Print
 دانیشتوانی‌ بازیان: له‌پێناو چاكسازی‌ و گۆڕینی‌ سیسته‌می‌ حكومڕانی‌، پاڵپشتی‌ خۆپیشاندانه‌كان ده‌كه‌ین
Monday, March 14, 2011

(سبه‌ی‌):
20 ساڵ به‌ر له‌ ئێستا له‌ 5/3/1991،(ڕانیه‌) بوه‌ ده‌روازه‌ی‌ راپه‌ڕین و دواتریش له‌ 6/3/1991 خه‌ڵكی‌ (بازیان) به‌ هه‌مو چین و توێژه‌كانیانه‌وه‌ راپه‌ڕین و به‌ره‌نگاری‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ دیكتاتۆریی‌ رژێمی‌ به‌عسی‌ له‌ناوچو بونه‌وه‌.
 له‌كاتێكدا بازیان راپه‌ڕی‌ كه‌ شاری‌ سلێمانی‌ له‌لایه‌ن رژێمی‌ به‌عسه‌وه‌ حكومده‌كرا و ئه‌مه‌ش وای‌ كرد راپه‌ڕین له‌ بازیان ببێته‌ پاڵپشت و سه‌ره‌تایه‌ك بۆ راپه‌ڕینی‌ خه‌ڵكی‌ شاری‌ سلێمانی‌ و دواتریش كوردستان.
به‌ڕێزان، ئێمه‌ له‌كاتێكدا ئه‌م یاده‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، له‌ هه‌ندێك شار و شارۆچكه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هاونیشتیمانیان خۆپیشاندان له‌ دژی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و له‌پێناو چاكسازی‌ و گۆڕینی‌ سیسته‌می‌ حكومڕانی‌ ئه‌نجامده‌ده‌ن، ئێمه‌ش به‌هه‌مو شێوه‌ك پاڵپشتی‌ ئه‌و جۆره‌ خۆپیشاندانانه‌ین و دژی‌ هه‌مو جۆره‌ توندوتیژییه‌كین، هاوكات ده‌مانه‌وێت هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ به‌رهه‌می‌ راپه‌ڕینی‌ خه‌ڵكی‌ بازیان، ئایا له‌ ئاستی‌ خواست و داواكارییه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ بازیاندایه‌؟ بێگومان نه‌خێر، تا ئێستاش خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ به‌ده‌ست خراپی‌ ره‌وشی‌ خزمه‌تگوزه‌رانیانه‌وه‌یه‌ ده‌ناڵێنن، به‌ به‌راورد به‌ زۆربه‌ی‌ شار و شارۆچكه‌كانی‌ تری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بازیان له‌و روه‌وه‌ په‌راوێزخراوه‌.
ئێمه‌ له‌ روانگه‌ی‌ هه‌ستكردنمان به‌ به‌رپرسیارێتی‌ ئه‌م داواكارییانه‌ ده‌خه‌ینه‌ پێشچاوی‌ لایه‌نی‌ په‌یوه‌ندیدار و ده‌سه‌ڵات بۆ جێبه‌جێكردنیان:
1. به‌قه‌زاكردنی‌ بازیان، پاڵپشت به‌ روبه‌ڕوی‌ جوگرافی‌ و ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌.
2. گۆڕانكاریكردن له‌ په‌یكه‌ری‌ كارگێڕی‌ ناوچه‌كه‌، به‌لابردنی‌ هه‌ندێك له‌ په‌رپرسه‌ كارگێڕییه‌كان.
3. ڕێگریكردن له‌ ده‌ستێوه‌ردانی‌ حیزبی‌ و هه‌ندێك كۆمپانیای‌ ئه‌هلی‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ ناوچه‌كه‌دا.
4. زیادكرنی‌ به‌شه‌بودجه‌ی‌ بازیان، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ بگونجێت له‌گه‌ڵ ژماره‌ی‌ دانیشتواندا.
5. بونی‌ شه‌فافییه‌ت له‌ بودجه‌ی‌ پڕۆژه‌كان و چۆنییه‌تی‌ خه‌رجكردنی.
6. دامه‌زراندنی‌ زۆرترین رێژه‌ی‌ گه‌نجانی‌ ناوچه‌كه‌، له‌ فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان و خوێندنگا و كارگه‌ و كۆمپانیاكانی‌ ناوچه‌كه‌.
7. ڕاوێژكردن به‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ له‌ كاتی‌ ئه‌نجامدانی‌ پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان، چونكه‌ له‌ رابردودا بێ پلانی پێوه‌ دیاربوه‌.
8. سودمه‌ندبون له‌داهاتی‌ ئه‌و كارگه‌ و پاڵاوگانه‌ی‌ كه‌ كاری‌ وه‌به‌رهێنان ده‌كه‌ن له‌ ناوچه‌كه‌دا به‌ پێی‌ یاساو به‌ڕێژه‌ی‌ 1%.
9. جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی‌ كه‌ به‌رپرسانی‌ حكومی‌ و حیزبی‌ به‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌یانداوه‌، له‌ پێش هه‌مویانه‌وه‌ قیرتاو شۆسته‌ی‌ سه‌رجه‌م كۆڵان و گه‌ڕه‌كه‌كانی‌ بازیان و به‌رده‌قاره‌مان.
10. پاراستنی‌ ژینگه‌ی‌ ناوچه‌كه‌، كه‌ به‌هۆی‌ بونی‌ كارگه‌ و پاڵاوگه‌كانه‌وه‌ پیس بوه‌.
11. بایه‌خدان به‌ كه‌رتی‌ ته‌ندروستی‌.
12. چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان، هه‌ر له‌ كه‌می‌ بیانی‌ خوێندنگا و مامۆستای‌ پسپۆڕ و دره‌نگ گه‌یشتنی‌ په‌رتوكه‌كانی‌ خوێندن.

ده‌سته‌ی‌ به‌ دواداچون و داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ بازیان
6/3/2011

 ئاكام ئه‌بوبه‌كر

Sbeiy.com © 2007