Print
 لاوانی‌ بلێ و بارزان: پشتگیری له‌ خۆپیشانده‌رانی سه‌رای ئازادی و ناوچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان ده‌که‌ین
Tuesday, March 22, 2011
(سبه‌ی):
به‌یاننامه‌ی‌ لاوانی‌ بلێ و بارزان
به‌رێزان خۆپیشانده‌رانی گۆره‌پانی ئازادی له‌ سلێمانی‌
مێژوو: 16 ئازاری‌ 2011
       بۆ:
-  خۆپیشانده‌ران و شۆرشگێرانی گۆره‌پانی ئازاد
- كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن
- سه‌رجه‌م خۆنیشانده‌رانی شار و شارۆچه‌كه‌كانی كوردستان
- رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی
- ناوه‌نده‌ رۆشنبیریه‌كان
             به‌رێزان و ئازادیخوازانی گۆره‌پانی ئازادی و سه‌رجه‌م شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان، ئێمه‌ وه‌ك گه‌نجان و لاوانی ده‌ڤه‌ری بارزان به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتیوانی‌ و پشتگیری هه‌وڵه‌كانتان ده‌كه‌ین، ئێمه‌ به‌هۆی بارودۆخی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی سنوره‌كه‌مان ناتوانین درێژه‌ به‌و شۆڕشه‌ ئازادیخوازیه‌ی ئێوه‌ بده‌ین، به‌ڵام دڵنیاتان ده‌كه‌ین كه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵتانین، تكایه‌ بمانبورن كه‌ ناتوانین به‌ شێوه‌ی ئاشكرا پشتیوانی خۆمان ده‌ربڕین، چونكه‌ ته‌نانه‌ت ده‌ركردنی ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌ ده‌بێته‌ هۆی دروستكردنی مه‌ترسی بۆسه‌ر ژیانی‌ لاوان و گه‌نجانی سنوره‌كه‌، به‌ڵام ئێمه‌ له‌روانگه‌ی هه‌ستكردنمان به‌ دۆخه‌كه‌ گوێمان له‌ هه‌ڕه‌شه‌و چاوسوركردنه‌كان نییه‌.
خۆشه‌ویستانی گۆڕه‌پانی ئازادی ئێمه‌ له‌ سه‌ره‌تای خۆنیشاندانه‌كان و به‌هۆی ئه‌و توندوتیژیه‌ی له‌ خۆنیشانداه‌كان كه‌وته‌وه‌، وه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی راگه‌یاندنه‌كانی حیزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌ حه‌مله‌یه‌كی‌ راگه‌یاندنی‌ چرو پردا ده‌ستیان به‌ چه‌واشه‌كاری كرد، وایان له‌ ئێمه‌ گه‌یاند كه‌ گوایه‌ ئێوه‌ی ئازادیخواز ده‌ستی ئێران و شۆڤێنی و نه‌یارانی كوردتان له‌ پشته‌!!
ئێمه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ گومانمان له‌مه‌ هه‌بوو، به‌ڵام ده‌رفه‌تی ترمان نه‌بوو تا له‌ نیه‌ت و مه‌را‌مه‌ ئاشتیخوازانه‌كانی ئێوه‌ بگه‌ین، تا ئه‌وكاته‌ی چه‌ند دۆستێكی نزیك سه‌ردانی مه‌یدانه‌كه‌یان كرد و به‌دروستی ئامانجی‌ شۆڕشه‌ مه‌زنه‌كه‌ی ئێوه‌یان به‌ ئێمه‌ راگه‌یاند، كه‌ به‌ دروستی ئێوه‌ خه‌مخۆری واقیعه‌كه‌ن و ئێوه‌ن پارێزه‌ری ئه‌م ئه‌زمونه‌.
ئاشتیخوازانی گۆڕه‌پانی ئازادی ئێمه‌ هیوادارین ئه‌م په‌یامه‌ی ئێمه‌ له‌رێگه‌ی ئه‌نجومه‌نی‌ كاتی مه‌یدانی ئازادییه‌ میدیاكانه‌وه‌ بخوێنرێته‌وه‌ تا بزانن كه‌ ئێمه‌ وه‌ك گه‌نجان و لاوانی  بلێ و بارزان پشتیوانتانین، ئاواته‌خوازین ئێمه‌ش رۆژێك بتوانین وه‌ك ئێوه‌ به‌ ئازادی رایخۆمان ده‌رببڕین.
