Print
 بارانی‌ مه‌رگ
مه‌رگی‌ شارێك هه‌ر له‌ خه‌ون ده‌چوو
Saturday, March 15, 2008

عه‌بدوڵڵا كه‌ریم مه‌حمود

كاك ئه‌نجام سالح هه‌ژار له‌ ساڵی‌ 1961 دا له‌ گه‌ڕه‌كی‌ پیر محه‌مه‌د له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌دایك بووه‌، له‌ باره‌ی‌ مه‌رگه‌ساتی‌ كیمیابارانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و نه‌هامه‌تییه‌كانی‌ دوای‌ ژه‌هرباران و ئاواره‌یی‌ ئێران و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ كوردستان، ده‌ستگیركردن و گواستنه‌وه‌یان بۆ نوگره‌سه‌لمان ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد :
سه‌عات 11:45 ده‌قیقه‌ فڕۆكه‌ جه‌نگیه‌كانی‌ عێراق گه‌یشتنه‌ سه‌ر ئاسمانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و بۆردومانی‌ شاریان كرد، له‌و كاته‌دا من له‌ناو بازاڕی‌ هه‌ڵه‌بجه‌دا بووم له‌ نزیك باخی‌ گشتی‌، ده‌نگی‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ بۆمبه‌كان زۆر گه‌وره‌ بوون، به‌ ڕاكردن ڕووم كرده‌ ژێرزه‌مینه‌كه‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ ئاو و ئاوه‌ڕۆی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ، بۆردومانه‌كه‌ به‌رده‌وام بوو، هه‌وڵم دا ئه‌و شوێنه‌ به‌جێ‌ بهێڵم، چونكه‌ كه‌وتبووه‌وه‌ ناوه‌ڕاستی‌ شاره‌وه‌ و بۆردومانه‌كه‌ به‌ چڕی‌ ده‌یگرته‌وه‌، له‌ كۆڵانه‌كه‌وه‌ ڕووم كرده‌ ماڵی‌ خۆمان له‌ گه‌ڕه‌كی‌ سه‌را، ده‌مویست بگه‌مه‌ ماڵی‌ خۆمان، له‌ ڕێگا لای‌ خواره‌وه‌ی‌ یه‌كه‌م ماڵی‌ گه‌ڕه‌كی‌ خۆمان پاسدارێكم بینی‌ پاسه‌وانی‌ بۆمبایه‌كی‌ نه‌ته‌قیبووه‌وه‌، من ڕام ده‌كرد به‌ره‌و لای‌ ماڵی‌ خۆمان له‌و كاته‌دا ئه‌و پاسداره‌ ئاگاداری‌ كردم كه‌ له‌و بۆمبا نه‌ته‌قیوه‌ دووربكه‌ومه‌وه‌، ڕه‌نگی‌ بۆمباكه‌ شوشه‌یه‌كی‌ ئاوی‌ بوو، به‌ زه‌حمه‌تێكی‌ زۆر خۆم گه‌یانده‌ ماڵی‌ حاجی‌ عه‌لی‌ مسته‌فا خانه‌لی‌ دراوسێمان، ئه‌وان ژێرزه‌مینێكیان هه‌بوو، هه‌ركاتێك تۆپباران بووایه‌، ئێمه‌و زۆر له‌ خه‌ڵكی‌ گه‌ڕه‌ك خۆمان ده‌گه‌یانده‌ ژێرزه‌مینه‌كه‌ی‌ ئه‌وان، پێم وتن : خانه‌واده‌ی‌ حاجی‌ عه‌لی‌ لێره‌ن ؟ وتیان : نه‌خێر ئه‌وان چوون بۆ ماڵی‌ خاڵه‌ عوسمانت له‌ گه‌ڕه‌كی‌ كانی‌ قولكه‌  ، ئینجا بیرم كه‌وته‌وه‌ كه‌ به‌یانیه‌كه‌ی‌ ماڵی‌ ئێمه‌ پێیان وتم : (ئێمه‌ ده‌چینه‌ ماڵی‌ خاڵه‌ عوسمان ده‌روێش باڵه‌خانه‌). 

بۆردومانه‌كه‌ هه‌ر به‌رده‌وام بوو بواری‌ نه‌ده‌دا بچینه‌ ده‌ره‌وه‌ یان شوێنه‌كه‌مان بگۆڕین ، دوای‌ ماوه‌یه‌ك ده‌نگی‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌كی‌ زۆر به‌هێز به‌ر گوێمان كه‌وت ، له‌رینه‌وه‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌نده‌ توند بوو ده‌رگای‌ سه‌لاجه‌ی‌ ئه‌و ماڵه‌ی‌ كرده‌وه‌، كه‌ چوینه‌ ده‌ره‌وه‌، بۆمبێكی‌ گه‌وره‌مان بینی‌ له‌سه‌ر جاده‌كه‌ كه‌وتبوو ، قیره‌كه‌ ده‌كوڵا ، هیچ نیشانه‌یه‌كی‌ پارچه‌مان به‌ دیواره‌كه‌وه‌ نه‌بینی‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م بۆمبه‌ زۆر گه‌وره‌ بوو، به‌ڵام نه‌ هیچ شوێنێكی‌ ڕوخاندبوو، نه‌ شوێنه‌كه‌یشی‌ زۆر چاڵ كردبوو هیچ پارچه‌یه‌كی‌ تیژمان له‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ ئه‌م بۆمبه‌دا نه‌بینی‌، من سه‌رم له‌ تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی‌ ئه‌م بۆمبه‌ سوڕما، ئه‌و كاته‌ دوو به‌رمیل نه‌وت له‌ نزیك سه‌ر ڕێگای‌ بامۆك دانرابوو، به‌رمیله‌كان گڕیان گرت و سیمی‌ كاره‌باكان پچڕابوون و كه‌وتبوونه‌ سه‌ر زه‌وی‌، ده‌بوایه‌ زۆر به‌ وریایی‌ به‌و شوێنانه‌دا ڕاببورینایه‌ به‌ره‌و پشتی‌ ماڵه‌كان، به‌شی‌ ناوخۆی‌ لای‌ باخی‌ میر بوو له‌ بینایه‌كی‌ سێ‌ نهۆم و ژێرزه‌مینێك پێك هاتبوو كه‌ گه‌یشتمه‌ ئه‌وێ‌ نزیكه‌ی‌ 400 ژن و مناڵ له‌و بینایه‌دا بوون بۆردومانه‌كه‌ به‌رده‌وام بوو له‌ سه‌عات 4 ی‌ ئێواره‌ زیاتر بوو، بیرم له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ ده‌بێ‌ هه‌موو توانای‌ خۆم بخه‌مه‌ گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ شار ده‌رچم، چونكه‌ نه‌مده‌توانی‌ خۆم بگه‌یه‌نمه‌ ماڵی‌ خاڵه‌ عوسمانم له‌ كانی‌ قولكه‌  ، هه‌وڵم دا به‌ناو ئه‌و هه‌موو بۆردومانه‌ چڕه‌دا خۆم بگه‌یه‌نمه‌ گوڵان و باوه‌كۆچه‌ك ، ئه‌وه‌م به‌ بیردا هات ئه‌گه‌ر ئه‌وان ده‌رچوبن ئه‌وا ده‌یاندۆزمه‌وه‌، ئه‌و كاتانه‌ی‌ كه‌ فڕۆكه‌ جه‌نگیه‌كان بۆمبه‌كانیان هه‌ڵده‌ڕشت و ده‌گه‌ڕانه‌وه‌، من به‌ ڕاكردن له‌ شوێنه‌كه‌ی‌ خۆمه‌وه‌ ڕووم ده‌كرده‌ شوێنێكی‌ تر به‌ ناو كانی‌ عاشقاندا خۆم گه‌یانده‌ گوڵان، له‌ گوڵانه‌وه‌ ڕوانیمه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ئاسمانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌مووی‌ بووبوو به‌ تۆز و خاكه‌كه‌ی‌ به‌ره‌و قوڵایی‌ ئاسمان به‌رز بوبووه‌وه‌ ، ئه‌و ساتانه‌ زانیم كه‌ فڕۆكه‌كان چه‌ند به‌ ورد و چڕی‌ هه‌ڵه‌بجه‌یان بۆردومان كردووه‌ ، ئه‌و ده‌مانه‌ی‌ كه‌ له‌ ناو هه‌ڵه‌بجه‌دا بووم به‌به‌رده‌وامی‌ خاولیه‌كی‌ ته‌ڕم گرتبوو به‌ لوتمه‌وه‌ تا گه‌یشتمه‌ سه‌رقه‌برانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌، به‌و شوێنه‌ ده‌ڵێن گوڵانی‌ سه‌روو ماوه‌یه‌ك له‌و باخه‌دا دانیشتم، بۆ ئه‌وه‌ی‌ بۆردومانه‌كه‌ كه‌م ببێته‌وه‌ و بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ماڵی‌ خۆمان بۆ ناو شاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌وێ‌ هه‌واڵێكی‌ خانه‌واده‌كه‌ی‌ خۆمان بزانم، چاوه‌ڕوانیه‌كه‌ی‌ من بێ‌ سود بوو ، چونكه‌ فڕكه‌كان تا ئێواره‌ هه‌ر بۆردومانیان ده‌كرد و بواریان نه‌ده‌دا كه‌س بجوڵێته‌وه‌، بۆردومانه‌كان ئه‌وه‌نده‌ چڕ و ورد و به‌رده‌وام بوو دیار بوو نه‌خشه‌و به‌رنامه‌كه‌یان بۆ ئه‌وه‌ بوو هه‌موو خه‌ڵكی‌ شار به‌ ته‌واوی‌ ڕه‌شه‌كوژ بكه‌ن. 

