Print
  له‌ ئه‌گه‌ری له‌شکرکێشی تورکیا‌دا
Friday, February 29, 2008
هیوا گوڵ محه‌مه‌دی

هه‌موو ئاماژه‌کان نیشانده‌ری ئه‌وه‌ن که‌ له‌ به‌هارا شه‌ڕێکی خۆێناوی له‌ باکوری کوردستان و داوێنی چیای قه‌ندیل دا ئه‌قه‌ومێ.

 ئامانجی ئه‌وانه‌ی پلان و به‌رنامه‌ی ئه‌و هێرشه‌ و گه‌رمتر کردنی شه‌ر دژی کوردانیان داڕشتوه‌ ته‌نیا گه‌ریلاکانی پارتی کریکارانی کوردستان نیه‌.

 باشوری کوردستان به‌ فه‌رمی و به‌ پێی یاسا و رێسا ناونه‌ته‌وه‌یه‌کان ئه‌گه‌ر چی له‌ گه‌ڵ خواست و ویست و ئاواته‌کانی ئێمه‌ش دا نه‌گۆنجێ، به‌شێکه‌ له‌ عیراق و له‌ باری هه‌لومه‌رجی ئه‌و وه‌ڵاته‌وه‌ و به‌ کرده‌وه‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مه‌ریکا وه‌ک وڵات و هێزی داگیرکه‌ر دایه‌.

 پاراستنی باشوری کوردستان له‌ ئه‌ستۆی هێزه‌ چه‌کداره‌کانی ئه‌مریکا دایه‌ و به‌ پێی ڕه‌وابت و زه‌وابتی ناونه‌ته‌وه‌یی ئه‌رکی ئه‌مریکایه‌ عیراق له‌ پالاماری ده‌ره‌کی بپارێزێ.

 به‌داخه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی باشوری کوردستان له‌ سه‌رویانه‌وه‌ سکتێری یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان مام جه‌لال تاڵه‌بانی و سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کاک مه‌سعود بارزانی دوجار توشی هه‌ڵه‌ بوون و نه‌یانتوانی ئه‌و دیوی په‌رده‌که‌ بخوێنینه‌وه‌ و له‌ هه‌لومه‌رجه‌که‌ که‌ڵک وه‌گرن و له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی کێشه‌ی کورد پێش خه‌ن و قازانج له‌ هه‌ل و ده‌رفه‌ته‌کان وه‌رگرن خۆیان بچوک کرده‌وه‌ و که‌وتنه‌ گه‌مه‌یه‌که‌وه‌ که‌ ڕه‌نگه‌ له‌ ساڵانی دواتر دا ئاکام و زه‌ره‌ره‌کانی باشتر و کاریگه‌رتر ده‌رکه‌ون.

 یه‌که‌مجار ساڵی 1991 کاتێک بۆ یه‌که‌مجار کۆمه‌ڵگای ناونه‌ته‌وه‌یی ئاوڕیان له‌ کوردی باشور دایه‌وه‌ و ناوچه‌ی پارێزگاری کردنیان بۆ دابین کرد و له‌ ‌سه‌دام ئه‌یانپاراست، سه‌رکردایه‌تی کورد رویان له‌ به‌غدا و پشتیان له‌ ده‌رفه‌تی ره‌خساو کرد و سه‌دامیان له‌ ئامێز گرت و کاره‌ساتی کۆڕه‌ویان کرده‌ قوربانی سیاسه‌تی حیزبایه‌تی و کورد هێدی هێدی له‌ شاشه‌ی ته‌له‌فزیون و له‌ سه‌ردێری رۆژنامه‌ ناوداره‌کانی جیهان دابڕا و قاتڵی هه‌ڵبجه‌ و ئه‌ن‌فالکراوه‌کان وه‌ک گولله‌ی خۆکۆژی ره‌وایه‌تی کێشه‌که‌مانی سارد کرده‌وه‌.

