بابه‌كر دره‌یی
كاتێك ده‌ڵێن "له‌ژێر تیشكی خۆردا شتێكی تازهنییه... رووداوه‌كان هه‌موو دووباره‌ن" قسه‌یه‌كی بێبناغهیان نه‌كردووه.
زۆربه‌ی ئه‌و گرفت و ئاڵۆزییانه‌ی ئه‌مڕۆ پێیانه‌وه گیرۆده‌ین، له‌دنیای كۆنیشدا مرۆڤه‌كان پێیه‌وه سه‌رقاڵبوون و خه‌ڵك له هه‌وڵی بێوچاندابوون تا له‌مپه‌ڕ و رێگره‌كانی به‌رده‌م گوزه‌رانێكی ئاسایی و ژیانێكی ئاسووده نه‌هێڵن و ئاواتیان خواستووه هه‌وری ناهه‌قی و بێدادی له‌سه‌ریان لابچێت.
دنیای كۆن دنیایه‌كی ده‌وڵه‌مه‌نده، پڕه له ئه‌زموونی دانسقه و بێوێنه.... جیهانێكه مرۆڤه ئاساییه‌كان تیایدا ئازاترن، بیرمه‌ند و فه‌یله‌سوفه‌كان تیایدا به‌رچاو روونترن و گورجی و ئاماده‌ییان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه و سه‌ندنی ماف له ئاستێكی ئێجگار به‌رزدایه، داكۆكی له‌دیدگا شه‌خسی و تایبه‌ته‌كانیان بۆته نه‌رێتێكی له شكان نه‌هاتوو، و ململانێ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداران و شمشێر به‌ده‌ستان به‌شێكه له پێكهاته‌یان.
یه‌كێك له‌و پیاوه سه‌رسه‌ختانه‌ی ده‌گونجێت له دۆخی ئه‌مڕۆی كوردستان و بێنه و به‌ره‌ی دابه‌شكردنی سامانی نه‌ته‌وه‌یی و بودجه‌دا یادی بكه‌ینه‌وه و له قسه پهندئا مێزهكانییهوه فێرببین، فه‌یله‌سوفێكه به‌ناوی دیۆجینس كه ژیانی تایبه‌تی ئه‌و ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كی ته‌واوه بۆ بیروباوه‌ڕ و بیركردنه‌وه‌ی.
وه‌ك كتێبه‌كان ده‌گێڕنه‌وه، ئه‌م پیاوه هاوچه‌رخی ئه‌سكه‌نده‌ری مه‌كدۆنی بووه. سه‌رده‌م و زه‌مانه‌ی ئه‌سكه‌نده‌ریش ( له‌نێوان 400 – 300 پ. ز.) ئه‌م فه‌رمانده‌یه‌ی وه‌ك ره‌مزی هێز و ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌تداری نمایش ده‌كرد و راوه‌ستان و وتنی قسه‌ی هه‌ق له به‌رامبه‌ر پیاوێكی واهیدا جۆرێك له ئازایه‌تی بووه كه هه‌موو كه‌س له ده‌ستی نه‌هاتووه.
گفتوگۆی مێژوویی نێوان ئه‌سكه‌نده‌ر و دیۆجینس ده‌توانێت باشتر مه‌سه‌له‌ی "رووناكی خۆر"، یان به‌و واتایه‌ی كه ئه‌مڕۆ لێره‌دا مه‌به‌ستمانه "رووناكی بودجه"مان بۆ به‌رجه‌سته‌تر بكات.
بفه‌رموون له‌گه‌ڵ ده‌قی گفتوگۆی ئه‌سكه‌نده‌ری سه‌رۆك و فه‌یله‌سوفی سواڵكه‌ر كه له كتێبی "به‌سه‌رهاته نه‌مره‌كانی فه‌لسه‌فه" وه هێناومانه:
" دیۆجینس: ئه‌ی سه‌رداری مه‌زن! ئێستا گه‌وره‌ترین ئاره‌زووی تۆ چییه؟ ئه‌سكه‌نده‌ر: یۆنان بخه‌مه ژێر كۆنترۆڵه‌وه.
دیۆجینس: ئه‌ی دوای ئه‌وه؟ ئه‌سكه‌نده‌ر: ئاسیای بچووك داگیر بكه‌م.
دیۆجینس: دوای ئه‌و؟
ئه‌سكه‌نده‌ر: دنیا داگیر بكه‌م.
دیۆجینس: پاشان چی؟ ئه‌سكه‌نده‌ر: خه‌ریكی پشوودان بم و چێژ وه‌رگرم.
دیۆجینس: ئه‌ی بۆچیههر ئێستا پشوو ناده‌یت و چێژ وه‌رناگریت؟
ده‌ڵێن ئه‌سكه‌نده‌ر بۆ ئه‌م ئامۆژگارییه سوپاسی دیۆجینسی كرد و لێی پرسی:
- ئایا خزمه‌تێكم له‌ده‌ست دێت ده‌رهه‌ق به تۆ جێبه‌جێی بكه‌م؟
- به‌ڵێ، تكات لێده‌كه‌م سێبهرهكهتم له كۆڵ بكه‌ره‌وه كه بۆته به‌ربه‌ست له‌نێوان من و رووناكی خۆردا".
له وڵاتی ئێمه‌ش گرفته‌كان وه‌ك یۆنانی كۆن ماون و گۆڕانێكی زۆریان به‌سه‌ردا نه‌هاتووه. نه‌وه‌كانی ئه‌سكه‌نده‌ر، سیاسه‌تكار و فهرماندهزیرهكهكان، ئه‌وانه‌ی به مۆڕاڵ و ته‌ماعێكی زۆرتره‌وه سه‌روبنی دنیایان كۆنترۆڵكردووه و به‌رده‌وام پاره‌ی میلله‌تیان له فۆڕمی "بودجه" دا دێتهبهردهست (ئه‌و پاره‌یه‌ی كه له دنیای سه‌رمایه‌داریدا بنج و بناغه‌ی ژیان و پێشكه‌وتنی تاك و كۆمه‌ڵ پێكده‌هێنێت و وه‌ك "رووناكی خۆر" بۆ هه‌مووان پێویسته!) ناهێڵن ئه‌م سامانه به شێوازێكی یاسایی بگاته هه‌مووان و وه‌ك خه‌زێنه‌یه‌كی به رێكه‌وت دۆزراوه ده‌وریان لێداوه و قبوڵناكه‌ن جگه لهن وخبهیهكی دیاریكراو (لانی زۆر 4000 كه‌س!!) بگاته هیچ كام له مرۆڤه ئاساییه‌كان و ئه‌وانه‌ی هه‌قه پێیان بگات.
زۆر ره‌وایه گه‌ر ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی كوردستان بیانه‌وێت رای گشتی سه‌باره‌ت به خۆیان و سیاسه‌ته‌كانیان بزانن ئه‌م پرسیاره ئاراسته‌ی میلله‌ت بكه‌ن:
+ چیتان ده‌وێت بۆتان جێبه‌جێ بكه‌ین؟
ده‌گونجێت خه‌ڵكی كوردستانیش به شێوه‌ی دیۆجینس وه‌ڵام بده‌نه‌وه و بڵێن:
+ تكایه سیستمی دابه‌شكردنی سامانی نه‌ته‌وه‌یی دادپه‌روه‌رانه رێكبخه‌ن و رێگا بده‌ن "رووناكیی بودجه"مان بگاتێ...