Print
 گروپی سپی: په‌لاماردانی سه‌رای ئازادی و پاراستنی گیانی خۆپیشانده‌ران ده‌خه‌ینه‌ ئه‌ستۆی‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی‌ سلێمانی‌‌
Sunday, March 13, 2011

(سبه‌ی):
به‌یاننامه‌ی گروپی سپی له‌باره‌ی رووداوه‌كانی شه‌وی 5/6 -3-2011 ی‌ مه‌یدانی سه‌رای ئازادی دوای ئه‌وه‌ی رۆژی (5/3/2011) له‌مه‌یدانی سه‌رای ئازادی مانگرتنێكی هێمنانه‌ راگه‌یه‌ندراو خۆپیشانده‌ران به‌ڵێنیاندا كه‌ به‌رده‌وام بن له‌خۆپیشاندان‌و مانگرتنی ئاشتیانه‌ تا به‌دیهاتنی داواكارییه‌كانیان، له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك چادرو خێمه‌ هه‌ڵدرا كه‌ زۆربه‌یان ناوی شه‌هیده‌كانی رۆژانی پێشوویان لێنرابوو، له‌ بارودۆخێكی ئارامدا چه‌ندین چالاكی هونه‌ریی‌و شانۆگه‌ریی‌و فیلمی دۆكیۆمێنتاریانه‌ نمایشكراو ژماره‌یه‌كی زۆری مانگرتووان بڕیاریاندا كه‌ شه‌وی 5/6  له‌و مه‌یدانه‌دا بمێننه‌وه‌و چۆڵی نه‌كه‌ن .
به‌لاَم له‌كاتژمێر 2:25ی‌ شه‌ودا سه‌ره‌ڕای بوونی هێزی‌ ئاسایش له‌و ده‌وروبه‌ره‌ هێزێكی نادیار به‌شێوه‌یه‌كی ناشارستانی په‌لاماری مانگرتووه‌كانیانداو دوای لێدان‌و گرتن‌و فڕاندنی‌ ژماره‌یه‌ك خۆپیشانده‌ر چادرو خێمه‌كه‌كانیان سوتاندو سه‌رجه‌م ئامێره‌كانیان تێكشكاندن.
ئێمه‌ وه‌ك "گروپی سپی" به‌و پێیه‌ی‌ ئه‌نداممان له‌و مه‌یدانه‌دا ئاماده‌بووه‌و شایه‌تحاڵی رووداوه‌كه‌ن‌و له‌ ڕۆژانی ڕابوردوشدا په‌یامی ئاشتی‌و ناتوندوتیژیمان ئاڕاسته‌ی هه‌موو لایه‌ك كرد ئۆباڵی‌ ئه‌م په‌لاماردانه‌و نه‌پاراستنی‌ ئاسایشی‌ مه‌یدانه‌كه‌و گیانی‌ خۆپیشانده‌ران ده‌خه‌ینه‌ ئه‌ستۆی‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی‌ سلێمانی‌‌و پێمانوایه‌ ئه‌مجۆره‌ په‌لاماردانه‌ ئارامی‌ چه‌ند رۆژی‌ رابردووی‌ خۆپیشاندانه‌كان به‌ره‌و توندوتیژی‌ ئاڕاسته‌ ده‌كات‌و پێشێلكردنی زه‌قی‌ ( 17 ) خاڵه‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردوستانه‌، به‌تایبه‌ت له‌و لایه‌نه‌دا كه‌ هێزه‌كان بێ باج‌و ناسنامه‌ په‌لاماری هاوڵاتیانیان داوه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌م په‌لاماره‌ پرۆتیستۆ ده‌كه‌ین‌و داواكارین به‌زوترین كات لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌كانی ئه‌م كاره‌ سزا بدرێن‌و گیراوه‌كانیش ئازاد بكرێن .

به‌ڵێ بۆ ئاشتی نا بۆ توندوتیژی و تۆقاندن .

ده‌سته‌ی بالاَی گروپی سپی
6-3-2011 
 

Sbeiy.com © 2007