Print
 ناعه‌داله‌تی‌ له‌ دابه‌شكردنی ‌بودجه‌دا
Monday, February 11, 2008

بابه‌كر دڕه‌یی

بودجه‌ی‌ عیراق بریتییه‌ له‌ پاره‌ی‌ نه‌وت، ئه‌مه‌راستییه‌كه‌ و ناشێت له‌ هیچ كه‌س بشاردرێته‌وه‌، بێگومان مایه‌ی‌ خۆشحاڵی‌ نییه‌ گه‌ر سه‌رچاوه‌ی‌ بژێویی‌ وڵاتێك به‌یه‌كجۆر داهاته‌وه‌ به‌سترابێته‌وه‌ و به‌دروستبوونی‌ هه‌ر گرفتێكی‌ سیاسی‌ و ئه‌منی‌ (یان ئابووری) ئه‌م داهاته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ش بكه‌وێته‌ به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی‌ هه‌ڵكشان و داكشان..

دۆخی‌ سیاسی‌ عیراق له‌ دوای‌ رووخانی‌ رژێمه‌وه‌ بۆ هه‌مووانی‌ ده‌رخست كه‌ تا چ ئه‌ندازه‌یه‌ك تێكچوونی‌ پرۆسه‌ی‌ ده‌رهێنان و فرۆشتنی‌ ئه‌م داهاته‌ گرنگ و ژیانییه‌ی‌ خه‌ڵك ده‌توانێت كاریگه‌ریی‌ خراپ و كاره‌ساتئامێز بۆ خه‌ڵكی‌ عیراق به‌ گشتی‌ و دانیشتووانی‌ كوردستان به‌تایبه‌تی‌ به‌ دوای‌ خۆێدا رابكێشێت.

ئه‌وه‌ی‌ زیاتر جێگای‌ سه‌رنج و كه‌سه‌ره‌ خودی‌ یه‌ك سه‌رچاوه‌بوونی‌ داهاتی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ خه‌ڵكی‌ عیراق نییه‌، واته‌ له‌وه‌دا خۆی‌ نابینێته‌وه‌ كه‌ دانیشتووانی‌ ئه‌م وڵاته‌ به‌هۆی‌ حكومه‌ته‌ جۆراوجۆره‌كانییه‌وه‌ نه‌بوونه‌ته‌ خاوه‌نی‌ پیشه‌سازییه‌كی‌ مۆدێرن، یاخود بنكه‌یه‌كی‌ كشتوكاڵی‌ به‌هێز كه‌ له‌گه‌ڵ‌ جوگرافیای‌ گونجاوی‌ ناوچه‌كه‌یاندا رێكبكه‌وێت، به‌ڵكو له‌وه‌شدایه‌ كه‌ خودی‌ ئه‌م سه‌روه‌ته‌ گیانییه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ ناڕێكوپێك و ناعادلانه‌ بێته‌ دابه‌شكردن و سوود لێوه‌رگرتن.

ئه‌گه‌ر له‌م چه‌ند رسته‌یه‌دا واز له‌و گه‌نده‌ڵییه ‌بهێنین كه‌ له‌ ئاستی‌ عیراقدا حكومڕانی‌ ده‌كات و وڵاته‌كه‌مانی‌ گه‌یاندۆته ‌دووه‌مین پله‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ له‌ ئاستی‌ جیهاندا و ته‌نها قسه‌ له‌سه‌ر بودجه‌ی‌هه‌رێمی‌ كوردستان بكه‌ین، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ قوڕاوی‌ ناعه‌داله‌تی‌ له‌م هه‌رێمه‌ی‌ ئێمه‌دا تا چ ئه‌ندازه‌یه‌ك خه‌سته ‌و تا چ راده‌یه‌ك مرۆڤه‌كانی ‌ژێرسێبه‌ری‌ حكومه‌ته‌ بێتوانا و بێویژدانه‌كان غه‌دریان لێده‌كرێت و مافیان ده‌خورێت... به‌پێی‌ یاسا- واته‌ ئه‌و یاسایه‌ی‌ كه‌ ده‌بێت هه‌مووان ملكه‌چی بن – پێویسته‌ 17%ی‌ بودجه‌ی‌ عیراق بدرێت به‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان، به‌ڵام حكومه‌تی‌ مه‌ركه‌زی‌ كاتێك ئه‌و 17% یه‌ ده‌به‌خشێته‌ كوردستان كه‌ ئه‌م پارانه‌ی‌ لای ‌خواره‌وه‌ بدرێت به‌و حكومه‌ته‌ی‌ كه‌ كوردیش تیایدا به‌شداره‌ و له‌سه‌ریه‌تی ‌به‌شێك له‌مه‌سره‌فی‌ ئه‌و ده‌زگایانه‌ بكات.

- وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌
- وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ
- دیوانی‌ سه‌ركۆمار
- ئه‌نجومه‌نی ‌وه‌زیران
- پارله‌مانی‌ عیراق

هه‌موو ئه‌وانه‌ش به‌پێی‌ رێژه‌یه‌ك كه‌ له‌ به‌غداد داده‌نرێت و (ألله اعلم) چۆن چۆنی‌ ده‌خه‌مڵێنرێت... واته‌: دوای‌ داشكاندنه‌كان، باقیاتی‌ بودجه‌ی‌ ماوه‌ بۆ هه‌موو عیراق به‌پێی‌ فرۆشی‌ ئێستای ‌نه‌وت، 42 ملیار دۆلاره‌ و هه‌قی‌ ئێمه‌ش 17%ی‌ ئه‌و 42 ملیاردۆلاره‌ ده‌بێت.
له‌وه‌ش سه‌رنج راكێشتر و گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌، ئه‌و پرۆژانه‌ی‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ ناوه‌نددا ده‌كرێن و حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ پاره‌كه‌یان دابینده‌كات دیسان له‌17% دا ده‌شكێت و خۆتان ده‌زانن كه‌ له‌و مه‌سه‌له‌یه‌شدا چ پاره‌یه‌ك به‌هه‌وانته‌ ده‌خورێت و چ جۆره‌ میكانیزمێك ده‌سه‌ڵاتداره‌!!

به‌واتایه‌كی‌ تر: ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی‌ له‌ كوردستاندا كراون و له‌ پایته‌ختی‌ عیراقه‌وه‌ پاره‌یان بۆ سه‌رفكراوه‌ هه‌مووی‌ به‌زیاده‌وه‌ له‌ بودجه‌ی‌ كوردستان گلدراوه‌ته‌وه‌ و رێژه‌یه‌كی‌ زۆریان پاره‌ تێدا خوراوه‌ و به‌شێكی‌ گه‌وره‌ش له‌و"پرۆژانه‌" سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون و نیوه‌ناچڵ‌ وازیان لێهێنراوه‌ و هه‌ندێكیشیان له‌ بناغه‌وه‌ پرۆژه‌ی‌ بێكه‌ڵكبوون.

گومرگی‌ ئیبراهیم خه‌لیلیش به‌هانه‌یه‌كی ‌تره‌ بۆ "قرتاندن"ی‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم، به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ توركیا داهاتی‌ ئیبراهیم خه‌لیل ئێجگار زۆرتره‌ له‌و رێژه‌یه‌ی‌ كه‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی ‌هه‌رێم به‌ده‌ستی‌ گه‌یشتووه‌ و هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌شه‌وه‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ هه‌رێم رێژه ‌داهاتی‌ خه‌مڵێنراو له‌لایه‌ن توركیاوه‌ به‌ " درۆ" ده‌خاته‌وه‌....

كورته‌ی‌ قسه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بودجه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان به‌ پێوانه‌یه‌كی‌ ماتماتیكی‌ ئاوای‌ لێدێت:
بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان = 17%ی‌ بودجه‌ی‌ عیراق له‌و به‌شه‌ی‌ كه‌ مه‌سره‌فی‌ دیوانی‌ سه‌رۆك كۆمار و ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران و وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ و به‌رگری‌ و پارله‌مانی‌ لێ‌ ده‌ركراوه‌.
بودجه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان = بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ــ داهاتی‌ گومرگی‌ ئیبراهیم خه‌لیل+  مه‌سره‌فی‌ ئه‌و پڕۆژانه‌ی‌ له‌ پایته‌خته‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی‌ ده‌كرێن.
 
گه‌ر وردتری‌ بكه‌ینه‌وه‌:
پوخته‌ی‌ بودجه‌ی‌ گه‌یشتوو به‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان = بودجه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان (كه ‌له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌ی‌ پێكراوه‌) ـــ بودجه‌ی‌حزبه‌ گه‌وره‌كانی‌ كوردستان! ئه‌مه‌یه‌ ئه‌و ناعه‌داله‌تییه‌ یاسایی‌ و سیاسییه‌ی‌ كه‌ له‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان ده‌كرێت و بنمیچی‌ ئاسمانیش له‌ هات و هاواری‌ دیموكراتی‌ خوازی‌ و عه‌داله‌ت خوازیی‌ سه‌ركرده‌كان هاتۆته‌ ڕووخان....
 

Sbeiy.com © 2007