چه‌ندان ئۆتۆمبیلی‌ پڕ له‌ بریندارم ده‌دی‌ له‌ناو شاره‌وه‌ به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی‌ شار ده‌چوون، زۆر له‌ برینداره‌كان له‌ هۆش خۆیان چووبوون، چاویان ئاوسابوو، خوێنیان تێزابوو، چه‌ند ئۆتۆمبێلێكی‌ تیمی‌ فریاكه‌وتنی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێرانم بینی‌ جل و به‌رگی‌ دژ به‌ كیمیاییان له‌به‌ردا بوو، قیناعیان به‌ستبوو، ده‌ستم لێ‌ ڕاگرتن ، پێم ده‌وتن : (منیش له‌گه‌ڵ خۆتاندا ببه‌نه‌وه‌ بۆ هه‌ڵه‌بجه‌)  ئه‌وان ده‌یانوت : ئێمه‌ خه‌ڵك و بریندار له‌ناو هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌ین، تۆ چۆن ده‌به‌ین بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌موو شوێنه‌كانی‌ ناو شار كیمیاییه‌، گه‌ر له‌ ناو شاردا بیت یه‌كسه‌ر له‌ شوێنی‌ خۆت ده‌كه‌ویت و ده‌مریت، ته‌نانه‌ت مریشك و وڵاخ و باڵنده‌ ش هه‌مووی‌ به‌لادا هاتوون، دنیا تاریك بوو، كه‌ ده‌مڕوانیه‌ قوڵایی‌ شه‌وه‌كه‌ و قوڵایی‌ خه‌ونی‌ یه‌كجاری‌ خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌م وامده‌زانی‌ له‌ناو قوڵایی‌ خه‌وێكی‌ قوڵدام و بێدار نابمه‌وه‌، ئه‌و هه‌موو شه‌پۆله‌ خه‌ڵكه‌م ده‌بینی‌ له‌و ڕێگا و بانانه‌ ڕێچكه‌یان به‌ستبوو هه‌ندێكیان له‌به‌ر خۆیانه‌وه‌ قسه‌ی‌ سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یان ده‌كرد، هه‌ندێكی‌ تریان پێده‌كه‌نین و په‌لاماری‌ ئاویان ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌م و چاویان بشۆن، دیمه‌نی‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ش كه‌ كۆچ و ڕه‌ویان ده‌كرد لای‌ من وه‌ك خه‌ونێكی‌ هه‌ڵبزڕكاو وابوو، هه‌ندێ‌ له‌ برینداره‌كان له‌و ڕێگایانه‌ به‌لادا ده‌هاتن و گیانیان ده‌سپارد، دواتر هێزه‌كانی‌ ئێران گه‌ڵابه‌ و لاندكرۆزه‌ریان ده‌هێناو بریندار و خه‌ڵكیان پێ‌ ده‌گواسته‌وه‌، منیش ڕووم كرده‌ گوندی‌ مۆردین كه‌ كه‌وتبووه‌ باشوری‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ . 