 جاری دووهه‌م ساڵی رابردوو بوو کاتێک ده‌سه‌ڵاتدارانی تورکیه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی په‌لاماردانی باشوری کوردستانیان ئه‌کرد، مام جه‌لال و کاک مه‌سعود(لێره‌دا مه‌به‌دستم له‌ مام جه‌لال  وکاک مه‌سعود سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی نیشتمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان به‌ گشتییه‌) له‌ بیریان چوو که‌ ئه‌وان هاو‌یه‌مانی ‌گه‌وره‌ترین زلهێزی دنیان و ده‌بێ توپه‌که‌ فڕی ده‌نه‌ گۆڕه‌پانی ئه‌مریکاوه‌ و خۆیان له‌ هه‌ڕه‌شه‌ و گوڕه‌شه‌ی تورکیه‌ وه‌ر نه‌ده‌ن.

 به‌داخه‌وه‌ هه‌ڵۆیستی لاواز و خۆ بچوک بینی ئه‌و دوو لایه‌نه‌ کوردیه‌ وایکرد که‌ کورد له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی تورکیه‌ توشی شه‌ڕیکی نه‌خوازراو له‌گه‌ڵ ئا‌مریکا بکا و له‌ ناتۆی دابڕی به‌ هه‌ڕه‌شه‌ کردن له‌ پ ک ک و ئاماده‌ بوون که‌ هاوکاری تورکیه‌ ب‌که‌ن بۆ به‌ربه‌رست کردنی پ ک ک، که‌رکوکیان له‌ده‌ست دا و له‌ لایه‌ک ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌یان تێک شکان و له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ ئه‌وپه‌ڕی ئیمتیازیان به‌ دوژمنان دا و لایه‌نی به‌رابه‌ریان زاڵ کرد و ته‌سلیمی پیلان و پرۆژه‌کانی مالیکی سه‌روک وه‌زیران بوون که‌ خه‌ریکی زیندوو کردنه‌وه‌ی قه‌راردادی ئه‌لجه‌زایه‌ر و که‌مکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردیه‌.

یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان خاوه‌ن یه‌ک هه‌ڵۆیست نین به‌رانبه‌ر به‌ کێشه‌ سیاسی و نه‌ته‌وه‌یه‌کان. ئه‌و دوو لایه‌نه‌ بڕوایان به‌ یه‌کتر نیه‌ و دوژمنانی نه‌ته‌وه‌ و داگیرکه‌رانی به‌شه‌کا‌نی دیکه‌ی کوردستان له‌و بێ باوه‌ڕی په‌یدا کردنه‌ دا کاریگه‌رن.
 سیاسه‌تی یه‌کێتی و پارتی به‌رانبه‌ر به‌ ئێران هه‌ڵه‌یه‌ و ده‌بوو ئێستا زیاتر هه‌وڵی ئاڵۆزکردنی پیوه‌ندیه‌کانی نێوان ئێران و عیراقیان بدایه‌ و هێدی هێدی نفوز و ده‌سه‌ڵاتی سوپاسی قودس و ناوه‌نده‌کانی دیکه‌ی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان له‌ باشور که‌م کردایه‌ته‌وه‌ و نه‌ده‌بوو ریگه‌ به‌ دامه‌زرندنی ناوه‌ندی دیپلۆماسی ئێرانی بده‌ن له‌ هه‌ولێر و سلێمانی و به‌مجۆره‌ ئه‌یانتوانی ئه‌مریکا بخه‌نه‌ جه‌بهه‌ی کوردیه‌وه‌ و هێدی هێدی خۆ له‌ به‌ره‌ی سوریه‌ و ئێران دوور خه‌نه‌وه‌ و له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی ئیمتیازیان بده‌نێ، ئیمتیازیان لێ وه‌رگرن.

 یه‌کێکی دیکه‌ له‌ هه‌ڵه‌ به‌رچاوه‌کانی یه‌کێتی و پارتی هه‌ڵۆیستی خراپی به‌رپرسه‌ پایه‌ به‌رزه‌كانیانه‌ له‌ به‌غدا له‌ ده‌سه‌ڵاتدارنی تورکیا خراپتر به‌ سه‌ر په‌ که‌ که‌ دا ئه‌چن و له‌ کاتێک دا سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان کاک مه‌سعود بارزانی ده‌ڵی ئێمه‌ په‌ که‌ که‌ به‌ تێروریست ناو نابه‌ین ئه‌وان ده‌ڵێن په‌ که‌ که‌ له‌ تێروریست خراپتره‌ و ده‌سته‌واژه‌ی هه‌ڵۆیسته‌کانی مالیکی به‌کار ده‌به‌ن.

