Print
 تا ئێستا سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێم، وه‌ڵامی نامه‌ی که‌مپینی (تۆم به‌ سه‌رۆک قبوڵ نییه‌)ی نه‌داوه‌ته‌وه‌
Wednesday, March 23, 2011

(سبه‌ی):
پاش ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر خواستی خۆی ده‌یان هه‌زار ئیمزا کۆکرایه‌وه‌ بۆ ده‌ست له‌ كاركێشانه‌وه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم، به‌ڵام تا ئێستا دیوانی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێم وه‌ڵامی نامه‌ی که‌مپینی (تۆم به‌ سه‌رۆک قبوڵ نییه‌)ی نه‌داوه‌ته‌وه‌، که‌ له‌ رێکه‌وتی 18/3/2011ه‌وه‌ ئاراسته‌ی کرابو. 
جێی ئاماژه‌یه‌ که‌مپینی (تۆم به‌ سه‌رۆک قبوڵ نییه‌) له‌ راگه‌یه‌ندراوێکیدا رایگه‌یاندبو که‌ له‌سه‌ر خواستی خۆی، زیاتر له‌ 50هه‌زار ئیمزایان بۆ ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم کۆکردوه‌ته‌وه‌.

ده‌قی نامه‌ی که‌مپینی (تۆم به‌ سه‌رۆک قبوڵ نییه‌) بۆ دیوانی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێم

بۆ:
دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان
كوردستانی عێراق - هەولێر


به‌ڕێزان له‌ دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، سڵاو و ڕێز!

دوابه‌دوای ئه‌وه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی رۆژنامه‌گه‌ریی ئیتاڵیا (LAGI)-دا له‌ ڕۆژی ٢٤⁄٢⁄٢٠١١دا رایگه‌یاند که‌ ''ئه‌گه‌ر ٠٠٠ ٥٠ هاوڵاتیی کوردستان داوا بکه‌ن ده‌ست له‌ سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێم بکێشیته‌وه‌، یه‌کسه‌ر ده‌ست ده‌کێشێته‌وه‌''، ئێمه‌ کۆمه‌ڵێک خوێندکاری زانکۆیی، له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ که‌ شێوازی سه‌رۆکایه‌تییکردنی به‌ڕێز مه‌سعود بارزانیمان بۆ هه‌رێمی کوردستان پێ قبوڵ نییه‌ و پێمانوایه‌ ئه‌و که‌فائه‌تی ته‌واوی بۆ به‌ڕێوه‌بردنێکی سه‌رکه‌وتوانه‌ی ئه‌م هه‌رێمه‌ نییه‌ و ئه‌م هه‌رێمه‌ی تووشی ئیفلیجیی و گرفتی قوڵ کردووه‌؛ وه‌ له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه‌ که‌ ئێمه‌ چاوه‌ڕوانییمان هه‌یه‌ هه‌ر سیاسه‌تمه‌دارێک و پیاوێکی ده‌وڵه‌ت له‌ هاوڵاتییه‌کی ساده‌ زیاتر رێز بۆ گفتوقسه‌ی خۆی ڕابگرێت و به‌ڵێنه‌کانی بباته‌ سه‌ر، ڕۆژی ٢٧⁄٢⁄٢٠١١ که‌مپینێکمان به‌ڕێخست بۆ کۆکردنه‌وه‌ی ئیمزای ٠٠٠ ٥٠ له‌و هاوڵاتییانه‌ی که‌ خوازیاری ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ی به‌ڕێز مه‌سعود بارزانین له‌ سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێم.

ئێمه‌ له‌ڕێگه‌ی ئه‌م نامه‌یه‌وه‌ ده‌مانه‌وێت:
یه‌که‌م، به‌ سه‌رۆکی هه‌رێم ڕابگه‌یه‌نین که‌ ئێمه‌ ئێستا ئیمزای زیاتر له‌ ٠٠٠ ٥٠ هاوڵاتییمان کۆکردۆته‌وه‌.
دووه‌م، داوا بکه‌ین کاتێکمان بۆ دیاریی بکه‌ن و له‌رێگای ئیمه‌یڵی که‌مپینه‌که‌مانه‌وه‌ ([email protected]) ئاگادارمان بکه‌نه‌وه‌ لێی تا ده‌سته‌ی سه‌رپه‌رشتیاری که‌مپینه‌که‌مان بێت و نوسخه‌ی ئیمزاکان ڕاده‌ستی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێم بکات.

سێیه‌م، چاومان به‌ به‌ڕێز سه‌رۆکی هه‌رێم بکه‌وێت تا دوای ڕاده‌ستکردنی ئیمزاکان، وه‌ک موماره‌سه‌کردنی دیموکراتییه‌تێکی ڕاسته‌وخۆ، وه‌ک نوێنه‌ری ٠٠٠ ٥٠ هاوڵاتیی هه‌رێمی کوردستان، رووبه‌ڕوو داوای ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ی لێ بکه‌ین.


چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامی به‌ڕێزتانین.

له‌گه‌ڵ ڕێزی زۆرمان

ده‌سته‌ی سه‌رپه‌رشتیاری که‌مپینی (تۆم به‌ سه‌رۆک قبوڵ نییه‌) بۆ کۆکردنه‌وه‌ی ٠٠٠ ٥٠ ئیمزا
سلێمانی – 18.03.2011

Sbeiy.com © 2007