له‌ 17/ 3 دا فڕۆكه‌ جه‌نگیه‌كانی‌ عێراقم له‌ ئاسماندا بینی‌ دژه‌ هه‌واییه‌كانی‌ ئێران له‌سه‌ر به‌رزاییه‌كانی‌ ڕوباری‌ سیروانه‌وه‌ ده‌سڕێژیان لێ‌ ده‌كردن، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ شه‌پۆلی‌ خه‌ڵكه‌كه‌دا به‌ره‌و گوێ‌ ڕوباری‌ سیروان ده‌چوین، به‌زه‌حمه‌تێكی‌ زۆر گه‌یشتینه‌ خواره‌وه‌ بۆ كه‌ناری‌ ڕوباره‌كه‌، خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ قه‌یاغ ده‌په‌ڕینه‌وه‌، زۆر به‌ خاو و خلیچكییه‌وه‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌یان له‌مبه‌ر ئاوه‌كه‌وه‌ ده‌په‌ڕانده‌وه‌ بۆ ئه‌وبه‌ر ئاوه‌كه‌، بریندار و خه‌ڵكه‌كه‌ بێشومار بوو، ئه‌وبه‌ر ئاوه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ خه‌ڵكی‌ زۆری‌ لێ‌ كۆبوبوه‌وه‌، هه‌موویان چاوه‌ڕوانی‌ ئۆتۆمبێلی‌ فریاكه‌وتن بوون، ئه‌و تاك تاك ئۆتۆمبیله‌ی‌ ده‌هاتن به‌هانای‌ خه‌ڵكه‌كه‌وه‌ له‌ ئاستی‌ ئه‌و ڕوداوه‌ گه‌وره‌یه‌دا نه‌بوون، ئه‌و كاته‌ی‌ كه‌ له‌سه‌ر قه‌یاغه‌كه‌ ئافره‌تێك مناڵی‌ بوو ، داوای‌ چه‌قۆیان كرد بۆ ئه‌وه‌ی‌ ناوكی‌ مناڵه‌كه‌ ببڕن ، له‌وبه‌ر ئاوه‌كه‌ به‌ گه‌ڵابه‌ و ئه‌سعاف خه‌ڵكه‌كه‌یان ده‌گواسته‌وه‌ بۆ شاره‌كانی‌ ئێران، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ شه‌و بوو له‌وێ‌ نه‌مانده‌زانی‌ له‌ كام جێگا و له‌ كام شارین دواتر زانیمان ئه‌و شوێنه‌ قه‌زای‌ كه‌نگاوه‌ره‌، له‌ قوتابخانه‌یه‌كی‌ ئه‌وێ‌ دانراین ، له‌وێ‌ تا هه‌فته‌یه‌ك نه‌یانده‌هێشت كه‌س لێمان نزیك بێته‌وه‌، خه‌ڵكی‌ ئه‌وێ‌ حه‌زیان ده‌كرد له‌ نزیكه‌وه‌ هاوكاریمان بكه‌ن، كه‌ لێمان نزیك ده‌بوونه‌وه‌ به‌ حه‌زه‌ره‌وه‌ سه‌ردانیان ده‌كردین، زوربه‌ی‌ خێزانه‌كان له‌یه‌كتر دابڕابوون، زۆربه‌مان ده‌مانویست ڕێگه‌مان بده‌ن به‌ دوایاندا بگه‌ڕێین و بیاندۆزینه‌وه‌، نه‌مانده‌زانی‌ ئه‌و ژماره‌ بێشوماره‌ له‌و ماوه‌ كورته‌دا شه‌هید و بریندار كراوه‌، لێپرسراوانی‌ ئێران ده‌یانزانی‌ شه‌هید و برینداره‌كان زۆرن و چه‌ندان كه‌س ونه‌، هه‌واڵه‌كانیان له‌ ئێمه‌ ده‌شارده‌وه‌ ئه‌م ڕۆژ بۆ ئه‌و ڕۆژیان پێ‌ ده‌كردین، ده‌یانوت بۆتان ده‌دۆزینه‌وه‌، من له‌و به‌ڵێنه‌ بێزار بووم، ڕووم كرده‌ تاران سه‌ردانی‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ (رازی‌) و (لباقی‌ نه‌ژاد) و چه‌ندین نه‌خۆشخانه‌ی‌ ترمان كرد، نه‌خۆشخانه‌كان پڕبووبوون له‌ بریندار چه‌ندان برینداریان به‌ هۆی‌ كاریگه‌ری‌ زۆری‌ برینه‌كانیانه‌وه‌ دوا هه‌ناسه‌یان سپاردبوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ هه‌ندێكیان هیچ ناسنامه‌یه‌ك و كه‌سێكیان له‌وێ‌ له‌گه‌ڵ دا نه‌بوو له‌ لیستی‌ شه‌هیده‌كاندا نوسرابوو (مجهول الهویه‌) به‌ خاك سپێرابوون، هه‌ندێكیان كه‌س و كاره‌كانیان هاتبوون به‌و شوێنیاندا ته‌رمه‌كانیان بردبووه‌وه‌، ڕۆژێك له‌و بیمارستانانه‌دا كارگوزارێكی‌ هاوكاری‌ كردین، به‌ نهێنی‌ هه‌ندێك له‌و ته‌به‌ڵانه‌ی‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ی‌ نیشانداین، من سه‌یری‌ زۆربه‌ی‌ ته‌به‌ڵه‌كانم كرد، به‌ دوای‌ ناوی‌ ئه‌ندامانی‌ خانه‌واده‌كه‌ماندا ده‌گه‌ڕام، چه‌ندان شتی‌ سه‌یر‌و سه‌مه‌ره‌م له‌و ته‌به‌ڵانه‌دا بینی‌، هه‌ندێكیان ئافره‌ت بوون پاره‌یان پێ‌ بووه‌، هۆشیان له‌ده‌ست دابوو، نه‌یانتوانی‌ بوو ناوی‌ خۆیان تۆمار بكه‌ن، له‌سه‌ر ته‌به‌ڵه‌كه‌یان نووسرابوو (خانم مجهول الهویه‌) ، به‌ڵام باسی‌ شێوه‌ی‌ ده‌م‌و چاو ڕه‌نگی‌ قژ‌و باڵا‌و ته‌مه‌نیان بۆ تۆمار كرابوو، ڕێژه‌ی‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ كه‌ پیان بوو هه‌ر له‌ته‌به‌ڵه‌ كه‌دا تۆمار كرابوو، هه‌ندێكی‌ تر ناوی‌ خۆی‌ له‌سه‌ر ته‌به‌ڵه‌كه‌ نوسی‌ بوو، به‌ڵام له‌ زۆربه‌ی‌ ته‌به‌ڵه‌كان نوسرابوو (از پخش عفونی‌ زنان به‌ شهادت رصید)، دواتر من چومه‌ كه‌ره‌ج ، وتیان خه‌ڵكی‌ زۆر براوه‌ته‌ ئه‌وێ‌، له‌وێ‌ بۆ (نقاهتگای‌ ایران خودرو) ڕۆیشتین، مه‌جلیسی‌ ئه‌علای‌ لێ‌ بوو، زۆر یارمه‌تیان داین‌و ڕێنماییان كردین، له‌ مه‌جلس اعلا به‌شی‌ كوردی‌ هه‌بوو زۆر ڕێنماییان كردین وتیان بڕۆنه‌ (نقاهتگای‌ ایران خودرو) كه‌ چوینه‌ ئه‌وێ‌، له‌وێ‌ بینایه‌كمان بینی‌، چوینه‌ ژووره‌وه‌، له‌وێ‌ سه‌ربازێك به‌جلوبه‌رگی‌ سه‌ربازییه‌وه‌ دانیشتبوو، ڕیزی‌ لێ‌ گرتین‌و وێنه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ ناوه‌كان دا خسته‌ به‌رده‌ممان، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ شێوه‌ی‌ ڕووخساریان شێوابوو كه‌سمان نه‌ده‌ناسیه‌وه‌، چوار ده‌وری‌ چاوی‌ هه‌موویان سپی‌ ببوو نازانم چی‌ لێ‌ درابوو چه‌وركرابوو یان ده‌رمانی‌ لێ‌ درابوو، وێنه‌ی‌ ده‌م‌و چاوه‌كان له‌وێنه‌كان دا به‌هۆی‌ كاریگه‌ری‌ كیمیاییه‌كه‌ شێوابوو، ناوه‌كانیشیان به‌خه‌تێكی‌ فارسی‌ ناشرین نوسرابوون، گه‌ڕاین به‌ناویان دا زۆر هیلاك بووین، هیچ ئه‌نجامێكم ده‌ست نه‌كه‌وت زۆر له‌و ناوانه‌م ده‌ناسی‌، هه‌ندێكیان شه‌هید ببوون‌و هه‌ندێكی‌ تریان بریندار ببون، دوای‌ چاره‌سه‌ر كردن گه‌ڕابونه‌وه‌ بۆ ئۆردوگاكانی‌ (هه‌رسین‌و سه‌نغورد) دوای‌ مانگێك له‌ژنێكی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ییم بیست كه‌ خانه‌واده‌كه‌ی‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌ی‌ خاڵم كه‌ ژماره‌یان (21) كه‌س بوون هه‌ر هه‌موویان پێكه‌وه‌ گیانیان سپاردووه‌، بڕیارم دا بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ هه‌ڵه‌بجه‌، مۆڵه‌تی‌ ڕێگام وه‌رگرت‌و گه‌ڕامه‌وه‌، كه‌ گه‌یشتمه‌ ماڵی‌ خۆمان له‌گه‌ڕه‌كی‌ پیر محمد دوای‌ ئه‌و هه‌موو شه‌هیده‌، كه‌ل و په‌ل و شته‌كانی‌ ماڵه‌كه‌شمان تاڵانكرابوون زۆر شتی‌ تری‌ ماڵه‌كه‌مانیان له‌م لاو ئه‌ولا بڵاو كرابوه‌وه‌، وتیان حاجی‌ باقی‌ خانه‌واده‌ی‌ ئێوه‌ی‌ به‌خاك سپاردوه‌، سه‌ردانم كرد وتی‌: نه‌خێر من ئاگام له‌وه‌ نیه‌، چووم بۆ لای‌ مه‌هدی‌ له‌ عه‌بابه‌یلێ‌ وتیان: ئه‌و ده‌زانێ‌ كه‌چووم بۆ لای‌ هیچی‌ پێ نه‌وتم، له‌كاتی‌ گه‌ڕانه‌وه‌دا زۆر بێزار‌و دڵته‌نگ بووم، حه‌یوانم له‌ناو ڕێگای‌ ڕانێكی‌ عه‌بابه‌یلێ‌ دا بینی‌ كوێر ببو،چاوه‌كانی‌ نه‌یده‌بینی‌ وه‌ك، به‌رد ڕه‌ق ببوون، ئه‌وه‌نده‌ی‌ تر دڵم گوشرا، دنیام لێ‌ تاڵ بوو، دواتر ڕووم كرده‌ ئه‌و ژێر زه‌مینه‌ی‌ كه‌ خانه‌واده‌ی‌ خۆمان‌و خاڵه‌ عوسمانی‌ تێدابوو، بۆنێكی‌ ئه‌وه‌نده‌ توندی‌ لێوه‌ ده‌هات به‌ په‌له‌ پشتوێنه‌كه‌ی‌ خۆم به‌ توندی‌ گرت به‌ ده‌م‌و لوتمه‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر نه‌مده‌توانی‌ به‌ پلیكانه‌كان دا بچمه‌ خواره‌وه‌ بۆ ژێر زه‌مینه‌كه‌، چونكه‌ وتیان یه‌ك ته‌رمی‌ تیا ماوه‌، سه‌یری‌ دیواره‌كانم كرد قژه‌ سه‌ر‌و هه‌ندێ‌ له‌پێستی‌ شه‌هیده‌كان به‌ دیواره‌كانه‌وه‌ مابوو، دیار بوو ماوه‌یه‌كی‌ زۆر ئه‌و شه‌هیدانه‌ پاڵیان به‌ دیواره‌كه‌وه‌ دابوه‌وه‌، ئه‌م قه‌سابخانه‌ كۆمه‌ڵكوژییه‌ی‌ ناو هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌بوو، كه‌ته‌رمی‌ شه‌هیده‌كانیان كۆده‌كرده‌وه‌ فریای‌ ئه‌وه‌ نه‌ده‌كه‌وتن له‌كاتی‌ خۆیدا بیان نێژن.

