Print
 نوسه‌رێكی عێراقی: خۆپیشاندانه‌كانی‌ هه‌رێم، ده‌ره‌نجامی‌ كه‌ڵه‌كه‌بوی‌ كپكردنی‌ فیكر و په‌راوێزخستنی‌ سیاسی‌ و گه‌نده‌ڵی‌ دارایی‌ و ئیداری‌ و زاڵبونی حیزبه‌ به‌سه‌ر سه‌رجه‌م جومگه‌كانی‌ ژیاندا
Monday, March 14, 2011
 

(سبه‌ی‌):
نوسه‌رێكی‌ عێراقی هۆكاری‌ خۆپیشاندانی‌ رۆژانی رابوردوی‌ شار و شارۆچكه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ په‌راوێزخستنی‌ سیاسی‌ و بونی‌ گه‌نده‌ڵی‌ ئیداری‌ و دارایی‌ و هه‌ژمونی‌ حیزبی‌ له‌ كوردستان، هاوكات بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان به‌ هۆكار ده‌زانێت له‌ هۆشیاركردنه‌وه‌ی‌ هاوڵاتیاندا له‌رێی‌ ده‌رخستنی‌ چه‌ندین كه‌موكوڕی‌ و دیارده‌ی‌ سلبی‌.
له‌ وتارێكیدا به‌ ناونیشانی‌ (هه‌ڵوێستی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ باهۆزی‌ گۆڕاندا) كه‌ له‌ سایتی‌ (ده‌نگی‌ عێراق) بڵاویكردۆته‌وه‌، دكتۆر (خه‌لیل شه‌ممه‌)، نوسه‌ری‌ عێراقی پێیوایه‌ "خۆپیشاندانه‌كانی‌ شار و شارۆچكه‌كانی‌ هه‌رێم له‌ ژێر كاریگه‌ری‌ ئه‌و كه‌شه‌ سیاسیه‌دا نه‌هاتوه‌ته‌ ئاراوه‌ كه‌ گه‌لانی‌ ناوچه‌كه‌ی‌ گرتوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو ده‌ره‌نجامی‌ كه‌ڵه‌كه‌بوی‌ كپكردنی‌ فیكر و په‌راوێزخستنی‌ سیاسی‌ و گه‌نده‌ڵی‌ دارایی‌ و ئیداری‌ و زاڵبونی حیزبه‌ به‌سه‌ر سه‌رجه‌م جومگه‌كانی‌ ژیاندا، هاوكات فراوانبونی‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حیزبیه‌كانی‌ هه‌ردو پارتی‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ (پارتی‌ و یه‌كێتی‌) له‌سه‌ر حسابی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتی‌ و هه‌مو ئه‌مانه‌ش بونه‌ته‌ هۆی‌ بێزاری‌ و توڕه‌یی‌ هاوڵاتیان و دروستبونی‌ خۆپیشاندان".
له‌ به‌شێكی‌ تری‌ وتاره‌كه‌یدا ئه‌و نوسه‌ره‌ عه‌ره‌به‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكردوه‌ كه‌ "پێشتر بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان هۆشداریداوه‌ له‌ مه‌ترسی‌ فراوانبونی‌ هه‌ژمونی‌ ده‌سه‌ڵات و ده‌ره‌نجامه‌كانی‌ و چه‌ندین پێشنیاری‌ وه‌ك ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك خسته‌ڕو بۆ چاكسازیی‌، هه‌روه‌ها ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ چه‌ندین دیارده‌ی‌ سلبی‌ بۆ هاوڵاتیان ئاشكراكردوه‌ و له‌ڕێی‌ ره‌خنه‌ی‌ بنیاتنه‌ره‌وه‌ سور بوه‌ له‌سه‌ر پاراستنی‌ ئاسایش و سه‌قامگیری‌ و چه‌ند پیشنیارێكیشی خستوه‌ته‌ڕو بۆ بێلایه‌نكردنی‌ ده‌زگا ئه‌منی‌ و هه‌واڵگری‌ و سه‌ربازییه‌كان".
ئه‌و نوسه‌ره‌ پێی‌ وایه‌: "سه‌ره‌ڕای‌ شه‌رعیه‌تی‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ ئێستای‌ كوردستان، ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان خاوه‌خاو ده‌كات له‌ جێبه‌جێكردنی‌ خواست و پێداویستیه‌كانی‌ جه‌ماوه‌ر و ناوبه‌ناو پاساو دروستده‌كات بۆ ساردكردنه‌وه‌ی‌ جه‌ماوه‌ر یاخود هه‌ندێك به‌ڵێنی‌ نه‌زۆك و بێئه‌نجام پێشكه‌ش ده‌كات  بۆ خاوكردنه‌وه‌ی‌ توڕه‌یی‌ و ناڕه‌زاییه‌كان، له‌ كاتێكدا كه‌ خۆپیشاندانه‌كان ته‌عبیركردنێكی‌ زیندوی‌ گه‌لێكی‌ زیندوه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ داوای‌ هه‌ندێك له‌ مافه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و سیاسیه‌كانی‌ ده‌كات".

بۆ بینینی‌ وتاره‌كه‌ بڕوانه‌ به‌شی‌ (له‌ میدیاكانه‌وه‌).

Sbeiy.com © 2007