به‌ڕێزان ده‌مانه‌وێت ئێوه‌ی خۆشه‌ویست جیاكاریه‌ك له‌نێوان بارزانیه‌كان و ئه‌وه‌ی هه‌ندێك ده‌سه‌ڵاتدار به‌ناوی بارزانیه‌كانه‌وه‌ ده‌یكه‌ن له‌ یه‌ك جیا بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ هه‌ڵوێست و بۆچونه‌كانی ئه‌وان ته‌عبیر له‌ بارزانیه‌كان ناكات، به‌ڵكو ئه‌وان بگره‌ له‌سه‌ر قوربانی‌ و مه‌ینه‌تی بارزانیه‌كان گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و مسته‌وایه‌ و ئێستاش جگه‌ له‌ خۆیان به‌ خه‌می هیچ كه‌سێكی‌ تره‌وه‌ نین.
ده‌زانین ره‌نگه‌ زۆر كه‌س پێیوا بێت كه‌ ناوچه‌ی بارزان كه‌ زیاتر له‌ 300 گوند له‌خۆده‌گرێت، سه‌رجه‌م پێداویستیه‌كانی بۆ دابینكرابێت، و خه‌ڵكه‌كه‌ی هیچ كێشه‌یه‌كی‌ نه‌بێت! به‌ڵام له‌ راستیدا ئه‌مه‌ وانیه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ كراوه‌ ته‌نیا بۆ ئه‌و گروپه‌ بچوكه‌ی بارزانیه‌كانه‌ كه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدان له‌گه‌ڵ‌ ده‌ست و پێوه‌نده‌كانیان، ته‌رخانكراوه‌، ئێمه‌ وه‌ك چۆن قوربانی ده‌ستی به‌عس بوین، ئێستاش قوربانی‌ ده‌ستی ناو و ناوبانگی ئه‌تكراوی خۆمانین، كه‌ ناوچه‌كه‌مان له‌لایه‌ن گروپێكه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌ و نه‌فه‌سی‌ ئازادی‌ لێبرێنراوه‌، ئه‌وه‌ی كه‌بونی نیه‌ له‌م ده‌ڤه‌ره‌ ئازادییه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ بریتیه‌ به‌عس به‌ڵام له‌ فۆرمێكی كوردیدا.
ئاشتیخوازانی گۆڕه‌پانی ئازادی و سه‌رجه‌م شاره‌كانی تر، ئێمه‌ وه‌ك گه‌نجانی بلێ و بارزان زۆر له‌ شه‌هیدكردن و برینداركردنی براكانمان له‌ سلێمانی و ناوچه‌كانی تر نیگه‌رانین، به‌تایبه‌ت ئه‌م كاره‌ دڕندانه‌ به‌ ده‌ستی چه‌كداری كورد ئه‌نجامدراوه‌، و ئه‌و هێزه‌شی ئه‌م كاره‌ی كردووه‌ زۆر بێباكه‌ له‌ ئاستی‌ خوێنی لاوانی كورد.
 ئێمه‌ وه‌ك نه‌وه‌ی نوێ ی بارزانیه‌كان دڵنیاتان ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ شۆڕشه‌ مه‌زنه‌كه‌ی ئێوه‌ له‌ دڵی هه‌مووماندایه‌، به‌ پیر و لاوان و رۆشنبیر و جوتیاره‌وه‌ رۆژانه‌ چاودێری خۆپیشاندانه‌كان و چالاكیه‌كانی ئێوه‌ ده‌كه‌ین، سات به‌سات له‌گه‌ڵتانین، تكایه‌ هه‌رگیز كۆڵمه‌ده‌ن، تكایه‌ ئه‌م شۆڕشه‌ با دووباره‌ ئازادكردنه‌وه‌ی گه‌لی كورد بێت له‌ده‌ست حوكمی گروپ و تاقمی‌ سته‌مكاری كورد، كه‌ ته‌نیا شتێك به‌ده‌ستیه‌وه‌ مابێت كه‌ بازرگانی پێوه‌ بكات خوێنی ئێمه‌یه‌ وه‌ك نه‌وه‌ی نوێ. ئیتر سه‌ركه‌وتوبن و خودای گه‌وره‌ پشتیوانتانبێت له‌م شۆرشه‌ پیرۆزه‌دا.
گروپێك له‌ گه‌نجانی بلێ و بارزان
كوردستان- بلێ
Sbeiy.com © 2007