Print
 سلێمانی؛ به‌شه‌ ناوخۆییه‌کان داده‌خرێن و خوێندکاران ده‌نێردرێنه‌وه‌ ماڵه‌وه‌
Monday, March 14, 2011

(سبه‌ی):
هاوشێوه‌ی بڕیاره‌ حیزبییه‌که‌ی هه‌ولێر و داخستنی ده‌وامی زانکۆ و په‌یمانگاکان و ده‌رکردنی خوێندکارانی به‌شه‌ ناوخۆییه‌کان، به‌شه‌ ناوخۆییه‌کانی سلێمانی داده‌خرێن.
له‌وباره‌یه‌وه‌ خوێندکارێکی به‌شه‌ ناوخۆییه‌کانی سلێمانی که‌ پێی باشنه‌بو ناوی بنوسرێت، به‌ (سبه‌ی)ی راگه‌یاند: دوێنێ (یه‌کشه‌ممه‌) خوێندکارانی به‌شه‌ ناوخۆییه‌کانی سلێمانی که‌ بۆ خوێندن له‌و شاره‌ن ئاگادارکراونه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سلێمانی به‌جێبهێڵن و ده‌وام نه‌که‌ن.
باسی له‌وه‌شکرد، که‌ دوێنێ شه‌و به‌سه‌ر خوێندکاراندا گه‌ڕاون و به‌ناوی به‌رپرسی به‌شه‌ ناوخۆییه‌کانی سلێمانیه‌وه‌ پێیان وتون، ده‌بێت ئه‌مڕۆ خوێندکاران به‌شه‌ ناوخۆییه‌کان چۆڵبکه‌ن، چونکه‌ داده‌خرێت.
ئه‌وه‌ له‌کاتێکدایه‌ که‌ تاوه‌کو ئێستا وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا هیچ لێدوانێکی ره‌سمی له‌وباره‌یه‌وه‌ نه‌داوه‌و وه‌زیری خوێندنی باڵاو به‌رپرسانی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ش ئاماده‌نین لێدوان بده‌ن.
هاوکات خوێندکاران نیگه‌رانی خۆیان به‌رامبه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ ده‌ربڕیوه‌و پێیانوایه‌ ئه‌وه‌ بڕیارێکی حیزبییه‌و ترسی ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ ئه‌نجامدانی خۆپیشاندان، سه‌رچاوه‌که‌ی (سبه‌ی) وتیشی: "ده‌ستپێکردنی پشوی زانکۆ و په‌یمانگاکان ماوه‌ی چه‌ند رۆژێکی ماوه‌و پێویسته‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا بێته‌ ده‌نگ".
جێی ئاماژه‌یه‌ رێکه‌وتی 24ی مانگی رابوردو به‌بڕیاری یه‌کێتی قوتابیانی سه‌ر به‌ پارتی، ده‌وامی سه‌رجه‌م زانکۆ و په‌یمانگاکانی هه‌ولێر تاوه‌کو 1/4 راگیراو ئه‌و خوێندکارانه‌ی بۆ خوێندنیش له‌و شاره‌ بون ده‌رکران.

ئه‌کره‌م تۆفیق

Sbeiy.com © 2007