Print
 عه‌بدوڵای مه‌لا نوری: ده‌سه‌ڵات هه‌وڵی‌ جدی‌ ده‌دات بۆ له‌باربردنی‌ داخوازی‌ خۆپیشانده‌ران
Saturday, March 19, 2011
(سبه‌ی):
په‌رله‌مانتارێکی کوردستان نیگه‌رانی خۆی پیشانده‌دات به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات که‌ دوای زیاتر له‌ 20رۆژ له‌ روداوه‌کانی هه‌رێمی کوردستان، تاوه‌کو ئێستا پلانێكی‌ راسته‌قینه‌یان نیه‌ بۆ چاكسازی.
عه‌بدوڵای مه‌لا نوری، ئه‌ندامی فراکسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی کوردستان له‌لێدوانێکی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: له‌ كاتێكدا له‌ سه‌ره‌تاكانی‌ ده‌ستپێكردنی‌ خۆپیشاندانه‌كان ده‌سه‌ڵات وای‌ پیشان ده‌دا كه‌ جدیه‌ له‌ چاكسازی‌ و گوێگرتن له‌ خواستی‌ خۆپیشانده‌ران، به‌ڵام له‌ ئێستادا به‌ رونی‌ هه‌ست به‌ پاشگه‌ز بو‌نه‌وه‌ ده‌كرێت، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ ده‌سه‌ڵات نایه‌وێ‌ گوێ‌ له‌ داخوازی‌ خۆپیشانده‌ران بگرێت.
ناوبراو ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، که‌ "ده‌سه‌ڵات بۆ خۆشیان پلانێكی‌ گشتگیر و راسته‌قینه‌یان نیه‌ بۆ چاكسازی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ و ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ درێژه‌دانه‌ به‌ دۆخی‌ رابوردو".
عه‌بدوڵای مه‌لا نوری وتیشی: له‌ لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ته‌وه‌ به‌ سیناریۆی‌ جیاواز هه‌وڵێكی‌ جدی‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ داخوازییه‌كانی‌ خۆپیشانده‌ران به‌لاوه‌ بخرێن و خۆپیشانده‌ران ناچار بكرێن که‌ بڕۆنه‌ ماڵه‌وه‌.
په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی‌ گۆڕان داواشی‌ كرد، خۆپیشانده‌ران و ئۆپۆزسیۆن به‌ وریاییه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌و خه‌مساردیه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن و فشاره‌كانیان به‌ شێوه‌یه‌كی‌ دیموكراسیانه‌ به‌رفراوان بكه‌ن و ده‌سه‌ڵات ناچار بكه‌ن، که‌ داخوازییه‌كانی‌ خۆپیشانده‌ران و چاكسازی‌ بنه‌ڕه‌‌تی‌ بكرێنه‌ ئه‌وله‌ویه‌تی‌ كاره‌كانی‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ت.
Sbeiy.com © 2007