Print
 کونسوڵی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێم: ئیدانه‌ی هه‌ر توندوتیژییه‌ک ده‌که‌ین به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نوسان و خۆپیشانده‌ران بکرێت
Saturday, March 19, 2011
(سبه‌ی):
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌) کریس پاوه‌ر، کونسوڵی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی کوردستان سه‌ردانی مه‌كۆى  سه‌ره‌کی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی کرد له‌ شاری سلێمانی و له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فا و وه‌فدێکی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا کۆبویه‌وه‌.
له‌و کۆبونه‌وه‌یه‌دا که‌ هه‌ریه‌ک له‌ محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم، وته‌بێژی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید و سه‌رکۆ عوسمان ئاماده‌ی بون، باس له‌ بارودۆخی عێراق به‌ گشتی و هه‌رێمی کوردستان به‌ تایبه‌تی کراو، تیشک خرایه‌ سه‌ر روداوه‌کانی ئه‌مدواییه‌ی هه‌رێمی کوردستان له‌دوای 17ی شوباتی شاری سلێمانییه‌وه‌.
له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رکۆ عوسمان، له‌ لێدوانێکیدا بۆ (سبه‌ی) رایگه‌یاند: له‌میانی کۆبونه‌وه‌که‌دا، کونسوڵی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێم ئیدانه‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ر توندوتیژییه‌کی کرد که‌ به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران و رۆژنامه‌نوسان کراوه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان و ته‌ئکیدی کرده‌وه‌، که‌ پشتگیری له‌ دیموکراسی ده‌که‌ن.
وتیشی: پاش ئه‌و روداوانه‌ی له‌مدواییه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستاندا رویداوه‌، کونسوڵی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێم به‌پێویستیزانی راوبۆچونی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌وباره‌یه‌وه‌ وه‌ربگرێت.
سه‌رکۆ عوسمان ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا "ئێمه‌ وه‌ک بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌گه‌ڵ ئیدانه‌کردنی ئه‌و توندوتیژییانه‌ی به‌رامبه‌ر هاوڵاتیان ده‌کرێن، هاوکات ته‌ئکیدمان له‌سه‌ر به‌یاننامه‌ 7خاڵییه‌که‌ کرده‌وه‌ و بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان و هێوکردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌که‌ش ئه‌نجامدانی ریفۆرمی سیاسیمان به‌پێویستزانی.
پێشتریش کونسوڵی به‌ریتانیا سه‌ردانی باره‌گای ته‌له‌فیزیۆنی نالیای له‌ سلێمانی کردو له‌ کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: سوتاندنی که‌ناڵی NRT توشی شۆکی کردین، دەبێت حکومەتی هەرێم ئەوە بزانێت کە ئەو کارە سزای هەیە.
جێی ئاماژه‌یه‌ دوێنێ (دوشه‌ممه‌) وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا هۆشداریدایه‌ هه‌ردو حكومه‌تی‌ عێراق و هه‌رێمی‌ كوردستان له‌باره‌ی‌ ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر خۆپیشانده‌ران و رۆژنامه‌نوسان و گروپە کۆمەڵایه‌تیه‌كان و کۆڕو کۆبونەوە سیاسیەکان.
Sbeiy.com © 2007