بێ‌ هیوابووم له‌ئه‌ندامانی‌ خانه‌واده‌كه‌م كه‌ له‌ ژیاندا مابێت، هه‌ندێ‌ له‌و كه‌ل‌و په‌لانه‌ی‌ كه‌له‌ ماڵی‌ خۆمان دا مابوون گواسته‌وه‌ بۆ بیاره‌، له‌وێشه‌وه‌ گه‌یاندمه‌ ئێران، سێ‌ مانگ له‌ئێران مامه‌وه‌، له‌و ته‌نیایه‌دا ڕۆژانه‌ ده‌چوومه‌ شوێنێكی‌ چۆڵه‌وه‌‌و ده‌ستم ده‌كرد به‌گریان، كه‌س نه‌بوو دڵنه‌واییه‌كم بكات.

ته‌نیا دوو برا‌و دوو خوشكم مابوون له‌سلێمانی‌ بوون، بیرم له‌وه‌ كرده‌وه‌ بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ لای‌ ئه‌وان بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئاهێكم  به‌ به‌ردا بێته‌وه‌، له‌و كاته‌دا شه‌ڕی‌ عێراق – ئێران وه‌ستا، من سه‌ربازی‌ هه‌ڵاتوو بووم كه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی‌ ئه‌نفال بوومه‌وه‌ كه‌شه‌ڕی‌ عێراق – ئێران وه‌ستا خه‌ڵكی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ ناو ئۆردوگاكانی‌ ئێران دا زۆر بێزار بوون، ئه‌وان به‌و جۆره‌ ژیانه‌ ڕانه‌هاتبوون كه‌له‌ناو ئۆردوگاكاندا هه‌ر له‌زیندان ده‌چوو، له‌ ناو ئۆردوگاكاندا مقۆمقۆی‌ ئه‌وه‌ بڵاو ببوه‌وه‌، كه‌وا ڕژێم خه‌ڵك ده‌باته‌وه‌ بۆ هه‌ڵه‌بجه‌‌و خێمه‌ یان بۆ دابین ده‌كات، ئێرانیش گه‌ڵابه‌و لۆری‌ بۆ ئه‌و خانه‌وادانه‌ دابین ده‌كرد كه‌ ده‌گه‌ڕانه‌وه‌، من ناوی‌ خۆم ‌و ئامۆزایه‌كم كه‌ پێنج منداڵی‌ وردی‌ هه‌بوو له‌یه‌كێك له‌و كاروانانه‌دا نوسی‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌. 
له‌ سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ 7 ی‌ 1988 دا، له‌ سه‌ریاسه‌وه‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ سنوری‌ ئێران – عێراق له‌مه‌رزی‌ ته‌وێڵه‌وه‌ گه‌یشتینه‌ سه‌ر سنور، سه‌ربازه‌ عێراقیه‌كانم وه‌ك دڕنده‌ ده‌هاته‌ به‌ر چاو، هه‌ستم كرد گه‌ڕانه‌وه‌كه‌مان له‌باش ناچێت ئه‌و كاته‌ نماینده‌ی‌ ئێران (مهمان شهری‌ حلبجه‌) بوو له‌سه‌ریاسه‌وه‌ له‌گه‌ڵمان دا هات بۆ سه‌ر سنور، له‌وێ‌ زنجیره‌ی‌ ناوی‌ ئه‌وانه‌ی‌ كه‌له‌ ئێران گه‌ڕا بوینه‌وه‌ دایه‌ ده‌ست ئه‌فسه‌ره‌ عێراقیه‌كه‌‌و گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ هێنانی‌ كاروانێكی‌ تر، ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌و مه‌رزه‌ بێ‌ خواردن‌و خواردنه‌وه‌ دانیشتین، دوای‌ سێ‌ ڕۆژ به‌كاروانێكی‌ گه‌وره‌ گوێزراینه‌وه‌ بۆ (گواری‌ امن) ی‌ سلێمانی‌ له‌وێ‌ هه‌ڵسوكه‌وتیان وه‌ك، تاوانبار له‌گه‌ڵ دا ده‌كردین ‌و له‌ناو گۆڕه‌پانی‌ ته‌وارییه‌كه‌دا دایان ناین، كه‌ل‌و په‌ل‌و شتی‌ خه‌ڵكی‌ وه‌ك ئێمه‌ له‌لایه‌كی‌ ته‌وارییه‌كه‌ كه‌ڵه‌كه‌ كرابوو، دیاربوو ئه‌وانه‌یان لێره‌وه‌ گواستبوه‌وه‌ بۆ شوێنی‌ ترو بواریان پێ‌ نه‌دابوون كه‌ل‌و په‌له‌كانیان بگوێزنه‌وه‌، زۆری‌ وه‌ك ئێمه‌ كه‌ل‌و په‌ل‌و ته‌له‌فزێون‌و سه‌لاجه‌‌و غه‌ساله‌‌و شتی‌ تریان له‌ئێران كڕی‌ بوو، بۆ ئه‌وه‌ی‌ ماڵێكی‌ نوێ‌ بۆ خۆیان پێك بهێننه‌وه‌، چونكه‌ دوای‌ كیمیابارانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ زۆر ماڵ تاڵانكرا.
به‌ڵام له‌وێ‌ ناوی‌ هه‌موو شته‌كانیان تۆمار كرد‌و هه‌ر هه‌موویان تاڵانكرد، ڕۆژانه‌ به‌كێبڵ لیان ده‌داین‌و ئیهانه‌ ده‌كراین، خواردن نه‌بوو، شله‌یه‌كیان به‌سه‌ردا دابه‌ش ده‌كردین ئاوێكی‌ بێ‌ تامی‌ ڕوون بوو هه‌ندێكیان توشی‌ نه‌خۆشی‌ سك چوون بوون، شه‌وانه‌ تا سه‌عات 30/2 چه‌ند جارێك  سه‌رژمێری‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌یان ده‌كرد، ناوی‌ چواری‌‌و ساڵی‌ له‌دایك بوون‌و جۆری‌ ئیشیان له‌هه‌موومان ده‌پرسی‌ ‌و تۆماریان ده‌كرد، من پێنج شه‌و له‌وێ‌ خه‌وم لێ‌ نه‌وكه‌وت، دواجار توانام نه‌ما خه‌وم لێ‌ كه‌وت، كه‌خه‌به‌رم بوه‌وه‌ له‌سه‌ر شاره‌ مێروله‌یه‌ك خه‌وتبووم، مێروله‌كان ئه‌وه‌نده‌یان گه‌ستبوم هه‌موو گیانم سوور ببوه‌وه‌، ئێواره‌یه‌كیان چه‌ند پاسێك‌و ئۆتۆمبیلی‌ تایبه‌تی‌ ته‌واریان هێنا، به‌یانیه‌كه‌ی‌ هه‌موومانیان له‌ناو گۆڕه‌پانی‌ ناو ته‌وارییه‌كه‌دا به‌ڕیز كۆكرده‌وه‌ لیژنه‌ی‌ ئه‌منی‌ سلێمانی‌ ‌و به‌هاوكاری‌ ئه‌منی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ ژوورێكی‌ تایبه‌تی‌ دا دانیشتبوون كۆبونه‌وه‌یان ده‌كرد، من له‌ڕیزی‌ دواوه‌ بووم خۆم گه‌یانده‌ پێشه‌وه‌، دوو ئه‌من له‌نزیكمه‌وه‌ به‌عه‌ره‌بی‌ قسه‌یان ده‌كرد، ئه‌منێكیان وتی‌ : ئه‌مانه‌ ده‌ڵێن : (خه‌ڵكی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ین، به‌ڵام خه‌ڵكی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ كوا ماوه‌، ئه‌مانه‌ خانه‌واده‌ی‌ موخه‌ریبن) ، له‌مه‌وه‌ بۆ ده‌ركه‌وت كه‌وا ئێمه‌ نابه‌ن بۆ ئۆردوگاكانی‌ ئه‌ڵڵایی‌، ده‌مان به‌ن بۆ شوێنێكی‌ دووری‌ نادیار‌و نازانین چاره‌نووسمان چی‌ لێ‌ دێت، ئه‌منه‌كانی‌ ته‌واری‌ ژن‌و پیاویان له‌دوو ڕیزی‌ جیادا ڕێكخست‌و یه‌ك به‌یه‌ك به‌جیا سواری‌ پاسه‌كانیان كردین یه‌ك ئه‌من ده‌مانچه‌یه‌كی‌ به‌ده‌سته‌وه‌ بوو سه‌رپه‌رشتی‌ پاسه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ی‌ ده‌كرد، به‌ به‌رده‌وامی‌ كام جنێو زۆر سوكه‌ پێ‌ی‌ ده‌ووتین له‌پێشی‌ پاسه‌كان نوسرابوو (وه‌زاره‌تی‌ نفگ)  بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ركه‌سێ‌ ئێمه‌ی‌ له‌و پاسه‌دا ببینێ‌ وابزانێ‌ ئێمه‌ سه‌ربه‌ وه‌زاره‌تی‌ نه‌وتین. پاسه‌كان كه‌وتنه‌ ڕێ‌ یه‌كێك له‌پیاوه‌كان له‌ڕێگادا وتی‌: بۆ كوێمان ده‌به‌ن، ئه‌منه‌كه‌ به‌توڕییه‌كه‌وه‌ كه‌ ده‌ربڕینه‌كه‌ی‌ ئیهانه‌ كردنێكی‌ وا بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ جارێكی‌ ترپرسیار  نه‌كه‌ینه‌وه‌ وتی‌: (ده‌تانبه‌ین بۆ ئه‌و شوێنه‌ی‌ سواری‌ یه‌كترتان ده‌كه‌ین) ، پاسه‌كان ڕێگای‌ كه‌ركوكی‌ گرته‌ به‌ر له‌ تۆبزاوه‌ لایانداو ناویان نوسین به‌غداد، په‌نجه‌ره‌كانی‌ پاسه‌كه‌  (25*15) سم ده‌بوو، له‌ترسی‌ ئه‌منه‌كه‌ كه‌س نه‌یده‌وێرا سه‌یری‌ ده‌ره‌وه‌ بكات، مانگی‌ ته‌مموز بوو، دنیا به‌جۆرێك گه‌رم بوو ئێمه‌ له‌ناو پاسه‌كه‌دا عه‌ره‌ق به‌ هه‌موو جه‌سته‌مان دا ده‌هاته‌ خواره‌وه‌، كاروانی‌ ئۆتۆمبیله‌كان به‌ به‌رده‌وامی‌ ڕێگای‌ ده‌بڕی‌ نه‌مان ده‌زانی‌ گه‌یشتوینه‌ته‌ كوێ‌، دوای‌ چه‌ند سه‌عاتێك گه‌یشتینه‌ شوێنێك زۆر ماینه‌وه‌، ئه‌و ئه‌منانه‌ی‌ كه‌له‌ گه‌ڵماندا بوون گه‌ڕانه‌وه‌، ئه‌مجا زانیم ئێره‌ به‌غداده‌، له‌وێ‌ ئێمه‌یان سپارد به‌ ئه‌منی‌ (سه‌ماوه‌) پاسه‌كان به‌بێ‌ وه‌ستان كه‌وتنه‌ ڕێ‌ له‌ ڕێگا خه‌ومان لێ‌ كه‌وت ، شه‌و بوو ئۆتۆمبیله‌ كان به‌ به‌رده‌وامی‌ هه‌ر به‌ڕێگاوه‌ بوون، كاتێك كه‌ دنیا ڕووناك بووه‌وه‌، هیچ شتێكمان نه‌بینی‌ جگه‌له‌ بیابانێكی‌ چۆڵ‌و هۆڵ، له‌ سه‌عات (9) ی‌ به‌یانی گه‌یشتینه‌ شوێنێك ئه‌م ناونیشانه‌ له‌سه‌ر پارچه‌یه‌ك ئاسن له‌ قه‌راغ جاده‌كه‌ چه‌قێنرابوو : (حدود بلدیه‌ السعودیه‌ ناحیه‌ سلمان) ، ئۆتۆمبیله‌كان هه‌ر ده‌ڕۆیشتن له‌ دووره‌وه‌  قه‌ڵایه‌كی‌ گه‌وره‌مان بینی‌، له‌ هه‌ر چوار لاوه‌ قولله‌ی‌ چاودێری‌ هه‌بوو، له‌ ده‌رگای‌ گه‌راجێكی‌ ته‌لبه‌ند كراو نزیكه‌ی‌ 20 ئۆتۆمبیل چوینه‌ ژووره‌وه‌، له‌و كاته‌دا كه‌ ڕیزیان ده‌كردین جه‌للادێكیان به‌ كێبڵ پیاوێكی‌ هاواریی‌  داگرته‌وه‌، كێبڵه‌كانی‌ به‌توندی‌ ده‌كێشا به‌سه‌ری دا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ تووشی‌ خوێن به‌ربوونی‌ ناوه‌وه‌ بوو هه‌ر ئه‌و شه‌وه‌ گیانی‌ له‌ده‌ست دا.له‌وێ‌ هه‌موو ئه‌و كوردانه‌مان بینی‌ له‌ په‌نجه‌ره‌ی‌ شیش به‌نده‌ ئه‌ستوره‌كانه‌وه‌ سه‌یری‌ ئێمه‌یان ده‌كرد، مشكی‌‌و جامانه‌یان به‌ستبوو، ژنه‌كانیش جلی‌ كوردیان له‌به‌ردابوو، یه‌ك به‌ یه‌ك ناویان ده‌خوێندینه‌وه‌‌و به‌ سه‌ر هۆڵه‌كاندا دابه‌شكراین، هۆڵه‌كانی‌ ئه‌وێ‌ زۆر پیس بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌موومان هۆڵه‌كانی‌ خۆمان به‌بێ‌ ئاو پاككرده‌وه‌ له‌وێ‌ بێ‌ ئاوو نان ماینه‌وه‌، ناو به‌ناو یه‌كێك له‌ جه‌للاده‌كان ده‌هات یه‌كێكانی‌ ده‌برده‌ ده‌ره‌وه‌ تێر‌و پڕیان لێ‌ ده‌داو ده‌یان هێنایه‌وه‌ شوێنه‌كه‌ی‌ خۆی‌، ئه‌م زیندانه‌ دوو نهۆم بوو بریتی‌ بوو له‌ 32 هۆڵ، به‌ شێوه‌ی‌ چوار گۆشه‌ی‌ به‌رامبه‌ر به‌ یه‌ك بوون، گۆڕه‌پانێكی‌ گه‌وره‌ له‌ ناوه‌ڕاستیدا بوو، 23 كۆڵه‌كه‌ی‌ ئاسن دانرابوون بۆ هه‌ڵواسین‌و ئه‌شكه‌نجه‌دانی‌ زیندانیه‌كان، هه‌موو ڕۆژێك به‌یانی‌ یه‌ك سه‌مون‌و ئێواره‌ یه‌ك سه‌مون بۆ یه‌ك زیندانی‌ له‌گه‌ڵ نه‌ختێك ئاو، كه‌ ته‌نكه‌ره‌ زه‌رده‌كه‌ی‌ شاره‌وانی‌ ده‌یهێنا، هه‌ندێك جار ئه‌و ئاوه‌ی‌ كه‌ ده‌یهێنا ئه‌وه‌نده‌ پیس ‌و تاڵ بوو به‌ زه‌حمه‌ت  زیندانیه‌كان له‌ ناچاری‌ ‌و له‌ تینوا ده‌یانخوارده‌وه‌.

