Print
 میللەت... خۆپیشاندان... دەسەڵات
Saturday, March 19, 2011
نازم سائیغ

خۆپیشاندان لە هەمو وڵات و هەمو شوێنێكی جیهان ئاسایی و رەوایە و رێنمایی و سنوری خۆی هەیە و دەبێ خۆپیشاندەران پابەندبن پێوەی، لە بەرامبەردا بە هەمانشێوە بۆ دەسەڵاتیش هەندێ هێڵی سور هەن بەرامبەر خۆپیشاندەران دەبێ نەبەزێنرێن.

وادیارە ناتێگەیشتنێك خۆی لەژێر تەمێك حەشارداوە، واتە ئەگەر خۆپیشاندەران لە كاتی خۆپیشانداندا پەلاماری موڵكی گشتیی و تایبەت بدەن، ئەوا بەم كارەیان لە سیستمی خۆپیشاندان دەردەچن و ئامانجەكانی خۆیان ناپێكن، لە هەمانكاتدا دەسەڵاتیش بە شێوەیەكی ناشارستانییانە و دڕندەیی رەفتار بەرامبەر بە خۆپیشاندەران دەكات، هەر بەم هۆیەوە ئەو ناتێگەیشتنە دروست دەبێت و هەوڵەكان بە هەدەر دەچن و ئاڵۆزییەك دروست دەبێت و دەسەڵات چەك و گولەی زیندو بەكاردێنێت و زیانی گیانی لێ دەكەوێتەوە، كە بە هیچ جۆرێك قەرەبو ناكرێتەوە.

ئێستا شارەكانی عێراق دوچاری قەیرانێك بوەتەوە، بەڵام وادیارە دەسەڵاتداران بەرپەرچدانەوەی میللەت و لەناوبردنیانی زۆر پێ ئاسانترە لە لەناوبردنی گەندەڵی، یاخو جێهێشتنی دەسەڵات، نە دەستیان لە دەسەڵات بەردەبێت و نە گەندەڵیشیان پێ چارەسەر دەكرێت، بە هیچ جۆرێكیش نایەوێت شەرعییەت بە خۆپیشاندەران بدات و بە تێكدەر و گێرەشوێن و خەوارج ناویان دەبات، هەڕەشەی كوشتن و دەستبڕینیان لێ دەكات و جاربەجاریش خۆپیشادانەكە بە فیت و دەستی دەركی وەسف دەكات، لەبیری چوە ئەگەر دەستی دەرەكی نەبوایە ئەسڵەن بە خەونیش ئەم پۆستەی دەست نەدەكەوت، چەند پیاوكوژێكی خۆشی ره‌وانەی ناو خۆپیشاندەران دەكات، بە جلی مەدەنی بۆ كوشتنیان و پڕوپاگەندەی بونی تیرۆریستی خۆكوژی لەنێو خۆپیشاندەران بڵاودەكاتەوە بۆ تۆقاندنیان، ئەوەش لەبیر خۆیان دەبەنەوە كە میللەت زۆر لە تانك و زریپۆش و چەكی دەسەڵات بەهێزترە، چونكە خۆپیشاندەران خاوەن مافن، خاوەن مافیش لە هەمو چەكێك بەهێزترە.

ئەگەر لە هەر شارێكی عێراق چەند سەد هەزارێك بڕژێتە سەر شەقامەكان، ژمارەیان لەو دەنگانەی كە بە دەستیان هێناوە، زیاترە و بەمجۆرەش دەسەڵات متمانە لە دەست دەدات و گرێبەستی نێوان میلەت و دەسەڵات هەڵدەوەشێتەوە، كە ئەو گرێبەستەش دەستوری وڵاتە، دەبێ دەسەڵات ئەوە بزانێ كە چاكسازی ناوەخت هیچ سودێكی نابێت، ئەگەر لە كاتی خۆی نەبێت، منیش گەشبین نیم كە بتوانرێت چاكسازی بكرێت، چونكە وەك دەزانین كە گەندەڵی هەمو دامودەزگاكانی دەوڵەتیان گرتوەتەوە و دەسەڵاتیش لە وەڵامدا دەڵێت: گەندەڵیی بە شەو و رۆژێك چارەسەر ناكرێت.

 * چالاكوانی توركمان

Sbeiy.com © 2007