Print
 نه‌وه‌کانی راپه‌ڕین، مۆڵه‌تی (5)رۆژ ده‌ده‌نه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم بۆ جێبه‌جێکردنی داوای خۆپیشانده‌ران
Wednesday, March 23, 2011

(سبه‌ی):
له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه‌کانی هاوڵاتیاندا که‌ زۆربه‌ی شار و شارۆچکه‌کانی هه‌رێمی کوردستانی گرتوه‌ته‌وه‌، تا ئێستا ده‌سه‌ڵات به‌ کردار داواکاری خۆپیشانده‌رانی جێبه‌جێنه‌کردوه‌، چاوه‌ڕوانیش ده‌کرێت ناڕه‌زایی و خۆپیشاندانه‌کان فراوانتر بن.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا گروپی نه‌وه‌كانی‌ راپه‌ڕین له‌ به‌یاننامه‌ی سێهه‌میاندا که‌ وێنه‌یه‌کیان بۆ (سبه‌ی) ناردوه‌، رایانگه‌یاندوه‌، ماوه‌ی (5)رۆژی دیکه‌ وه‌ک مۆڵه‌ت ده‌ده‌ینه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی کوردستان بۆ جێبه‌جێکردنی داواکاری هاوڵاتیان له‌سه‌رو هه‌موشیانه‌وه‌، به‌سزاگه‌یاندنی ئه‌و که‌سانه‌ی ته‌قه‌یان له‌ خه‌ڵک کردوه‌.
له‌ به‌یاننامه‌که‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕو، گه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا داواکارییه‌کان جێبه‌جێ نه‌کرێن، ئه‌وا هه‌ڵوێستی دیکه‌یان ده‌بێت و له‌ ده‌ڤه‌ری‌ راپه‌ڕیندا، مانگرتنی‌ قوتابخانه‌، خوێندنگا، زانكۆ و په‌یمانگاكان راده‌گه‌یه‌نن.

