Print
 رانیه‌؛ خۆپیشانده‌ران ئاگری نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ له‌ مه‌یدانی ئازادی ئه‌و شاره‌ ده‌که‌نه‌وه‌
Wednesday, March 23, 2011
(سبه‌ی):
خۆپیشانده‌رانی شاری رانیه‌ ئه‌مساڵ ئاگری نه‌ورۆزی له‌ مه‌یدانی ئازادی شاره‌که‌یان ده‌که‌نه‌وه‌و به‌رپرسی ئاسایشی ئه‌و شاره‌ش ده‌ڵێت؛ ئێمه‌ش له‌وێ یاده‌که‌ ده‌که‌ینه‌وه‌و چی ده‌بێت با ببێت.
جیاواز له‌ ساڵانی رابوردو، بڕیاره‌ سبه‌ینێ (یه‌کشه‌ممه‌) جه‌ماوه‌ری شاری رانیه‌ ئاگری نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ له‌ مه‌یدانی ئازادی ئه‌و شاره‌ بکه‌نه‌وه‌.
له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌نوه‌ر قادر، ئه‌ندامی رێكخه‌ری خۆپیشاندانه‌كان له‌ شاری رانیه‌ بۆ (سبه‌ی) ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ کرد، له‌ سه‌ره‌تای خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌ مه‌یدانی ئازادی شاری رانیه‌یان تایبه‌ت كردوه‌ به‌ خۆپیشاندان و بڕیاریشه‌ سبه‌ینێ (یه‌کشه‌ممه‌) ئاگری نه‌ورۆز هه‌ر له‌وێ بکه‌نه‌وه‌.
ئه‌وه‌شی وت: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ رامانگه‌یاندوه‌ که‌ له‌ مه‌یدانی ئازادی رانیه‌ ئاگری نه‌ورۆز ده‌که‌ینه‌وه‌، به‌ڵام به‌پرسی ئاسایشی رانیه‌ په‌یوه‌ندی به‌ یه‌کێک له‌ رێکخه‌رانی خۆپیشاندانه‌که‌وه‌ کردوه‌و پێیوتوه‌؛ بۆ جه‌ژنی نه‌رۆز ئێمه‌ش رو له‌و شوێنه‌ ده‌كه‌ین، دواتر ئه‌ندامه‌که‌مان پێی وتوه‌ با توندوتیژی دروستنه‌بێت ئه‌و کاره‌ مه‌که‌ن، به‌ڵام به‌رپرسه‌که‌ی ئاسایش وتویه‌تی "چی روده‌دات با روبدات".
ئه‌ندامه‌که‌ی رێكخه‌ری خۆپیشاندانه‌كانی شاری رانیه‌ ته‌ئکیدیشی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرده‌وه‌، خۆپیشانده‌ران سورن له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی یادی نه‌ورۆز له‌ مه‌یدانی ئازادی بكه‌نه‌وه‌و وتیشی: تا ئێستا كێشه‌مان بۆ كه‌س دروست نه‌كردوه‌و به‌ شێوه‌یه‌كی هێمنانه‌و ئاشتیانه‌ خۆپیشاندانمان كردوه‌، به‌ڵام ده‌سه‌ڵات هه‌ر رۆژه‌ی بیانویه‌كمان پێده‌گرێت‌".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: "ئه‌م کاره‌ی ده‌سه‌ڵات هه‌وڵێکه‌ بۆ رێگریکردنی هاوڵاتیان و دوریش نییه‌ توندوتیژی روبدات، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ ئێمه‌ به‌یاننامه‌یه‌ک بڵاوده‌که‌ینه‌وه".

ئامانج ئیسماعیل
Sbeiy.com © 2007