Print
 سه‌یدسادق؛ له‌ به‌رامبه‌ر جێبه‌جێ نه‌كردنی داواكاریه‌كانیان، هه‌ڕه‌شه‌ی‌ خۆپیشاندانی‌ به‌رفراوان ده‌كرێت
Wednesday, March 23, 2011

(سبه‌ی‌)
به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانیان، گروپی ده‌نگی خه‌ڵك ‌و گروپی فشار له‌ قه‌زای‌ سه‌یدسادق، 35 هه‌زار واژۆ كۆده‌كه‌نه‌وه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی‌ ئه‌وه‌ش ده‌كرێت ئه‌گه‌ر داواكاریه‌كانی‌ خه‌ڵكی شاره‌كه‌ جێبه‌جێ نه‌كرێت، خۆپیشاندانی‌ فراوان رێكده‌خه‌ن.
هێمن عه‌لی‌، ئه‌ندامی‌ گروپی‌ ده‌نگی‌ خه‌ڵك له‌ سه‌یدصادق به ‌(سبه‌ی‌) راگه‌یاند: بۆ جێبه‌جێكردنی‌ داواكارییه‌كانمان، رێكخراوه‌كانی‌ سه‌یدصادق له‌ هه‌ڵمه‌تێكدا ئێستا نزیكه‌ی‌ 35 هه‌زار واژۆیان كۆكردوه‌ته‌وه‌و به‌رده‌وامیش ده‌بین له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌.
وتیشی: كردنه‌وه‌ی كۆلێژ و ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ بۆ سه‌یدصادق و لابردنی سه‌رۆكی شاره‌وانی ‌و قائیمقام به‌شێكن له‌ داوكاریه‌كانمان.
ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ گروپی‌ ده‌نگ له‌ قه‌زای‌ سه‌یدسادق ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا: له‌ماوه‌ی‌ رابردودا 7 هه‌زار واژۆیان كۆكردوه‌ته‌وه‌و ئاراسته‌ی‌ وه‌زیری‌ خوێندنی‌ باڵا ‌و چه‌ند ناوه‌ندێكی‌ حكومیان كردوه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی‌ كۆلێژ، به‌ڵام هه‌تا ئێستا هیچ وه‌ڵامێكیان نه‌دراوه‌ته‌وه‌.
هێمن عه‌لی‌ ئه‌وه‌شی‌ وت: ئه‌گه‌ر داواكارییه‌كانمان جێبه‌جێ‌ نه‌كرێت، خۆپیشاندانی‌ گه‌وره‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ین.

 

Sbeiy.com © 2007