Print
 نه‌وشیروان مسته‌فا: به‌بێ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت هیچ مانایه‌ك نامێنێته‌وه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خت له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان
Monday, March 14, 2011
(سبه‌ی‌):
نه‌وشیروان مسته‌فا سه‌رۆكی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر په‌یامه‌كه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خت و دوپاتی‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌بێ هه‌ڵوه‌‌شاندنه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت هیچ مانایه‌ك نامێنێته‌وه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خت.
له ‌به‌رنامه‌یه‌كی‌ روبه‌ڕوی‌ كه‌ناڵی‌ KNN دا كه‌ سه‌عات 9:00ی‌ ئه‌مشه‌و په‌خشده‌كرێت، نه‌وشیروان مسته‌فا سه‌رۆكی‌ بزوتنه‌وه‌ گۆڕان تێڕوانین و بۆچونه‌كانی‌ خۆی‌ سه‌باره‌ت به‌ دۆخی‌ ئێستای‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌خاته‌ڕو.
له‌به‌شێكی‌ قسه‌كانیدا نه‌وشیروان مسته‌فا تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر په‌یامه‌كه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خت و دوپاتی‌ ده‌كاته‌وه‌، هه‌ڵنه‌وه‌شاندنه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت هیچ مانایه‌ك ناهێڵێته‌وه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خت و راشیده‌گه‌یه‌نێت: به‌لامانه‌وه‌ زۆر گرنگه‌ ئه‌و حكومه‌ته‌ی‌ دروست ده‌بێت شه‌ش وه‌زاره‌تی‌ له‌ كه‌سانی‌ پسپۆڕ و بێ‌ لایه‌ن بن و دور له‌ ده‌ستێوه‌ردانی‌ حیزبی‌ بن.
نه‌وشیروان مسته‌فا‌ نمونه‌ی‌ ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ی‌ هێنایه‌وه‌ كه‌ ده‌توانێت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ئه‌نجامه‌كان بگۆڕدرێت، ئه‌وانیش بریتین له‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تی‌ دارایی و وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتییه‌كان و وه‌زاره‌تی‌ داد، راشیگه‌یاند: پێمان باشه‌ وه‌ك چۆن له‌ به‌غدا داوا ده‌كرێت ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ بدرێته‌ كه‌سانی‌ بێلایه‌ن، بۆچی‌ بۆ ئه‌وان ره‌وایه‌ به‌ڵام بۆ ئێمه‌ ناڕه‌وایه‌؟ بۆیه‌ ئێمه‌ش له ‌كوردستان داوا ده‌كه‌ین ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ به ‌كه‌سانی‌ بێ‌ لایه‌ن راسپێردرێت و كه‌سانێك بن حیزبی‌ نه‌بن، ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌نگاوانه‌ جێ به‌جێ‌ نه‌كرێت ئه‌وا هیچ مانایه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خت نامێنێته‌وه‌ و ئێمه‌ پشتیوانی‌ لێ ناكه‌ین.
له ‌به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ قسه‌كانیدا سه‌رۆكی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان رایگه‌یاندوه‌: به‌پێی‌ ئه‌و ژمارانه‌ی‌ لامانه‌ نزیكه‌ی‌ 50 هه‌زار گه‌نجی‌ كورد خوێندنی‌ باڵایان له‌ زانكۆ و په‌یمانگاكانی‌ كوردستاندا ته‌واو كردوه‌، له‌و 50 هه‌زار گه‌نجه‌ بڕواناكه‌م 50 كه‌سیان گه‌یشتبێبَته‌ ناوه‌نده‌كانی‌ بڕیاردان له‌ ناو حیزبه‌كان و سه‌ركردایه‌تی‌ حیزبه‌كان و له ‌حكومه‌ت و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان و كونسوڵه‌كان و  به‌رپرسی‌ لقه‌كان و وه‌زیره‌كان، ئه‌م ده‌زگایانه‌ له ‌كێ‌ هه‌ڵبژێردراون؟، هه‌موی‌ له ‌نه‌وه‌یه‌ك هه‌ڵبژێردراون كه‌ نه‌وه‌ی‌ پێش راپه‌ڕینن، نه‌وه‌ی‌ دوای‌ راپه‌رین خۆی‌ به‌ خاوه‌ن ده‌زانێ‌، راسته‌ فریا نه‌كه‌وتوه‌ پێشمه‌رگایه‌تی‌ بكات، فریا نه‌كه‌وتوه‌ له‌ ئه‌شكه‌وتدا بژی‌، فریا نه‌كه‌وتوه‌ خه‌باتی‌ ژێر زه‌مینی‌ بكات، به‌ڵام به ‌مافی‌ سروشتی‌ خۆی‌ ده‌زانێ‌ له ‌داموده‌زگاكانی‌ ئێستای‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، چ داموده‌زگا حیزبییه‌كان، چ داموده‌زگا حكومییه‌كان به‌شی‌ خۆی‌ هه‌بێت، ئه‌مه‌ ئه‌و نه‌وه‌یه‌یه‌ كه‌ دوای‌ راپه‌ڕین بێ‌ به‌شبوه‌ له‌ به‌شداریكردن له ‌ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌، له‌ ژیانی‌ ئابوری‌، له‌ ژیانی‌ رۆشنبیریدا و ده‌یه‌وێت به‌شی‌ خۆی‌ وه‌ربگرێت بۆیه‌ من پشتیوانی‌ لێده‌كه‌م.
Sbeiy.com © 2007