 چرای سه‌وز دان بۆ تورکیا که‌ ئه‌توانی گه‌ریلاکانی په‌ که‌ که‌ له‌به‌ین به‌رێ، چرای سه‌وز دانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ ڕیگا به‌ تورکیه‌ بدرێ له‌ که‌رکوک و موسڵ دا به‌ که‌یفی خۆی ته‌داخول بکات و کۆسپ له‌به‌رده‌م یاساکانی عێراقی دا دروست بکات که‌ پێوه‌ندیدارن به‌ کورده‌وه‌ و هه‌روه‌ها پێش به‌وه‌ بگرێ له‌ داهاتوو دا ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵگای ناونه‌ته‌وه‌ێی په‌لاماری ئێرانی دا کورده‌کانی روژهه‌ڵات ببنه‌ خاوه‌ن روڵ و کاری گه‌ریه‌ک که‌ کورده‌کانی باشور هه‌یانه‌ و به‌مجۆره‌ هه‌ر له‌ ئێسته‌وه‌ داهاتوی کورد جارێکی دیکه‌ به‌که‌ویته‌وه‌ بن کاریگه‌ری تورکیا‌.

 له‌ ئه‌گه‌ری په‌لاماری سه‌ربازی تورکیه‌ دا بۆ سه‌ر باشوری کوردستان و بێده‌نگ بوون و ته‌نانه‌ت بێلایه‌ن بوونی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان دا تورکیا چاو سوور ده‌بێ و مه‌ودای په‌لاماره‌که‌ی فراوان ئه‌کاته‌وه‌ و کاریگه‌ری خۆی زیاتر ئه‌کا و ئه‌مریکا ناچار به‌ ته‌سلیم بوون ئه‌بێ و کورد ئه‌وکاته‌ دوو ڕێگای له‌به‌رده‌م دا نامێنی یان ته‌سلیم بوون یان هه‌ڵ هاتن و ئه‌وه‌ش به‌ کرده‌وه‌ ئێمه‌ روبه‌ڕوی ناتۆ و ئه‌مریکا ده‌بینه‌وه‌ و ئه‌یدۆڕینین و ئه‌وه‌ش هه‌ر هه‌مان ئاماجی تورکیه‌ و دوسته‌کانیه‌تی که‌ له‌پشت ئه‌و پلانه‌وه‌ن.
 هه‌ڵه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م پیلان و به‌رنامانه‌ ته‌نیا به‌ په‌ که‌ که‌وه‌ ببه‌ستینه‌وه‌ و بمانه‌وێ ته‌ماشاچی بین.
 ڕه‌نگه‌ دوو، یا  سێ هه‌زار گه‌ریلای په‌ که‌ که‌ له‌ نێو بچێ، به‌ڵام په‌ که‌ که‌ هه‌ر ده‌مێنی و ئه‌وه‌ش میژوو نیشانی داوه‌، سه‌دام حسه‌ین یه‌ک پێشمه‌رگه و گوندی له‌ باشور دا نه‌هێست که‌چی کورد و یه‌کێتی و پارتی له‌نێو نه‌چوون.
 ئاقڵانه‌ترین کار ئه‌وه‌یه‌ یه‌کێتی و پارتی به‌ خۆیاندا بچنه‌وه‌ و هه‌وڵ بده‌ن ئامریکا روبه‌ڕوی تورکیه‌ بکه‌نه‌وه‌ و به‌ هه‌ڵگرتنی دروشمی کێشه‌ کێشه‌ی ملێونان مرۆڤی کورده‌ نه‌ک په‌ که‌ که‌ گوشار بخه‌نه‌ سه‌ر ئامریکا که‌ چاره‌سه‌رێکی دیکه‌ بدۆزێته‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتی باشوری کوردستان نه‌بێته‌ قوربانی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ کاتیه‌کانی وڵاتانی پیوه‌ندیدار.
 ئه‌گه‌ر یه‌کێتی و پارتی یه‌ک هه‌ڵۆیست نه‌بن عه‌ره‌به‌کان لێک نێزیک ده‌بنه‌وه‌ و قورسایی کورد له‌ لای ئه‌مریکا و ‌و‌ڵاتانی دیکه‌ که‌م ده‌بێ‌ته‌وه‌ و تورکیاه یه‌که‌م براوه‌ ده‌بێ.

Sbeiy.com © 2007