ئه‌وانه‌ی‌ ئه‌م ئاوه‌یان ده‌خوارده‌وه‌ دوای‌ 24 سه‌عات گیانیان له‌ده‌ست ده‌دا، هۆڵه‌كانی‌ تر پڕبوون له‌ خه‌ڵكی‌ گونده‌كانی‌ گه‌رمیان ‌و قه‌ره‌داغ.

له‌وێ‌ ئه‌وان بۆ یان باس كردین كه‌ زۆر بوون، زۆربه‌یان له‌برسا‌و له‌به‌ر نه‌خۆشی‌ گیانیان سپاردووه‌.

هه‌ندێ‌ له‌ وانه‌ پیاو و ژنی‌ پیر بوون بۆ كچ‌و كوڕه‌كانیان ده‌گریان كه‌ له‌ تۆپزاوه‌ جیاكرابوونه‌وه‌ ‌و كه‌س نه‌یبینیونه‌ته‌وه‌ له‌وێ‌ جوتیارێكی‌ خه‌ڵكی‌ یه‌كێك له‌ گونده‌كان به‌ كزییه‌كه‌وه‌ پێ‌ی‌ وتم: من چووم بۆ شار بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ندێ‌ پیداویستی‌ بكڕم، له‌ گه‌ڕانه‌وه‌م دا له‌ سه‌ر جاده‌كه‌ وه‌ستابووم چاوه‌ڕوانی‌ ئۆتۆمبیلم ده‌كرد، پاسێك هات ده‌ستم لێ‌ ڕاگرت، وه‌ستا سواریان كردم پڕ بوو له‌خه‌ڵكی‌ گونده‌كان، هه‌ر كه‌ گه‌یشتمه‌ ئه‌وێ‌ هه‌ر چه‌ند هاوارم كرد داده‌به‌زم كه‌س گوێ‌ی‌ لێ‌ نه‌ده‌گرتم، دواتر هێنامیان بۆ ئێره‌، هیچ  هه‌واڵێكی‌ خانه‌واده‌كه‌م  نازانم.

