|
په‌رله‌مانتارێک: وه‌ڵامەکانی سەرۆکی حکومەتی هه‌رێم باوەڕ پێکراو نه‌بون |
Saturday, March 19, 2011 |
(سبه‌ی):
ئێوارەی دوێنێ (چوارشه‌ممه) سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ لێپرسینه‌وه له روداوه‌کانی ئه‌مدواییه‌ی شاروشارۆچکه‌کانی هه‌رێمی کوردستان بانگهێشتی په‌رله‌مانی کوردستان کراو په‌رله‌مانتارێکیش رایده‌گه‌یه‌نێت؛ وه‌ڵامەکانی سەرۆکی حکومەت باوەڕ پێکراو نه‌بون.
بورهان رەشید، ئه‌ندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە په‌رله‌مانی کوردستان له لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لە دانیشتنەکەی په‌رله‌ماندا، سەرۆکی حکومەت باسی لە روداوەکانی کوردستان کرد و چەند زانیارییەکی باسکرد لەسەر سوتان و هێرشکردنە سەر دەزگاکانی راگەیاندن و دانی پێدا نا، که دو که‌س له‌وانه‌ی فه‌رمانی ده‌ستگیرکردنیان (به تۆمه‌تی سوتاندنی که‌ناڵی نالیا) بۆ ده‌رچوه ناسراون؛ یه‌کێکیان سه‌ر به هێزه‌کانی دژه تیرۆره‌و ئه‌وی دیکه‌شیان سه‌ر به وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌یه.
ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی تا چه‌ند وه‌ڵامه‌کانی سه‌رۆکی حکومه‌ت باوه‌ڕ پێکراو بون، بورهان ره‌شید وتی: وه‌ڵامەکانی سەرۆکی حکومه‌ت باوەڕپێکراو نەبون و من خۆم چەند پرسیارێکم ئاراستەی کرد، ئەویش وه‌ڵامی بەشێکی دایەوەو وه‌ڵامی ئه‌وانه‌ی دیکه‌ی لانه‌بو.
په‌رله‌مانتاره‌که‌ی گۆڕان ئه‌وه‌شی وت: به‌هۆی ئه‌وه‌ی سه‌رۆکی حکومه‌ت نه‌یتوانی وه‌ڵامی ته‌واوه‌تی پرسیاره‌کانمان بداته‌وه‌و وه‌ڵامه‌کانی دیکه‌شی باوه‌ڕپێکراو نه‌بون، بۆیە داوای لێسەندنەوەی متمانە لە کابینەکەی دەکەین.
هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که‌ناڵێکی ئاسمانی تایبه‌ت به په‌رله‌مانی کوردستان هه‌یه، به‌ڵام دانیشتنه‌که‌ی دوێنێ به‌شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆ نهگوازرایهوهو ئیداره‌ی که‌ناڵه‌که‌ش هۆکاره‌که‌ی بۆ کێشه‌ی ته‌کنیکی گه‌ڕانده‌وه. |
|
|