Print
 عەدنان كەریم: خۆپیشاندەران دڵسۆزترین چینی ئەم گەلەن
Monday, March 14, 2011

(سبه‌ی):
لە دوای خۆپیشاندان و روداوەكانی (17)ی شوباتەوە كە تا ئێستا (8) كوژراو و نزیكەی (200) برینداری لێكەوتوەتەوە، بەشێكی زۆری هونەرمەندان نیگەرانییان دەربڕیوەو پاڵپشتیی خۆیان بۆ خۆپیشاندەران و «داوا رەواكانیان» دوپاتكردوەتەوە.
بەشێكی ئەو هونەرمەندانە، لە شاری سلێمانی پەرژینێكیان بە بەرگی سپییەوە دروستكرد بۆ پاراستنی گیانی خۆپیشاندەران و رونەدانی پێكداهەڵپژان لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان، پەیامەكەی عەدنان كەریم و دەست لە ئەندامێتی هەڵگرتنی محەمەد عومەر عوسمانیش له یه‌کێتی نوسه‌ران، تازەترین كاردانەوەی ئەو روداوە خوێناوییانەن.
لە پەیامێكیشدا كە هونەرمەندی ناوداری كورد، عەدنان كەریم ئاراستەی خۆپیشاندەران و دەسەڵاتدارانی هەرێمی كردوە، ئاماژە بەوە دەكات، دژی توندوتیژیی و سەركوتكردن و بەكارهێنانی چەكە بەرامبەر داخوازییەكانی هاوڵاتیان، لەكاتێكدا داوای مافە رەواكانی خۆیان دەكەن، رووداوەكەی (17)ی شوبات بە دەستڕێژی گولە بۆ "هاوخوێن و براو كوڕی خۆت" بە نامرۆڤانە ناودەبات و دەڵێت: تۆ وەك هێزێكی سیاسیی كە خاوەنی چەكداری، دەتوانی روبەڕوی دوژمنەكەت بەرگریی لە ماڵەكەت بكەیت، بەڵام هەرگیز سەرشۆڕی نییە لەدەست برا توڕەكەت رابكەیت و ماڵەكەی بۆ جێبهێڵی با بسوتێ، دروستدەبێتەوە، بەڵام ئەو گەنجەی لەدەستمان دەچێ، هەرگیز نایەتەوە.
لەو پەیامەدا، عەدنان كەریم خۆپیشاندان بە دیاردەیەكی شارستانی دەزانێت كە ئامانجی روداماڵینی هەڵەو كەمتەرخەمییەكانی حكومەتە لە خراپیی بەڕێوەبردندا، بە خۆپیشاندەرانیش دەڵێت: "ئێوە دڵسۆزترین چینی ئەم گەلەن، دەبێت حكومەت فەخر بكات كە نەوەیەكی رەخنە ئامێزو چاكساز دروستبوەو داوای نەهێشتنی گەندەڵیی دەكات، هەمو كەسێك مافی خۆیەتی خزمەتگوزارییەكانی ژیانی بۆ دابینبكرێت و ئەوەش ئەركی حكومەتە كە تاكی كورد هەڵیبژاردوە".
هونەرمەند ئەوە دەخاتەڕو، که‌ هەمو حیزبە كوردستانییەكانی خۆشویستوە، بەڵام ئەوە ناگەیەنێت كە چاوپۆشیی لە هەڵەو ناعەدالەتیەكانییان بپۆشم و چەندین رەخنەم لێیان هەیەو بەباشی دەزانم، بە هەڵەكانیاندا بچنەوەو دەشپرسێت: "بۆ دەبێت لە شارێكی وەك هەولێرو سلێمانی، لێت حەرام بكرێت كە سەردانی یەكێك لە باخچە گەورە دڵگیرەكانی شار بكەیت، لەبەرئەوەی كۆشكی بەرپرسێكی حیزبی تێدایە، هەمان باخچە لە زەمانی بەعسیشدا حەرامكرابو لە هاوڵاتییەك كە بیبینێت، ئەمە ناعەدالەتییەكە كە خەڵك ناتوانێت قبوڵی بكات، داواتان لێدەكەم، واز لەم رەوشتە فیرعەونییانەتان بێنن و وەرنە ناو خەڵكەوە".
یەكێك لە داوای خۆپیشاندەران كە داوای داماڵینی چەكە لە دەستی حیزب، عەدنان كەریم جەختی لێدەكاتەوەو ئەوەش بیردەهێنێتەوە، كە تەنیا لە دەوڵەتە دیكتاتۆرییەكاندا حیزب هێزی چەكداری هەبوە، حیزبەكان لە وڵاتە دیموكراتییەكاندا سیستمی وڵات دادەڕێژن و خۆیان بە هێزی سەربازییەوە خەریك ناكەن، ئەوە هێزی یەكگرتوی حكومەتە كە دەبێت وڵات بپارێزێت و هەر گەورە سیاسییەك دو حیمایەی مەدەنی بۆ دابین بكرێت، نەك ئەو ئاپۆرە ئۆتۆمبێلە جامڕەشانەی رۆژانە دەبینرێن بە دواتانەوە.
هەروەك دەنوسێت: "ئەو ئەركانەی خۆتان وەك سیاسییەك جێبەجێ نەكردوە، تاوانێكی گەورەیە كە گەنجان توڕە دەبنو گولەبارانیان دەكەن، سەدان تاوانبار لە ژێر عەبای حیزبەكانتان دەشاردرێنەوە، رۆژنامەنوس و دەنگی ئازاد دەكوژرێت و هیچ تاوانبارێك نادرێت بە دادگا، تەنانەت ناعەدالەتیی و مەحكەمەش شەرعییەتی نەماوە، چونكە دەستی حیزب خۆی سەپاندوە بەسەریاندا، ئەوەی ئێستا دەیبینم لە كوردستاندا، لەدەستدانی هەستی خۆشەویستی و ئاوێتەبونی سۆزی خاكە، كە ئینتیما بۆ وڵات رقوكینە بینەقاقای تاكی كوردی گرتوە، توڕەیی و تۆڵەسەندنەوە بوە بە كه‌لتوری میلەتێك، ئێستا تیرۆركردنی ئەخلاق و فیكرە، ئەم دەرئەنجامەش هەمو سیاسییەكانی كورد خولقاندویانە بە ئۆپۆزسیۆنیشەوە".
لە كۆتایی پەیامەكەشیدا، عەدنان كەریم داوا لە دەسەڵاتداران دەكات، «بە زوترین كات چارەی ئەم هەڵچونە بكەن و گوێ لە داخوازییەكانیان بگرن و كە بەڵێن بە خەڵكی كوردستان دەدەن بە كورتترین ماوە جێبەجێی بكەن، بۆئەوەی متمانەتان پێبكەن و وڵات و ئەو ئازادییەمان كە خەونی دێرزەمانی هەمو سەركردەكانی كورد بوە، لێ نەشێوێت، تا كار لەكار نەترازاوە".

Sbeiy.com © 2007