ژیانی‌ ئه‌وێ‌ مردنێكی‌ به‌رده‌وام بوو، هیچ هۆیه‌ك له‌ هۆیه‌كانی‌ ژیانی‌ تیانه‌بوو، له‌وێ‌ چایی‌‌و گۆشتی‌ قوتویان به‌ مقه‌با‌و په‌ڕۆ كۆن‌و نایلۆن لێ‌ ده‌ناو گه‌رم ده‌كرده‌وه‌، پۆلیسه‌كان به‌ دزییه‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ شتێكیان بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كڕی‌ كه‌ پاره‌یان پێیه‌، به‌لام  به‌ چه‌ند  قات له‌ نرخی‌ خۆی‌ پیان ده‌فرۆشتنه‌وه‌، شه‌وان له‌و هۆڵه‌دا ته‌نیا یه‌ك گڵۆپی‌ 60 واتی‌ تیا بوو، ئه‌ویشیان ده‌كوژانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ دوپشكه‌كان نه‌بینین‌و پێوه‌مان بدات، شه‌وان چه‌ند كه‌سێك دوپشك پێوه‌ی‌  ده‌دا، به‌رپرسی‌ ئه‌م زیندانه‌ ناوی‌ حه‌جاج بوو، پیاوێكی‌ باڵا به‌رزی‌ چاو ڕه‌ش، سۆپه‌رێكی‌ سووری‌ هه‌بوو، ئه‌م جه‌للاده‌ چێژی‌ له‌ كوشتن‌و ئه‌شكه‌نجه‌دان‌و ئیهانه‌كردنی‌ زیندانیه‌كان ده‌بینی‌، به‌ به‌رده‌وامی‌ خه‌ریكی‌ به‌د ڕه‌وشتی‌ بوو.

شه‌مخی‌ له‌ به‌ر ده‌ست حه‌جاج دا بوو، ڕه‌شێكی‌ باڵا مام ناوه‌ندی‌ بوو ئه‌میش به‌د ڕه‌وشت بوو، عه‌قیدێكی‌ پۆلیس‌و چه‌ند پۆلیسێكیش له‌وێ‌ پاسه‌وانی‌ نوگره‌ سه‌لمان بوون.

له‌و كاتانه‌دا نه‌خۆشی‌ منداڵان بڵاو بوه‌وه‌، منداڵه‌كان نه‌خۆش كه‌وتن، هه‌ندێكیان كۆرپه‌ بوون، هه‌ندێكی‌ تریان له‌وێ‌ له‌ دایك ببوون، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی‌ دایكی‌ ئه‌و منداڵانه‌ هیچ خواردنێكی‌ وایان نه‌بوو بیخۆن، ته‌نیا ئێسكه‌كانیان مابوو، مه‌مكیان وشك ببوو، ئه‌و كۆرپه‌و مندالاَنه‌ هیچیان نه‌بوو بیخۆن چاویان چوو بوو به‌ قوڵا به‌ ده‌م برسێتی‌‌و ئازاری‌ نه‌خۆشیه‌وه‌ گیانیان ده‌سپارد منداڵانی‌ 3 بۆ 4 ساڵیش توشی‌ سك چوون بوون، ڕۆژانه‌ چه‌ند منداڵێك  ده‌مرد، هه‌رهه‌موویان ده‌بردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ زیندان‌و ته‌رمه‌كانیان له‌ چاڵێكی‌ لم دا كه‌ نیو مه‌تر ده‌بوو ده‌شارده‌وه‌، شه‌و سه‌گه‌كان ته‌رمه‌كانیان ده‌رده‌هێنا‌و ده‌یانخواردن، كولێره‌‌و تاعون بڵاوبوه‌وه‌ له‌ماوه‌ی‌ مانگێك نزیكه‌ی‌ 70 كه‌سی‌ خه‌ڵكی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ گیانیان سپارد، ڕۆژی‌ وابوو زیاتر له‌ (17) كه‌سی‌ خه‌ڵكی‌ هه‌ڵه‌بجه‌‌و گه‌رمیان له‌وێ‌ ده‌مردن.

له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی‌ من عه‌ره‌بیم ده‌زانی‌‌و خه‌ته‌كه‌شم خۆش بوو، كرام به‌ نوێنه‌ری‌ هۆڵه‌كه‌ی‌ خۆمان كه‌پیكهاتبوو له‌ 165 كه‌س به‌ خێزان‌و سه‌ڵته‌وه‌، من سه‌مون‌و ئاوم وه‌رده‌گرت، له‌ هه‌فته‌یه‌كدا یه‌ك جار چام وه‌رده‌گرت‌و به‌سه‌ر هۆڵه‌كه‌دا دابه‌شم ده‌كرد.

دواتر لێبوردنی‌ گشتی‌ ده‌رچوو، ڕۆژێك لیژنه‌یه‌كی‌ پزیشكی‌ هاتن، ئاوه‌كانیان پشكنی‌ وتیان ئاوه‌كان هه‌ر هه‌مووی‌ بڕێژن، ئه‌و ئاوانه‌ بۆ جل شتنیش نابێت، چونكه‌ ئاو به‌ زه‌حمه‌ت ده‌ستگیر ده‌بوو، هه‌ندێ‌ له‌ زیندانیه‌كان دڵیان نه‌ده‌هات ئه‌و ئاوه‌ش بڕێژن، به‌ زۆر پیان ڕشتن، دواتر له‌به‌ر لێ‌ بوردنه‌كه‌و له‌ به‌ر بڕیاری‌ دكتۆره‌كان ئاوی‌ پاكیان بۆ ده‌هێناین.  دوای‌ لێبوردنه‌ كه‌ ئێمه‌ هه‌ر چاوه‌ڕوان بووین ئازاد بكرێن، به‌ڵام هیچ كه‌سێكیان لێ‌ ئازاد نه‌كردین ‌و كه‌وتینه‌ گومانه‌وه‌، له‌مانگی‌ ئه‌یلول دا له‌گه‌ڵ حه‌جاج دا ڕوومان كرده‌ هۆڵه‌كان، من ناوی‌ پیره‌كانی‌ گه‌رمیانم ده‌نوسی‌، حه‌جاج كێبڵێكی‌ ڕه‌شی‌ ئه‌ستووری‌ (2) ئینجی‌ به‌ده‌سته‌وه‌ گرتبوو، یه‌ك به‌ یه‌ك زیندانیه‌كانی‌ ده‌ژمارد، ناو به‌ ناو به‌ پێ‌ی‌ مه‌زاجی‌ خۆی‌ كێبڵه‌كه‌ی‌  ده‌دا به‌ سه‌ر پیاوه‌ پیره‌كان دا مشكییه‌كه‌ی‌ به‌رده‌دانه‌وه‌.

• ڕۆژێك حه‌جاج پێاوێكی‌ به‌ته‌مه‌نی‌ له‌ گۆڕه‌پانی‌ نوگره‌ سه‌لمان بینی‌،  هه‌ندێ‌ شتی‌ به‌ دزییه‌وه‌ له‌ پۆلیسه‌كان كڕی‌ بوو، به‌ستی‌ به‌ شیشی‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌وه‌، 76 كێبڵی‌ كێشا به‌ناو چاو و سه‌ری‌ دا، ئه‌و پیاوه‌ توشی‌ خوێن به‌ربوونی‌ ناوه‌وه‌ بوو، گیانی‌ سپارد.      

