Print
 سلێمانی؛ بۆ به‌شداریکردن له‌ جه‌ژنی نه‌ورۆزدا، سه‌دان خوێندکار و گه‌نج رو له‌ مه‌یدانی سه‌رای ئازادی ده‌که‌ن
Wednesday, March 23, 2011

(سبه‌ی):
وا بڕیاره‌ پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ (یه‌کشه‌ممه‌) رێوره‌سمێکی به‌رفراوان له‌ سه‌رای ئازادی به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌وه‌ به‌ به‌شداری چین و توێژه‌ جیاوازه‌کان به‌ڕێوه‌بچێت.
له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا خوێندکاران و گه‌نجانی شاری سلێمانی و ناوچه‌کانی ده‌ورو‌به‌ری بڕیاریانداوه‌ له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی ناڕه‌زاییه‌کانیان، به‌شداری رێوره‌سمه‌که‌ی سه‌رای ئازادی سلێمانی بکه‌ن و له‌گه‌ڵ کردنه‌وه‌ی ئاگری نه‌ورۆز، پشتیوانی خۆیان بۆ خۆپیشانده‌ران دوپات ده‌که‌نه‌وه‌.
له‌وباره‌یه‌وه‌ جوانڕۆ محه‌مه‌د، ئه‌ندامی‌ كه‌مپینی‌ خوێندكارانی سلێمانی بۆ (سبه‌ی) رایگه‌یاند: پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سه‌دان خوێندكار و گه‌نجی‌ شاری‌ سلێمانی‌ به‌ ئاڵای‌ كوردستانه‌وه‌ به‌ رێپێوانێک له‌ پاركی‌ دایكه‌وه‌ به‌ره‌و سه‌رای ئازادی به‌ڕێده‌که‌وین و له‌وێ به‌شداری رێوره‌سمی جه‌ژنی نه‌ورۆز ده‌که‌ین.
ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، که‌ به‌رده‌وام ده‌بن له‌ ده‌ربڕینی ناڕه‌زاییه‌کانیان و پاڵپشتی خۆپیشانده‌رانی سه‌رای ئازادی و ناوچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان ده‌که‌ن.
كه‌مپینی‌ خوێندكاران له‌ پاش رودواوه‌ خوێناویه‌كه‌ی‌ 17ی‌ شوبات له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك خوێندكاری‌ ئاماده‌ییه‌كانی‌ شاری‌ سلێمانییه‌وه‌ پێكهێنراوه‌، به‌ مه‌به‌ستی پشتیوانیکردن‌ له‌خۆپیشانده‌رانی‌ ناوجه‌ جیاوازه‌کانی هه‌رێمی کوردستان، هاوکات رۆژانه‌ش به‌شداری خۆپیشاندانه‌کانی سه‌رای ئازادی ده‌که‌ن.


بێستون محه‌مه‌د

Sbeiy.com © 2007