Print
 چین و توێژه‌ جیاوازه‌کانی شاره‌زور بۆ پشتگیری خۆپیشانده‌ران، رو له‌ سه‌رای ئازادی سلێمانی ده‌که‌ن
Wednesday, March 23, 2011

(سبه‌ی):
وا بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ (دوشه‌ممه‌) ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له‌ چین ‌و توێژه‌كانی‌ قه‌زای‌ شاره‌زور (هه‌ڵبجه‌ی‌ تازه‌، وارماوا) به‌ ئاپۆڕه‌یه‌كی‌ به‌رفراوان بۆ پشتگیری کردنی خۆپیشانده‌ران، رو له‌ سه‌رای ئازادی سلێمانی بکه‌ن.
له‌مباره‌یه‌وه‌ عادل ئه‌حمه‌د، یه‌كێك له‌به‌شداربوه‌کان له ‌لێدوانێكیدا بۆ (سبه‌ی‌) رایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ وه‌ک به‌شێکی زۆری چین ‌و توێژه‌كانی‌ قه‌زای‌ شاره‌زور دێینه‌ سه‌رای‌ ئازادی‌ ‌و پشتگیری‌ خۆمان بۆ خۆپیشانده‌ران دوپات ده‌كه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ ئێمه‌ش هه‌مان چاره‌نوسمان هه‌یه‌و هاوخه‌مین له‌هه‌مو كێشه‌كاندا.
باسی له‌وه‌شکرد، که‌ گه‌نده‌ڵی‌ و ناعه‌داله‌تی‌ و نه‌بونی خزمه‌تگوزاری كاریگه‌ری‌ خراپی‌ جێهێشتوه‌ له‌سه‌ر دانیشتوانی هه‌رێمی‌ كوردستان، بۆیه‌ به‌ پێویستی‌ ده‌زانن پشتیوانی‌ سه‌رای‌ ئازادی‌ بكه‌ن.
عادل ئه‌وه‌شی‌ وت: ئێمه‌ش له‌هه‌وڵی‌ دروستكردنی‌ سه‌کۆیه‌کی ئازادین له‌ قه‌زای‌ شاره‌زور، بۆ ئه‌وه‌ی‌ رۆژانه‌ تیایدا كۆببینه‌وه‌و چالاكی‌ خۆمان ئه‌نجام بده‌ین ، له‌هه‌مانکاتدا ببێته‌ پاڵپشتییه‌کیش بۆ خۆپیشانده‌رانی ناوچه‌ جیاوازه‌کانی هه‌رێمی کوردستان.
جێی ئاماژه‌یه‌ ماوه‌ زیاتر له‌ مانگێکه‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی زۆربه‌ی شار و شارۆچکه‌کانی هه‌رێمی کوردستانی گرتوه‌ته‌وه‌و تاوه‌کو ئێستاش، حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵات به‌ کردار داواکارییه‌کانی خۆپیشانده‌رانیان جێبه‌جێ نه‌کردوه‌.
هاوکات دوێنێ (یه‌کشه‌ممه‌) ئه‌نجومه‌نی کاتی مه‌یدانی سه‌رای ئازادی له‌ راگه‌یه‌ندراوێکیدا ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌کرد، که‌ له‌گه‌ڵ یادکردنه‌وه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزدا، درێژه‌ به‌ خۆپیشاندانه‌کانیان ده‌ه‌ده‌ن.
Sbeiy.com © 2007