• ڕۆژێكی‌ تر حه‌جاج بانگی‌ كردم بۆ ژوره‌ تایبه‌تیه‌كه‌ی‌ خۆی‌ پێ‌ وتم: ئه‌و ئامارانه‌م بۆ ئاماده‌ بكه‌ ده‌رگای‌ دۆڵابێكیانم كرده‌وه‌ پڕ بوو له‌ تۆماری‌ گه‌وره‌و نوسراو، ده‌بوایه‌ ناوی‌ ئه‌وانه‌ی‌ كه‌مردون به‌ پێ‌ی‌ لیستی‌ تایبه‌تی‌ مردووه‌كان، له‌ تۆماره‌ كه‌دا به‌ قه‌ڵه‌می‌ سوور هێڵم به‌ ژێر ناوه‌كه‌یدا بهێنایه‌‌و ناوه‌كه‌یم له‌ فایلی‌ تایبه‌تی‌ مردوه‌كانیشدا تۆمار بكردایه‌، حه‌جاج به‌ كێبڵه‌كه‌یه‌وه‌ چووه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ گۆڕه‌پانی‌ زیندانه‌كه‌، هه‌ندێ‌ جار فرسه‌تم ده‌هێنا سه‌یری‌ فایلی‌ تۆماره‌ كۆنه‌كانم ده‌كرد پڕبوو له‌ناوی‌ خه‌ڵكی‌ نه‌جه‌ف، كه‌ربه‌لا، عه‌ماره‌ ‌و چه‌ند فایلێكیش پڕ بوو له‌ ناوی‌ كورده‌  فه‌یلییه‌كان هه‌ر هه‌موویان دیار بوو پێشوتر لێره‌ زیندانی‌ بوون‌و بێ‌ سه‌ر‌و شوێن كرابوون.

• به‌ پێ‌ی‌ بڕیاری‌ حه‌جاج دوای‌ لێبووردنه‌كه‌ ده‌بوایه‌ هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك لیستی‌ ناوی‌ 250 كه‌سی‌ گه‌رمیان‌و 150 كه‌سی‌ خه‌ڵكی‌ هه‌ڵه‌بجه‌م له‌وێ‌ له‌ فایلێكی‌ تایبه‌ت تۆمار بكردایه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ كاروانێك ئازاد بكرانایه‌، پێش ئه‌وه‌ی‌ بگه‌نه‌ سلێمانی‌، ماوه‌ی‌ هه‌فته‌یه‌ك له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی‌ سه‌ماوه‌ ده‌مانه‌وه‌، كه‌ پێشوتر چۆڵ كرابوو بۆ زیندانه‌كانی‌ نوگره‌ سه‌لمان دانرابوو  له‌وێ‌ پشكنینی‌ له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ بۆ ده‌كرا، سێ‌ ژه‌مه‌ خواردنی‌ باشیان پێ‌ ده‌دان، بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و جه‌سته‌ وشك‌و هه‌ڵاتوانه‌ی‌ كه‌ پڕبوون له‌ كه‌می‌ فیتامین‌و وزه‌، كه‌مێك ته‌وژمی‌ چالاكیان بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌.

ئێواره‌یه‌كیان ناوی‌ 250 كه‌سی‌ گه‌رمیان‌و 150 كه‌سی‌ هه‌ڵه‌بجه‌م له‌ دوو لیستی‌ جیاجیا دا بۆ حه‌جاج تۆمار كرد، سه‌عات 11 ی‌ شه‌و لیسته‌كه‌م ته‌واو كرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ بڕیاری‌ دابوو كه‌ی‌ ته‌واوت كرد بۆم بهێنه‌، ئه‌و ڕۆژه‌ لیژنه‌یه‌كی‌ پزیشكی‌ له‌ سه‌ماوه‌وه‌ هاتبوون بۆ چاره‌سه‌ر كردنی‌ ئه‌و زیندانیانه‌ی‌ ئه‌وێ‌  كه‌توشی‌ سك چوون‌و ڕشانه‌وه‌ ببون، كه‌ چوومه‌ ژووره‌كه‌ی‌  ژنه‌ سسته‌ره‌  قه‌ڵه‌وه‌ جوانه‌ عه‌ره‌به‌ ئه‌سمه‌ره‌كه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ سه‌ماوه‌م بینی‌، دیار بوو حه‌جاج به‌ زۆر گلی‌ دابوه‌وه‌، نه‌یهێشتبوو له‌ گه‌ڵ لیژنه‌كه‌دا بڕواته‌وه‌، چه‌ند قوتوه‌ بیره‌یه‌ك له‌ به‌رده‌م حه‌جاج دا دانرابوو، سسته‌ره‌كه‌ به‌ كزییه‌وه‌ ده‌گریا، حه‌جاج هه‌نارێكی‌ قاژكراوی‌ بۆ گرتبوو به‌ ده‌سته‌وه‌، ده‌یویست بیداتێ‌، كه‌ حه‌جاج منی‌ بینی‌ به‌ده‌م ‌و چاوێكی‌ توڕه‌وه‌ وتی‌: (بڕۆ بۆ هۆڵه‌كه‌ی‌ خۆت به‌یانی‌ ناوه‌كانم بۆبهێنه‌) ، دوای‌ هه‌فته‌یه‌ك ناوی‌ خۆم‌و 72 كه‌سی‌ ترم نوسی‌، ئێمه‌یان برد بۆ نه‌خۆشخانه‌ی‌ سه‌ماوه‌، هه‌فته‌یه‌ك له‌وێ‌ ماینه‌وه‌ دواتر گوێزراینه‌وه‌ بۆ تۆبزاوه‌ ، له‌وێ‌ جوتیارێكی‌ گه‌رمیانی‌ پیرمان له‌گه‌ڵ بوو، پێ‌ی‌ وتم لێره‌ ژن‌و منداڵه‌كانیان لێم دابڕی‌، بڕۆم له‌ كوێ‌ داوا بكه‌م، بزانم ئه‌وان له‌ كوێن‌و كه‌ی‌ وه‌ك ئێمه‌ ئازاد ده‌كرێن، من نه‌مده‌زانی‌ چی‌ پێ‌ بڵێم، له‌ پرسیاره‌كه‌ی‌ بێ‌ ده‌نگ بووم، له‌و لاتره‌وه‌ به‌ ئه‌منێكمان وت: ژن‌و منداڵه‌كه‌ی‌ من له‌ كوێن، ئه‌منه‌كه‌ تا هێزی‌ تیا بوو پاڵێكی‌ به‌ پیاوه‌كه‌وه‌ نا فڕێ‌ی‌ دا‌و پیاوه‌كه‌ به‌ پشتا كه‌وت، هه‌ستایه‌وه‌، به‌ قوڕگێكی‌ پڕ له‌گریانی‌ ئه‌و په‌ڕی‌ نا ئومێدییه‌وه‌، وتی‌: تازه‌ دوای‌ ئه‌وان ژیانم بۆ چی یه‌.

هه‌موومانیان له‌ تۆبزاوه‌ برد بۆ یاریگای‌ سلێمانی‌، هه‌ندێكیان برد بۆ باینجان، من له‌ یاریگای‌ سلێمانیه‌وه‌ ڕوووه‌‌و ناو شار هه‌ڵكشام، نه‌مده‌زانی‌  ڕووبكه‌مه‌ كوێ‌، كه‌سوكاره‌كه‌م له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ خنكابوون‌و سه‌ربازی‌ هه‌ڵاتوبووم، ده‌ترسام ده‌ستگیربكرێم و بمبه‌نه‌وه‌  بۆ  زیندان.   
 

Sbeiy.com © 2007