ده‌قی به‌یاننامه‌که‌:
به‌ناوی‌ خوای‌ گه‌وره‌ و میهره‌بان
به‌یاننامه‌ی‌ سێیه‌می‌ گروپی نه‌وه‌كانی‌ ڕاپه‌ڕین
بۆ به‌رده‌می‌ ڕای‌ گشتی و ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی
ئێمه‌ وه‌ك گروپی نه‌وه‌كانی‌ ڕاپه‌ڕین، كه‌ له‌ (11- 3 –2011) له‌ ڕێگه‌ی‌ به‌یاننامه‌یه‌كه‌وه‌ دامه‌زراندنی‌ خۆمان ڕاگه‌یاند، هه‌ر له‌هه‌مان به‌یاننامه‌دا هاوشێوه‌ی‌ گروپ و كۆمه‌ڵه‌ و ڕێكخراوه‌كانی‌ تر و خه‌ڵكی‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی‌ كوردستان، داوامان له‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی كرد، كه‌ به‌ كردار وه‌ڵامی‌ داواكاریه‌كانی‌ خۆپیشانده‌ران بداته‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ وه‌ك به‌ ئاسانی‌ هه‌ستی پێده‌كرێت ده‌سه‌ڵات به‌ شێوه‌یه‌كی‌ گاڵته‌ئامێز وه‌ڵامی‌ خۆپیشانده‌ران ده‌داته‌وه‌، كه‌ بریتیه‌ له‌ وه‌ڵامی‌ نامه‌یی‌. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا ئه‌و وه‌ڵامه‌ی‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت بریتیه‌ له‌ ده‌ستكردن به‌ جێبه‌جێكردنی‌ داواكارییه‌كانمان.
لێره‌وه‌ به‌ هه‌موو لایه‌كی‌ ڕاده‌گه‌یه‌نین كه‌ مایه‌ی‌ نیگه‌رانیه‌كی‌ زۆرمانه‌ دوای‌ تێپه‌ڕبوونی‌ زیاتر له‌ مانگێك، ده‌سه‌ڵات نه‌یتوانیوه‌ تاكه‌ كه‌سێكیش ده‌ستگیر بكات له‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ تۆمه‌تبارن به‌ كوشتن و برینداركردنی‌ سه‌دان كه‌س له‌ خه‌ڵكانی‌ مه‌ده‌نی و خۆپیشانده‌ر و ته‌قه‌كردنی‌ زۆر به‌ڕوویاندا. ئه‌مه‌ش ته‌واو ڕه‌شبینی كردووین چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتێك ئه‌گه‌ر نه‌توانێت له‌ناو چه‌ندین كه‌سی ناسراو و ئاشكرادا كه‌ تۆمه‌تبارن به‌ كوشتنی‌ خه‌ڵكانی‌ مه‌ده‌نی‌، ته‌نها یه‌ك تۆمه‌تباریش ده‌ستگیربكات، چۆن ده‌توانێت داواكارییه‌كی‌ له‌ شێوه‌ی‌ نه‌هێشتنی‌ گه‌نده‌ڵی‌، ڕه‌خساندنی‌ دادپه‌روه‌ری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ یان لێكجیاكردنه‌وه‌ی‌ حزب و حكومه‌ت جێبجێ بكات.؟؟!!
زۆر به‌داخه‌وه‌ ده‌یڵێین تاوه‌كو ئێستا له‌سه‌ر ئاستی‌ پراكتیكی ده‌سه‌ڵات هیچ جۆره‌ پێزانینێكی‌ نیه‌ به‌رامبه‌ر به‌م دانبه‌خۆداگرتنه‌ دوور و درێژه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ مه‌ده‌نی‌، كه‌ دوور له‌ توندوتیژی و به‌شێوازێكی‌ زۆر مه‌ده‌نییانه‌ داوای‌ ئه‌نجامدانی‌ چاكسازی‌ ده‌كه‌ن. نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌ به‌ڵكو وه‌ك ده‌بێنرێت ئه‌م ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ نه‌ك هه‌ر ئیراده‌ و توانای‌ چاكسازییان نیه‌، به‌ڵكو له‌ ناسكترین ماوه‌ی‌ ته‌مه‌نی‌ حوكمڕانی‌ خۆیاندا و، له‌ كاتێكدا هه‌موو شه‌قام داوای‌ چاكسازی‌ ده‌كات، ئه‌وان به‌رده‌وامن له‌ كاره‌ ناشیرینه‌كانی‌ خۆیان، له‌شێوه‌ی‌ داخستنی‌ زانكۆو په‌یمانگاكان و، ئه‌بڵۆقه‌ دانی‌ چه‌ند شارێكی‌ كوردستان به‌هێزی‌ سه‌ربازی‌ و، به‌حزبیكردنی‌ بۆنه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیه‌كان و، كۆكردنه‌وه‌ و هاندانی‌ لایه‌نگرانی‌ خۆیان و خستنه‌گه‌ڕی‌ هه‌موو توانا ماددی‌، مرۆیی‌، سه‌ربازی‌ و ڕاگه‌یاندنه‌كانیان دژ به‌ خه‌ڵكانی‌ خۆپیشانده‌ر. ئه‌مانه‌ش هه‌موویان به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ نایه‌وێت یان ناتوانێت چاكسازی‌ بكات.
هه‌ر لێره‌وه‌ ده‌مانه‌وێت ئه‌و په‌یامه‌ به‌ گوێی ده‌سه‌ڵاتدا بده‌ین، ئه‌گه‌ر بێت و زۆر به‌ جددی و كرداری‌ ویست و ئیراده‌ی‌ خۆتان پیشان نه‌ده‌ن بۆ جێبه‌جێكردنی‌ داواكارییه‌كان، ئه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامدا هه‌موو لایه‌كمان زیانمان به‌رده‌كه‌وێت و له‌ سه‌رووی‌ هه‌مووشیانه‌وه‌ ئێوه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتداران، چونكه‌ ئێوه‌ن وه‌ك فریشته‌ خۆتان پیشانی‌ خه‌ڵك داوه‌ له‌ كاتێكدا داروبه‌ردی‌ ئه‌م وڵاته‌تان له‌سه‌ر خۆتان تاپۆ كردووه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا خه‌ڵكانی‌ خۆپیشانده‌ر هیچ شتێكی‌ ئه‌وتۆیان نیه‌ تاوه‌كو له‌ده‌ستی بده‌ن.
هه‌ر له‌ڕێگه‌ی‌ ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌وه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نین، ئه‌گه‌ر تاوه‌كو (26- 3 – 2011) كه‌ ڕۆژی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ ده‌وامی‌ ئاسایی‌ خوێندنگا و زانكۆ و په‌یمانگاكانه‌، ده‌سه‌ڵات ده‌ست نه‌كات به‌ جێبه‌جێكردنی‌ داواكارییه‌كانی‌ خۆپیشانده‌ران و، له‌ سه‌روی‌ هه‌موشیانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات نه‌توانێت بكوژه‌ ناسراو و ئاشكراكانی‌ خۆپیشانده‌ران و خه‌ڵكی‌ مه‌ده‌نی‌ ده‌ستگیر بكات، ئێمه‌ وه‌ك (گروپی نه‌وه‌كانی‌ ڕاپه‌ڕین)، ئه‌وپه‌ڕی‌ هه‌وڵ و چالاكیه‌كانی‌ خۆمان ده‌خه‌ینه‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ڤه‌ری‌ ڕاپه‌ڕیندا، مانگرتنی‌ قوتابخانه‌، خوێندنگا، زانكۆ و په‌یمانگاكان ڕابگه‌یه‌نیین و هه‌وڵه‌كانمان چڕده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ كه‌ زۆرترین ژماره‌ی‌ خوێنكاران و مامۆستایان به‌م مانگرتنه‌وه‌ په‌یوه‌ست بن و له‌ مه‌یدانی‌ ئازادی‌ شاری‌ ڕانیه‌ كۆببینه‌وه‌.
له‌ كۆتایی به‌یاننامه‌كه‌شماندا، داوا له‌سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كان و خه‌ڵكی‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی‌ كوردستان و له‌سه‌رووی‌ هه‌مووشیانه‌وه‌ (ئه‌نجوومه‌نی‌ كاتی‌ مه‌یدانی‌ سه‌رای‌ ئازادی‌–سلێمانی‌) ده‌كه‌ین كه‌ هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه‌ كاربكه‌ین بۆمانگرتنی‌ خوێندكاران له‌ ده‌وامی‌ ئاسایی‌، ئه‌مه‌ش وه‌ك هه‌نگاوێك بۆ به‌ره‌وپێشه‌وه‌ بردنی‌ خه‌باته‌ مه‌ده‌نییه‌كه‌مان و توندتركردنی‌ فشاره‌كانمان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی تا ئه‌وكاته‌ی‌ ده‌سه‌ڵات به‌ كردار ده‌ست ده‌كات به‌ جێبه‌جێكردنی‌ داواكارییه‌ ڕه‌واكانمان...

له‌گه‌ڵ ڕێزدا.. 

گروپی نه‌وه‌كانی‌ ڕاپه‌ڕین
     20/3/2011
       رانیه‌

Sbeiy.com © 2007