Print
 بریندارێکی سه‌رای ئازادی: هێزێکی ده‌مامکدار به‌لێدان و گرتن په‌لاماری ده‌یان هاوڵاتیان دا
Monday, March 14, 2011

(سبه‌ی):
برینداره‌کانی شه‌وی رابوردوی سه‌رای ئازادی باس له‌چۆنیه‌تی هێرشکردنی چه‌کداره‌کان ده‌که‌ن بۆ سه‌ر هاوڵاتیان و خۆپیشانده‌ران و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌که‌ن، به‌ به‌رچاوی هێزه‌کانی ئاسایشه‌وه‌ هه‌ڵمه‌ته‌که‌ کراوه‌.
(ز. أ) خوێندكاری‌ په‌یمانگای‌ هونه‌ره‌جوانه‌كانه‌‌و یه‌كێكه‌ له‌ برینداره‌کانی ‌شه‌وی‌ رابوردوی سه‌رای ئازادی، بۆ (سبه‌ی) وتی: "له‌ شه‌قامی‌ گۆرانه‌وه‌ به‌ره‌و لای‌ خۆپیشانده‌ران ده‌ڕۆیشتم بۆ ئه‌وه‌ی‌ كۆمه‌كی‌ به‌تانی‌‌و خواردنیان بۆ به‌رم، كاتێكم زانی‌ به‌شه‌ش كه‌س هه‌ڵیانکوتایه‌ سه‌رم و پاش لێدانێکی زۆر، له‌ هۆش خۆم چوم و له‌ نه‌خۆشخانه‌ به‌ ئاگا هاتمه‌وه‌".
باسی له‌وه‌شکرد، ئه‌و ‌که‌سانه‌ی هێرشیان کردوه‌ته‌ سه‌ر هاوڵاتیان، هێزێكی‌ ده‌مامكدار بون و ده‌یان که‌سی تریش که‌وتنه‌ به‌ر شاڵاوی ئه‌و هێزه‌، وتیشی: خۆم هێزه‌کانی ئاسایشم بینی که‌ چۆن به‌رگرییان له‌و هێزه‌ ده‌مامکداره‌ ده‌کرد و پاراستویانن، به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ڵوێستیان به‌رامبه‌ر گرتن و بریندارکردنی هاوڵاتیان هه‌بێت.
ئه‌و خوێندکاره‌ راشیگه‌یاند:"هێزه‌کانی ئاسایشم بینی که‌ به‌رگرییان له‌و هێزه‌ ده‌کرد، بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ هیچ هه‌ڵوێستێكیان به‌رامبه‌ر گرتن و لێدانی خه‌ڵک هه‌بێت".
رێبین عه‌لی‌، ‌بریندارێکی دیکه‌ی سه‌رای ئازادی سلێمانییه‌و ده‌ڵێت: له‌نێو خێمه‌یه‌كدا پشوم دابو، ئه‌وه‌نده‌م زانی‌ هاتو هاوار له ‌نێو خێمه‌كانی‌ ده‌وروبه‌رم به‌رزبویه‌وه‌، كه‌ هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌‌ بینیم هێزێكی‌ ده‌مامكدار‌ په‌لاماری‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌یان ئه‌‌دا.
ئه‌وه‌شی وت: "كاتێك ته‌ماشام كرد، به‌ ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی‌ ده‌وروبه‌رمان گیراو هێزه‌که‌ به‌په‌له‌ دابه‌زین‌و هێرشیان هێنا بۆ خه‌ڵكی‌ مه‌ده‌نی، منیش له‌و نێوانه‌دا‌ به‌رکه‌وتم و به‌ سێ که‌س لێیاندام و برینداریان کردم، پاشان ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ کرام بۆ چاره‌سه‌ر، ئێستاش سه‌رم شكاوه‌و ده‌ستێكم له‌جێ‌ چوه‌".

 

زمناكۆ ئیسماعیل

Sbeiy.com © 2007