیدا بەکاری بهێنێت وەک چۆن خۆی حەزی پێ دەکات نەک وەک چۆن دەسەڵاتی حیزب و بنەماڵە دەیەوێت.
ئەوەی لە کۆتایدا پێویستە بوترێت ئەوەیە کە گەل بزانێت ئازادی داواێکی گەورەیە و داواکاری گەورەش قوربانی گەورەی دەوێت هەروەکو نیڵسۆن ماندێلا وتویەتی: هەنگاونان بۆ ئازادی ئاسان نییە.