Print
 له‌سه‌ر خواستی‌ خۆی‌، زیاتر له‌ 50 هه‌زار ئیمزا بۆ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم كۆكرایه‌وه‌
Wednesday, March 23, 2011

(سبه‌ی‌):
ئه‌مڕۆ (شه‌ممه‌) له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی  كه‌مپه‌ینی (تۆم به‌ سه‌رۆك قبوڵ نیه‌)، ژماره‌ی‌ ئه‌و ئیمزایانه‌ ئاشكراكرا كه‌ بۆ ده‌ست له‌ كاركێشانه‌وه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم، ماوه‌ی‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه‌ كه‌مپه‌ینه‌كه‌ كۆی‌ ده‌كاته‌وه‌.
له‌ كۆنگره‌كه‌دا زیاتر له‌ 50 هه‌زار ئیمزای ده‌ستنوس خرانه‌ به‌رچاو.
ئه‌ندامانی‌ كه‌مپه‌ینه‌كه‌ كه‌ له‌ (شادان عه‌بدول و هێرش عوسمان و رابه‌ر مه‌حمود) پێكهاتون، باسیان له‌وه‌كرد: له‌ هه‌وڵدان په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئیمزاكانی‌ راده‌ست بكه‌ن، به‌ڵام تا ئێستا له‌و باره‌یه‌وه‌ وه‌ڵامیان نه‌دراوه‌ته‌وه‌.
ئه‌وه‌شیان خسته‌ڕو: ئه‌وان له‌سه‌ر داوای خودی سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌و كاره‌یان كردوه‌.
له‌كاتی‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ ئه‌وروپا، له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ڕۆژنامه‌گه‌ریی ئیتاڵیا (LAGI)، مه‌سعود بارزانی‌، سه‌رۆكی هه‌رێم رایگه‌یاند: "ئه‌گه‌ر 50 هه‌زار هاوڵاتی کوردستان داوام لێ بکه‌ن ده‌ست له‌ سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێم بکێشمه‌وه‌، یه‌کسه‌ر ده‌ست ده‌کێشمه‌وه‌".
دوای‌ به‌دوای‌ ئه‌و لێدوانه‌ش كه‌مپه‌ینی تۆم به‌ سه‌رۆك قبوڵ نیه‌، له‌ 28ی‌ مانگی رابوردو له‌ ناو زانكۆی‌ سلێمانی‌ ده‌ستی به‌ كاره‌كانی‌ كردو دواتر بۆ كۆكردنه‌وه‌ی‌ ئیمزا، له‌ سه‌رای‌ ئازادی‌ به‌رده‌وامیدا به‌ كاره‌كانی‌.
جگه‌ له‌ ئیمزای‌ ده‌ستنوسیش، له‌ چه‌ند سایتێكی ئه‌لیكترۆنیه‌وه‌ هه‌وڵی‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ ئیمزا بۆ ده‌ست له‌ كاركێشانه‌وه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم دراو ژماره‌ی‌ ده‌نگدانیش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ زیاتر له‌و رێژه‌یان تێپه‌ڕاند كه‌ بارزانی داوای‌ كردبو.

زمناكۆ ئیسماعیل و بێستون محه‌مه‌د

Sbeiy.com © 2007